ده‌كرێ له‌بری ماسیی، حه‌بی رۆنماسی بخۆین؟

28-01-2017
زانا ئه‌حمه‌د
نیشانەکردن خۆراك، ماسی، ئۆمێگا-3
A+ A-

ماسی یەکێکە لە سوودبەخشترینى خۆراکەکان بە تەندروستیی مرۆڤ. ئەمەش بەهۆى ئەوەوە کە بڕێکى زۆر پڕۆتین، ڤیتامینەکان (بەتایبەت ڤیتامین دى)، یۆد و کۆمەڵێک کانزا لەخۆ دەگرێت. سەرباری ئەوەش بڕێکى زۆر (ئۆمێگا سێ)ى تێدایە.

ئۆمێگا سێ جۆرێکى چەورییە، چەند کاریگەرییەکى خوازراوى هەیە، لەوانە: کەم کردنەوەى (هەو کردن، چەوریی سیانى، خوێن مەیین، ناڕێک لێدانى دڵ)، هەروەها دابەزاندنى فشارى خوێن، کە گشت ئەمانە ڕۆڵی فرە کاریگەریان هەیە لە بەر گرتن لە جەڵتەى دڵ و مێشک.

 ماسی خواردن گەلێک سوودى دیکەشى بۆ تەندروستی هەیە، وەک ئەوەى: مێشک پووکانەوەى پەیوەست بە بەتەمەنداچوون خاو دەکاتەوە، پێشگیرى لە خەمۆکى و خەوزڕان دەکات، یارمەتیدەرە لە ڕێگرىکردن لە تووشبوون بە شەکرەى جۆرى یەک.

ماسی رێژەیەکى زۆر ڤیتامین (دی)ی تێدایە، بۆ نموونە خواردنى هەفتانەى نزیکەى 100 گرامێک ماسیی سەلەمۆن، تێکڕاى پێویستیی جەستە بەو ڤیتامینە پڕ دەکاتەوە.  جا کەسێک خۆى نەداتە بەر خۆر و ماسییش نەخوات (کە دوو سەرچاوەى سەرەکیی ڤیتامین (دی)ن)، چۆن تووشى کەمیی ڤیتامین دی و لێکەوتەکانى نابێت؟!

ماسی جۆرى زۆرە. گشت ئەو جۆرانە بەسوودن، بەڵام ئەوانەى کە زۆر چەورن، باشترن. چونکە ماسی چەند چەورتر بێت، ئەوەندە ئۆمێگا سێى زۆرترى تێدایە.

تاکە کێشەیەک لە ماسی خواردندا هی ئاماژە پێدان بێت، ئەوەیە کە لە هەندێک حاڵەتى زۆر دەگمەندا دەبێتە هۆى ژاراوى بوون بە (جیوە). ئەمەش بەتایبەت لە جۆرەکانى وەک (ساردین، سەلەمۆن) کە ڕێژەى زۆر جیوەیان تێدایە. بۆیە وا باشە منداڵان و ئەو ژنانەى دووگیانن یان بە نیازى دووگیان بوونن یانیش منداڵى شیره‌خۆریان هەیە، کەمتر دەم بۆ ماسی ببەن،  بە جۆرێک هەفتانە سێیەکى کیلۆیەک زیاتر نەخۆن.

ماسیی چەند بخورێت؟


کۆمەڵەى ئەمەریکیی بۆ نه‌خۆشییه‌كانی دڵ رێنمایی ئەوە دەدات کە هەفتانە لایەنیکەم دوو جار ماسی (بەتایبەتى ماسییە چەورەکان) بخورێت.  وا بکرێت، خزمەتێکى بەرچاوى دڵ دەکرێت، چونکە دەرکەوتووە ماسی خواردن هەفتەى دوو جار یان هەر هیچ نەبێت جارێک، مەترسیی مردن بە نەخۆشیی دڵ بە ڕێژەى 36% کەم دەکاتەوە.

خواردنى ماسیی دەریاش باشترە، چونکە ئەو ماسییانە زیاتر ئۆمێگا سێیان تێدایە بە چاو هی حەوز. هەر چەندە ئەمیش بەسوودە.  

شێوازى ئامادەکردنیش گرنگە، برژاندن زۆر باشترە لە سوور کردنەوەى ماسی. ماسیی زیندوویش باشترە لە هی بەستوو و قوتووبەند، بەتایبەت لەمەى دووەمیان، ئەوەش بەهۆى ئەوەى ماددەى پارێزه‌ر لەخۆ دەگرێت کە بۆ تەندروستى خراپە.

ئێستا وا باوە کە ئەوانەى دڵیان ماسی نابات، رێنمایی دەکرێن بەوەى دەحه‌بى رۆنى ماسی قوت بدەن، بەڵام ئەمە چیدى بنەمایەکى زانستیی نییە، چونکە دەرکەوتووە نەک هەر سوودیان بۆ تەندروستی نییە، بەڵکو لە هەندێک حاڵەتدا زیانیشیان هەیە.  

*د.زانا ئه‌حمه‌د خوێندکارى بۆرد لە پزیشکیی هەناو و شارەزایه‌ لە دروستیی خۆراک

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە