مرۆڤ بۆ ژیان، جگە لە ئاو، خۆراک و ئۆکسجین پێویستی بە خەو هەیە و یەک لەسەر سێی ژیانی مرۆڤ خەوە.
ماوەی پێویستی خەو لە کەسێکەوە بۆ کەسێكی دیکە و بەپێی تەمەن، شێوازی ژیان و تەندروستی جەستە دەگۆڕێت، بەڵام زۆربەی خەڵکی ئەو ماوەیە ناخەون کە پێویستییان پێیەتی، ئەمەش رەنگە بەهۆی خواردنی ئەو ماددانەی کە کافایینیان تێدایە، بەهۆی خواردنەوە وزەبەخشەکان، یاخود بەهۆی روناکییە دەرەکییەکان بێت.
پێویستی خەو بەپێی تەمەن
کۆرپەیەکی بچوکتر لە 3 مانگی پێویستی بە نزیکەی 14-17 کاژێر خەو هەیە، منداڵێکی تەمەن 4-11 مانگان پێویستی بە 12-15 کاژێر خەو هەیە، منداڵانی تەمەن نێوان 1-2 ساڵان پێویستیان بە 11-14 کاژێر خەو هەیە و منداڵانی پێش قوتابخانەی تەمەن لەنێوان 3-5 ساڵان پێویستییان بە 10-13 کاژێر خەوتن هەیە، هەروەک منداڵانی قوتابخانەی سەرەتایی تەمەن نێوان 6-13 ساڵان دەبێت 9-11 کاژێر بخەون، مێردمنداڵانیش لە تەمەنی 14-17 ساڵان 8-10 کاژێر خەویان پێویستە و گەنجانیش لە تەمەنی 18-25 ساڵان 7-9 کاژێر خەویان دەوێت و گەورەکان لە تەمەنی نێوان 26-64 ساڵان بەهەمان شێوە 8 کاژێر خەویان دەوێت، هەروەک پیرەکان کە لەسەرووی 65 ساڵانن پێویستیان بە 7-8 کاژێر خەو هەیە.
زانستی پزیشكی دەڵێت کوالێتی خەوی مرۆڤ راستەوخۆ کار لە شێوازی ژیان دەکات، بەجۆرێك خەوێکی رێک بۆ هەریەک لە تەدنروستی دەروونی، بیرکردنەوە، چالاکی رۆژانە و ئەنجامدانی کارەکان گرنگە.
خەوتن کاتێك نییە کە جەستەی مرۆڤ تێیدا بکوژێتەوە، کاتێک کەسێک پشوودەدات، مێشکی لە کارکردن بەردەوامە و چەندین کاری بایۆلۆجی ئەنجامدەدات، هەروەک خۆی بۆ رۆژێکی نوێ ئامادەدەکات.
چەند زانیارییەکی گرنگ دەربارەی کەمخەوی:
1- یەک کاژێر کەمتر خەوتن لە پێویستی جەستە کاریەگەری نەرێنی لەسەر ئیشوکاری رۆژانە نابێت
کاتێک کەسێک یەک کاژێر کەمتر لە کاتی پێویستی خۆی دەخەوێت، رەنگە کار لە کارەکانی رۆژانەی نەکات و تەواو خەواڵوو نەبێت، بەڵام دەبێتەهۆی لاوازی توانای بیرکردنەوە و سیستمی بەرگری دژی بەکتریاکان.
2- جەستەی مرۆڤ خۆی لەگەڵ خشتە جیاوازەکانی خەو رادەهێنێت.
زۆربەی خەڵکی دەتوانن کاتژێری بایۆلۆجی جەستەیان رێکبخەنەوە و بەگوێرەی پێویست رایبهێنن، رەنگە ئەمە زیاتر لە هەفتەیەکی پێویست بێت بۆ راهاتن لەگەڵ گۆڕانی شێواز و کاتی خەوتن، هەروەها بۆ گۆڕینی کاتی کارکردن بۆ شفتی شەوان.
3- چۆنییەتی خەوتن لە چەندێتی کاتی خەوتن گرنگترە
چەندێتی خەو گرنگە، بەڵام چۆنییەتی و جۆری خەو گرنگترە، هەندێک کەس شەوانە نزیکەی 8-9 کاژێر دەخەن، بەڵام لە رۆژدا هەست بە ئاسوودەیی ناکەن و هەر خەواڵوون، ئەمەش چونکە کوالێتی خەویان باش نییە.
4- خەوتنی کۆتایی هەفتە
خەوتنی کۆتایی هەفتە پشوویەکی زیاتر بە جەستە دەبەخشێت، بەڵام زۆرخەوتن لە رۆژانی پشوو، رەنگە ببێتەهۆی تێرخەوبوون، بەمەش شەوی دواتر کەمتر هەست بە خەواڵوویی دەکرێت و کەسەکە کاژێری بایۆلۆجی جەستەی تێکدەچێت.
کاریگەرییەکانی کەمخەوی لەسەر جەستە:
کاتێک کەسێک کاژێرەکانی خەوی تەواوناکات، ناتوانێت کاربکات، فێرببێت، گفتوگۆبکات، داهێنانبکات و بیربکاتەوە، هەروەک کەمخەوی وادەکات کەسێک لە رۆژدا هەست بە بێهێزی و بێئارەزوویی بکات و رەنگە ببێتەهۆی لاوازی توانای بڕیاردان و شیکارکردنی کێشەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ