رووداو - هەولێر
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28ی نیسانی 2016، نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان گەڕایەوە کوردستان، کە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی سەردانی وڵاتی بەریتانیای کردبوو.
ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی، گووتی سەردانەکەی ئەمجارەی رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لە مانگی سێپتەمبەری 2015، بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی بۆ بڕبڕەی پشتی بووە و دوای ئەوەی لە بەریتانیا چارەسەری سروشتی بۆ ئەنجامدراوە، ئێستا تەندروستی زۆرباشە و گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، نەوشیروان مستەفا داخورانی بڕبڕەکانی پشتی هەبووە و لە ساڵی 1987 لە نەمسا نەشتەرگەری بۆ ئەنجامدراوە، دواتر پزیشك داوای لێکردووە کە شێوازی ژیانی بگۆڕێت، بەڵام لەبەرئەوەی پابەندی رێنماییەکان نەبووە، بۆیە نەخۆشییەکەی سەری هەڵداوەتەوە.
نەوشیروان مستەفا، ئێستا لە 72 هەمین ساڵی تەمەنیدایە و ماوەیەکی زۆرە جگەرەدەکێشێت، کە ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆئەندامی هەناسە هەیە و هۆکارێکی سەرەکی هەوکردنی درێژخایەنی سییەکان و بۆڕییەکانی هەوایە. بەڵام دلاوەر حاجی عوسمان، هەڵسووڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت نەوشیروان مستەفا پێی گوتووە کە ئێستاش لە جگەرەکێشان بەردەوامە، بەڵام بەراورد بە پێش رۆشتنی بۆ بەریتانیا، تەندروستی زۆر باشە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ