رووداو-سلێمانی
دوو زانا لە زانکۆی ئەلبێرتای کەنەدا نەخشەی بۆماوەیی ڤایرۆسی تووشکەری ئاوڵە بڵاودەکەنەوە و دەبنە جێگەی رەخنەی چەندین نێوەندی زانستی.
هەردوو زانا دەیڤد ئیڤانس و رایان نویس لە دواژمارەی جۆرناڵی زانستی "پڵۆس وەن" نەخشەی بۆماوەیی ڤایرۆسەکەیان بڵاوکردەوە، ئەوە لەکاتێکدایە چەند دەیەیەکە بە فەرمی راگەیێندراوە کە کۆتایی بە نەخۆشییەکە هێنراوە و چیدیکە مرۆڤ تووشی ئەو نەخۆشییە نابێتەوە.
چەندین نێوەندی زانستی دژی ئەو هەنگاوەی دوو زاناکەن، چونکە ئاوڵە نەخۆشییەکی گواستراوەیە و دووبارە درووستکردنەوەی نەخشە بۆماوەییەکەی، رەنگە رۆژێک لە رۆژان بە درووستکردنەوەی ڤایرۆسەکە کۆتایی بێت.
درووستکردنەوەی ئەم ڤایرۆسە لە داهاتوو مەترسیداردەبێ، چونکە دوور نییە لایەنە ململانێکارەکان وەک بەشێک لە جەنگی بایۆلۆجی لە دژی یەکدیی بەکاریبهێنن و نەخۆشییەکە جارێکی دی لەنێو مرۆڤدا بڵاوببێتەوە.
ئاوڵە نەخۆشییەکی گواستراوەی ڤایرۆسییە، لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کارەساتی گەورەی ناوەتەوە، بەڵام هەڵمەتە جیهانییەکانی کوتان کۆتاییان بە نەخۆشییەکە هێنا، دواهەمین مرۆڤ ساڵی 1977 تووشی ئاوڵە بوو، ساڵی 1980 رێکخراوی تەندروستی جیهانیی بە فەرمی رایگەیاند کە ئیدی ئاوڵە کۆتاییهات و چیدیکە مرۆڤ تووشی ئەم نەخۆشییە نابێت!
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ