رووداو- سلێمانی
رێکخراوی تەندروستی جیهانی درووستکردنی دەرمانێکی نوێ بە شۆڕشێک پەسندەکات، چونکە ئەو دەرمانە نوێیە لە دۆخی ناهەمواری کەشوهەوا بۆ ماوەی دورودرێژ کارایی خۆی دەپارێزێ و ژیانی ملیۆنان خانم رزگار دەکات.
دەرمانە نوێیەکە رێگادەگرێ لە خوێنبەربوونی کاتی منداڵبوون، کە هۆکارێکی سەرەکیی مردنی خانمانە بەهۆی منداڵبوونەوە.
دەرمانەکە، کە بە (کارپیتۆسین) ناسراوە، پێداویستییەکی گرنگە بۆ ملیۆنان خانم لە سەرتاسەری جیهان.
ئەو دەرمانەی تاکو ئێستا بەردەستە، لە کەشوهەوای گەرمدا کارایی لەدەستدەدات، ئەوەش گرفتێکی گەورەیە لەو وڵاتانەی هەوایان گەرمە و کارەبای بەردەوام و ساردخانەی گونجاویان نییە.
خوێنبەربوونی منداڵبوون ساڵانە دەبێتەهۆی مردنی 70 هەزار خانم و ئەگەری مردنی کۆرپەش لە مانگی یەکەمی تەمەندا زیاددەکات.
رێکخراوی تەندروستی جیهانی رێنماییداوە کە هاموو خانمێک کە بە شێوەی سرووشتی منداڵی دەبێت، دەرزی (ئۆکسیتۆسین)ی لێبدرێت، بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری خوێنبەربوونی توند.
بەڵام دەرمانی (ئۆکسیتۆسین) تەنیا لە پلەی گەرمی نێوان 2-8 پلەی سەدیدا باشترین کارایی هەیە و دەبێ لە ساتی درووستکردن تاوەکوو بەکارهێنان لەو پلەیەدا پارێزراو بێت، ئەوەش ئاستەمە بۆ وڵاتانی گەرم و ئەوانەی کارەبای هەمیشەییان نییە.
دەرمانە نوێیەکە هەواڵێکی خۆشە
لە توێژینەوە نوێیەکەدا 30 هەزار خانم بەشدارییان کردووە و تێیدا بەشێکیان دەرمانەکەی ئێستا (ئۆکسیتۆسین) و بەشێکی دیکەیان دەرمانە نوێیەکە (کارپیتۆسین) یان بۆ کراوە.
لە ئەنجامدا دەرکەوتووە دەرمانە نوێیەکە (کارپیتۆسین) لە پلە گەرمییە جیاوازەکاندا کارایی خۆی پاراستووە و رێگەی لە خوێنبەربوونی توند گرتووە لەپاش منداڵبوون.
توێژەرەکان گوتوویانە دەرمانە نوێیەکە هەواڵێکی خۆشە بۆ خانمانی 90 وڵاتی جیهان، کە پێشووتر وەک پێویست سوودیان لە دەرمانی (ئۆکسیتۆسین) وەرنەدەگرت.
مەتین گۆڵمەز ئۆغڵو، یەکێک لە شارەزایانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، گوتوویەتی (کارپیتۆسین) لە کەشوهەوا گەرم و شێدارەکاندا کارایی خۆی دەپارێزێ و ئەوەش هەواڵێکی خۆشە بۆ خانمانی ئەو ناوچانەی جیهان کە ناتوانرێ کەشوهەوای گونجاو بۆ پاراستنی دەرمان بڕەخسێنرێ.
هەرچی تێدرۆس ئادهانۆم، بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی تەندروستی جیهانییە، ئەوە دەڵێ "ئەمە شۆڕشێکە لە تواناکانمان بۆ رزگارکردنی ژیانی دایکان و منداڵان".
رێکخراوە جیهانییەکە خوازیارە ساڵی داهاتوو دەرمانەکە بەردەست بێ بۆ ئەو ناوجانەی جیهان کە پێویستیانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ