چا بە رەنگی میز

31-05-2015
ئیکرام حوسێن
نیشانەکردن سیستمی تەندروستی
A+ A-

نازانم راستە یان نا، دەڵێن وەزیری تەندروستیی ئێستا كە پێشتر بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی سلێمانی بووە، كارمەندێكی تاقیگەیان لای ئەو تۆمەتبار كردووە بەوەی ئەنجامەكان دەنووسێ بێ ئەوەی تاقیكردنەوەیان بۆ بكات، بەڕێوەبەریش كەسێك دەنێرێت بە ( normal saline, distal water)، یەكێك لەو دوو شلەیەی پێدەبێت بۆ پشكنین كە گوایا میزە، دوو شلەكە یەكێكیان ئاوی پاڵێوراوە و ئەوی دیكەیان ئەو ئاوەیە لە كاتی پێویستیدا لەڕێگای كانۆلاوە بە نەخۆش دەدرێت، لە كۆتاییدا بەڕێوەبەر بۆی دەردەكەوێت كە كابرای تاقیگە فێڵبازە و سزاكەشی ئەوەندەی بیرم مابێت، گواستنەوەی دەبێت بۆ دەرەوەی شار.


ئەوەی كە رۆژنامەنووسێك چای دەبات بۆ تاقیگە لەجێی میز، بەو بیانووەی كە خەڵكی زۆر سكاڵایان لەلا دەكات، زۆر قسە هەڵدەگرێت. رۆژنامەنووسەكە لە كارەكەیدا هێندەی خەمی گەورەكردنی بابەتەكەی بووە، هێندە بیری لەوە نەكردووەتەوە زانستییانە كارەكە بكات كە هەر دەیكات، بۆ نموونە كێ لە پێكهاتەكانی چای دڵنیایە؟ ئەو دەبوو شتێكی بردبا بۆ پشكنین كە لێی دڵنیا بووایە، كاتێك بە زمانی شت گەورەكردن دەڵێیت چاییان لێبووە بە میز، لەوانەیە خەڵكی بە سەری خۆیاندا بكێشن، بەڵام لەڕاستیدا زۆر ماددە هەن لە میزدا كە لەوانەیە لە چایشدا هەبن، یان لەوانەیە لێكچوون لە نێوانی گەردیلەكانیاندا هەبێت لە ژێر گەردیلەبیندا، ئەو ئەگەرانە و ئەگەری دیكەش، لەوانەیە كاكی كارمەندی تاقیگە هەر بە چاو پشكنینی بۆ چایەكە كردبێت، بەڵام كاتێك لەو ئەگەرە دڵنیا دەبووین ئەگەر شلەیەكی دیاریكراوی باوەڕپێكراو ببرایەتە تاقیگە، نەك چای.
دەبوو بەشی بەڕێوەبردنی جۆرێتی ئەو كارەی رۆژنامەنووسەكە بكات، توانا و لێهاتوویی تاقیگە و پزیشكان هەڵبسەنگێنێ، بە تایبەتی لە نەخۆشخانەی فریاكەوتن كە فریای هەموومان دەكەوێت.


لە كاتی چوونە ژوورەوەی رۆژنامەنووسەكەدا، دیارە پزیشكە موقیمەكە چ قەرەباڵخییەكی لەسەرە، ئەوە لەوەتەی هەیە هەروایە، ئاخر دوو پزیشك رۆژانە پێشوازی لە نزیكەی 1500 نەخۆش بكەن، دەبێت بیشیكەن، هەر ئەوەندە دەتوانن،  ئینجا ئەنجامەكە بەو شێوەیە لە تاقیگە گەڕاوەتەوە، كاكی رۆژنامەنووسیش ئازاری (گورچیلە)ی هێندە زۆر بووە رووی لە تەواری كردووە، ئەو مادام بۆ تەقاندنەوەی بابەتێك رۆیشتووە، دەبوو بڵێ (ئێرە)م ئازاری هەیە، نەك (گورچیلە)م.


بە هەموو ئەو رەخنانەوە لەسەری هەیە، نەخۆشخانەی فریاكەوتن ماندووترین نەخۆشخانەیە، تەقینەوەیەك لە هەر شوێنێكی كوردستان ببێت، نەخۆشەكانی دەگەنە ئەوێ، پارساڵ دەستێكی قرتاویان بۆ پیاوەكەی شەقامی مەولەوی پێوەكردەوە كە كارێكی دەگمەن و مەحاڵ بوو، تۆ بۆ خۆشیی خۆت سەرخۆش دەبیت و تووشی رووداوی هاتوچۆ دەبیت، لەوێ لە ماوەیەكی كەمدا دەتبەنە هۆڵی نەشتەرگەری و جۆرەها نەشتەرگەریت بۆ دەكەن.


لە رۆژی پەرستاراندا سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا پێشانگایەكی كردبووەوە لە نەخۆشخانەی شار، هیوادارم بیری نەچووبێت و پرسیبێتی ئەمە بەشی فریاكەوتنی نەخۆشخانەیە، ئەی كوان نەخۆشەكانی؟ 
نەخۆشخانەی فریاكەوتن، دەبێت فریای نزیكەی دوو ملیۆن كەس بكەوێت، دەبێت فریای كارمەندەكانی نەخۆشخانەی شار بكەوێت كاتێك تووشی رووداوێك دەبن، دەبێت فریای نەخۆشەكانی نەخۆشخانەی فاروقیش بكەوێت كاتێك پارەیان پێ نامێنێ، كاتێك نەخۆشێك 35 ملیۆن دینار دەدات و ئیتر ئیفلاس دەكات، دەبێت نەخۆشخانەی فریاكەوتن وەریبگرێت، گەر هەموو نەخۆشخانە ئەهلییەكان و كلینیكە تایبەتییەكان دابخەیت، لەوانەیە رێژەی مردن كەم ببێتەوە، بەڵام نەخۆشخانەی فریاكەوتن فریای هەموومان دەكەوێت، بە تایبەتی لە رۆژی رەشەبادا كاتێك منداڵەكانمان دەڕۆنە شاری یاری، یان كاتێك یەك فلسیشمان پێ نەبێت، نەخۆشخانەی فریاكەوتن ماڵ و موڵكی هەژارانە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە