رووداو – هێڵسکۆم
پڕۆتین یەکێکە لە پێکهاتە بنەڕەتییەکانی جەستەی مرۆڤ، بەجۆرێک پێکهاتەی سەرەکیی خانەکانی لەشی مرۆڤە و ئەو ترشە ئەمینییانەش کە پڕۆتینەکان دەیبەخشن، وادەکەن جەستە لە چالاکییەکانی بەردەوام بێت.
خواردنی بەشێکی بەرچاوی خەڵکی لەسەر حیسابی پڕۆتین، پشکی شێری داوەتە کاربۆهێدرات و چەورییەکان.
کەمیی بەرچاوی پڕۆتین لە جەستەدا دەگمەنە و زیاتر لە چەند چین و توێژێکی دیاریکراودا روودەدات، وەکوو: ئانۆرێکسیا، شێرپەنجە، بەدخۆراکییەکی توند و سکچوونە درێژخایەنەکانی وەک کرۆنز.
بەڵام بەشێک لە خەڵکی خۆراکێکی ناهاوسەنگیان هەیە و پڕۆتینی پێویست ناخۆن، بە تایبەت رووەکخۆرەکان.
رووەکەکان نە هاوشێوەی بەرهەمە ئاژەڵییەکان پڕۆتین دەدەن، نە هەمان پرۆتینی کواڵیتی بەرزیان تێدایە.
لە ئەمریکا رێنمایی فەرمی هەیە هەر کەسێکی پێگەیشتوو بۆ هەر کیلۆگرامێکی جەستە رۆژانە 0.8 گرام پڕۆتین بخوات، بەڵام ئەوانەی وەرزشی لەشجوانی دەکەن پێویستە زۆرتر لەوە بخۆن.
ئەگەر هەست بەم نیشانانە دەکەی، ئەوە یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە وەکوو پێویست پڕۆتین لەژەمەکانتدا نییە:
1 - ئاسان ئێسکت دەشکێ:
پتەویی ئێسک تەنیا بە بڕی پێویستی کالسیۆم و ڤیتامین D نایەتە دی، بەڵکوو پڕۆتینیش رەگەزێکی پێویستە بۆ ئەو مەبەستە. نوێترین توێژینەوەی زانستی سەلماندوویەتى ئەو کەسانەی ژەمەکانیان بە پڕۆتین دەوڵەمەندن، ئێسکیان پتەوترە.
جگە لەوە، کاتێک لە خۆراکەوە بڕی پێویستی پڕۆتین وەرناگری، جەستە روو دەکاتە ئەو پڕۆتینەی لە جەستەدا هەڵگیراوە، وەکوو ئەوەی لە ماسولکەکاندا هەیە، ئەوەش ماسولکەکان دەپووکێنێتەوە. کاتێک ئێسک بە ماسولکەی پتەو و بەهێز پشتیوانی نەکرێ، لەگەڵ هەموو کەوتن و زەبرێکدا ئەگەری شکانی زیاد دەکات.
2- نینۆک و مووەکانت دەژاکێن:
پرۆتین پێکهێنەرێکی سەرەکی نینۆک و مووەکانە، بۆیە کەم وەرگرتنی پرۆتین لە خۆراکەوە، رەنگدانەوەی لەسەریان دەبێ و وادەکات ژاکاو و لاواز بن. ئەکادیمیای پزیشکانی پێست لە ئەمریکا دەڵێن ئەگەر کەسێک بۆ چەند مانگێک بەردەوام بێ لە کەم وەرگرتنی پڕۆتین، ئەوە قژی تەنک دەبێ، چونکە ژمارەیەکی بەرچاوی مووەکانی دەوەرن.
جەستە کاتێک پڕۆتینی پێویست لە خۆراکەوە وەرنەگرێت، ئەوە وەکوو رێوشوێنێکی خۆپارێزی و بۆ پاراستنی بڕی پڕۆتینی هەڵگیراوی جەستە، گەشەی مووەکان هێواش دەکاتەوە.
3- پووکانەوەی ماسولکە:
نەخواردنی بڕی پێویستی پڕۆتین، هانی جەستە دەدات ماسولکەکان شی بکاتەوە بۆ وەرگرتنی پرۆتینی هەڵگیراو. ئەوەش رێژەی ماسولکە لەچاو چەوریی جەستە کەم دەکاتەوە کە حاڵەتێکی ناتەندروستە.
4- هەست بە بێهێزی دەکەی:
ئەو کەسانەی پڕۆتین لە خۆراکەکانیاندا کەمە، لە درێژماوەدا زیاتر هەست بە ماندوویی دەکەن و خاو و خلیچکترن لە هەڵسوکەوتدا. ئەمە بەشێکی بەهۆی بچووکی و لاوازیی ماسولکەیە، بەڵام بەشێکی دیکەی بەهۆی کەمیی هیمۆگڵۆبینە لە خڕۆکە سوورەکاندا کە کاری گواستنەوەی ئۆکسجینە بۆ جەستە. دیارە کەمیی ئۆکسجین، هۆکاری بێهێزی و هەناسە توندییە.
5- زوو زوو هەڵامەت دەگری:
پرۆتین بەردی بناغەی دژە تەنەکانە کە لە پێکهاتە بنەڕەتییەکانی کۆئەندامی بەرگرین و ئەرکی قەڵاچۆکردنی بەکتریا و ڤایرۆسی نەخۆشخەر دەگرنە ئەستۆ. بۆیە کەم وەرگرتنی پڕۆتین وادەکات کۆئەندامی بەرگری بە کارایی جەنگی دژە میکرۆب نەکات و جەستە بە ئاسانی نەخۆشبکەوێت.



