رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزێکی باڵای ئەمریکا کە سەردانی بەیروتی کردووە، رۆژی پێنجشەممە راگەیاند کە واشنتن بیر لە دۆزینەوەی رێگایەک دەکاتەوە بۆ دیاریکردنی سنووری وشکانیی نیوان ئیسرائیل و لوبنان.
ئەیمس هۆکستەین، راوێژکاری باڵای جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا، هەمان ئەو باڵیۆزەیە کە ساڵێک لەمەوبەر، نێوەندگیریی لە نێوان ئیسرائیل و لوبناندا کرد بۆ ئەوەی لەسەر سنووری دەریایی نێوانیان بگەنە رێککەوتن.
هۆکستەین بێهیوابوونی خۆی لە کەمتەرخەمیی بەرپرسانی لوبنانی بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لە ئابووریی وڵاتەکەیاندا دەربڕی. دوای کۆتاییهاتنی سەردانە دوو رۆژییەکەی بۆ لوبنان لە ماوەیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر، سەرۆکی پەرلەمان و بەرپرسانی دیکەی لوبنان کۆبووەوە، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
پار لوبنان و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی هۆستکاین گەیشتنە رێککەوتنێک لەسەر سنووریی دەریایی نێوانیان کە رێگەی لە بەردەم دەرهێنانی گازی ناوچەکە خۆشکرد، کە زۆر کەس هیوای وابوو ببێتە دەروازەیەک بۆ لوبنان تاوەکو لە قەیرانە ئابوورییە سەختەکەی رزگاربێت. لەو کاتەوەی ئیسرائیل لە ساڵی 1948 دامەزرێنراوە، لوبنان و ئیسرائیل بە فەرمی لە جەنگدان.
هۆکستەین رۆژی پێنجشەممە بە رۆژنامەڤانانی گوت، گوێی لە بۆچوونەکانی حکومەتی لوبنانی گرتووە و دواتر سەردانی ناوچەی سنووریی کردووە "بۆ ئەوەی زیاتر بزانێت لە بەرای ئەوەی کە چ شتێک پێویستە بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجامێک."
هۆکستەین باسی لەوە کرد، ئێستا پلانی وایە گوێ لە بۆچوونی لایەنی ئیسرائیلی بگرێت و "هەڵسەنگاندنێک بکات ئەگەر ئێستا کاتە گونجاوەکە بێت و پەنجەرەیەکی دەرفەت هەبێت" بۆ گەیاندنی دوو وڵاتە دراوسێکە بە رێککەوتن لەسەر سنووری نێوانیان.
هۆکستەین گوتی: "ئەمریکا هەمیشە پاڵپشتی لەو شتانە دەکات کە دەبنە مایەی ئارامی و ئاسایش."
باخچەکانی شەبعا و کەفرشوبا لە جەنگی ساڵی 1967 لە لایەن ئیسرائیلەوە لە دەستی سووریا دەرهێنران کە بەشێکن لە بەرزاییەکانی جۆلانی سووریا کە ئیسرائیل لە ساڵی 1981ـەوە بە خاکی خۆیەوە لکاندوویەتی. حکومەتی لوبنانی دەڵێت، ئەو ناوچەیە لە بنەڕەتدا بەشێکە لە خاکی لوبنان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ