نەمر ئەلنەمر کە سعودیە لەسێدارەی دا کێ بوو؟

02-01-2016
هەڵات رێبوار
نیشانەکردن نەمر ئەلنەمر سعودیە لەسێدارەدان
A+ A-

رووداو - ئاژانسەکان 

رۆژی 2-ی کانوونی دووەم سعودیە لەسێدارەدانی نەمر باقر ئەلنەمر، زانایەکی ئایینی شیعەی سعودی راگەیاند. 

نەمر ئەلنەمر لەدایکبووی ساڵی 1959 بوو لە شاری عەوامیەی رۆژهەڵاتی سعودیە، بەهۆی وتارە ئایینییەکانییەوە کە تێیدا رەخنەی لە ئالی سعود دەگرت دەنگۆیەکی زۆری نایەوە، لەماوەی ژیانیدا بە تۆمەتی جیا جیا لە ساڵانی 2006، 2008 ، 2009 و 2014 دەستگیرکرا.

ئەو لە ساڵی 1980 سەردانی ئێرانی کرد و ماوەی 10 ساڵ لەوێ مایەوە، پاشان چووە سووریا. نەمر دوای گەڕانەوەی بۆ سعودیە بەوە ناسرا کە رەخنەی زۆر لە خێزانی شاهانەی سعودیە دەگرێت لە و، ساڵی 2009 رەخنەی زۆری لە حکومەتی سعودیە گرت و هەڕەشەی دامەزرادنی دەوڵەتێکی شیعەی کرد، بەو هۆیەشەوە دەستگیرکرا، بەڵام دواتر ئازاد کرا.
 
دوای ئەوەی شازادە نایف، کە لە ساڵی 1975-ەوە وەزیری ناوخۆی سعودیە بوو و پاشان لە 2011 بووە شازادەی جێنشینی سعودیە و لە ساڵی 2012 کۆچی دواییکرد، نەمر ئەلنەمر دڵخۆشی خۆی بە گیانلەدەستدانی ئەو ئەندامەی خێزانی شاهانەی سعودیە نەشاردەوە، ئەو تەنانەت لەسەر مینبەرەکەی لە ئەلقەتیف بەرگری لەو شیعانە کرد کە بەهۆی مردنی شازادە نایفەوە ئاهەنگیان لە سعودیە گێڕا و گوتیشی " بەپێی چ مافێک سەلمان ( شای ئێستای سعودیە) دەکرێتە جێنشین؟ لەهەمان کاتدا ئێمەش بەبێدەنگی دانیشتووین".

لە 15/10/2015 دادگای تاوانەکانی سعودیە سزای لەسێدارەدانی بۆ نەمر ئەلنەمر دەرکرد و ئەمەش چەندین کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و، لە ساڵی 2015 شێخ مەهدی ئەلسەمیدی، سەرۆکی دەستەی فەتوادان لە عێراق نامەیەکی بۆ شا سەلمانی شای سعودیە نارد و تکای لە شای سعودیە کرد نەمیر لەسێدارە نەدرێت و، گوتی " ئەگەر سعودیە فەرمانی لەسێدارەدانەکە جێبەجێ بکات ئەوا زیانێکی زۆر بە وڵاتەکەی و وڵاتانی دراوسێی دەگەیەنێت".

لە 29/10/2015 بان کی موون، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەهەمان شێوە داوای لە سعودیە کرد ئەو فرمانەی لەسێدارەدان جێبەجێ نەکات.

رۆژی شەممە 2/1/2016 هەواڵی لەسێدارەدانی نەمر ئەلنەمر لەرێگەی بەیاننامەیەکی وەزارەتی ناوخۆی سعودیە بڵاوکرایەوە. لەسێدارەدانەکەشی هاوکات بوو لەگەڵ سێدارەدانی 46 کەسی دیکە لە کەیسی پەیوەندیدار بە تیرۆر.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە