ئیسرائیل و ئەمریکا چۆن شوێنی عەلی خامنەییان دۆزییەوە؟

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبەر حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوو سەرچاوەی ئاگادار بە میدیایەکی بەریتانیان گوتووە، ئیسرائیل لە رێگەی هاککردنی تۆڕی کامێراکانی هاتووچۆی تارانەوە چاودێریی پاسەوانانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کردووە و لەو رێگەیەوە شوێنی خامنەیی دۆزیوەتەوە.
 
رۆژنامەی (The financial Times) ئەمڕۆ دووشەممە، دووی ئاداری 2026 راپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە باس لەوە دەکات، ئیسرائیل چۆن شوێنی خامنەیی دیاری کردووە. 
 
رۆژنامەکە دەڵێت، کامێراکانی هاتووچۆی ئێران بۆ چاودێریکردنی 'خۆپیشاندەران و نەیارانی وڵاتەکە بەکاردێن'، بەڵام مۆساد توانیویەتی ئەم کامێرانە دژی خودی وڵاتەکە بەکاربهێنێت.
 
دوو سەرچاوەی ئاگادار لە باباتەکە بە رۆژنامەکەیان گوتووە، ئیسرائیل چەند ساڵێک لەمەوبەر دەستی بەو کامێرانە گەیشتووە و بۆی دەرکەوتووە کە کامێرایەکی دیاریکراو بە جۆرێک ئاراستە کراوە کە شوێنی پارککردنی ئۆتۆمبێلی ئەندامانی تیمی پاسەوانی خامنەیی نیشان دەدات. لە رێگەی ئەو کامێرانەوە، هەواڵگریی ئیسرائیل فایل و زانیاری وردی لەسەر ناونیشانی ماڵەوە، خشتەی کارکردن و ئەو کەسانەی پاسەوانییان لێدەکەن، بۆ پاسەوانەکان دروست کردووە.
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئیسرائیل و ئەمریکا خزمەتگوزاری مۆبایلیان لە شەقامی "پاستۆر" لە تاران پەکخستووە (ئەو شوێنەی باس لەوە دەکرێت خامنەیی لێ کراوەتە ئامانج)، بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی هەوڵ دەدەن پەیوەندی بە پاسەوانەکانەوە بکەن و ئاگادارییان بکەنەوە، تەنیا هێڵی سەرقاڵ (busy signal)یان بۆ بچێت.
 
"ئێمە هێندەی قودس/ ئۆرشەلیم شارەزای تاران بووین"
 
بەرپرسێکی هەواڵگری ئیسرائیل بە فاینانشاڵ تایمزی گوتووە، "ئێمە هێندەی قودس/ ئۆرشەلیم شارەزای تاران بووین، کاتێک شوێنێک ئەوەندە شارەزای شوێنێک بیت، وەک ئەو شەقامەی لێی گەورە بوویت، هەست بە بچووکترین شت دەکەیت کە لە شوێنی خۆی نەبێت."
 
بەپێی گوتەی ئەو بەرپرسەی بۆ رۆژنامە بەریتانییەکە قسەی کردووە، ئیسرائیل ئامرازەکانی ژیریی دەستکرد (AI) و ئەلگۆریتمی پەرەپێدراوی بەکارهێناوە بۆ پۆلێنکردنی ئەو بڕە زۆرە لە داتایانەی لەسەر سەرکردایەتیی ئێران و جووڵەکانیان کۆی کردبوونەوە.
 
ئەمەش رێگەی پێداون شوێنپێی خامنەیی هەڵبگرن تاوەکو ئەو کۆبوونەوەیەی رۆژی شەممە کە تێیدا هێرشەکەی کرایە سەر، هەروەها مۆساد، دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل و سی ئای ئەی، دەزگەی هەواڵگریی ئەمریکا دڵنیا بوونەتەوە کە بەرپرسە باڵاکان لە رێگادان بۆ کۆبوونەوەکە. 
 
ئەو دوو سەرچاوەیە ئەوەشیان ئاشکرا کردووە، سی ئای ئەی سیخوڕیشی هەبووە کە زانیاری هەواڵگری سەرەکی بۆ دابین کردوون.
 
ئەمریکا و ئیسرائیل بەرەبەیانیی رۆژی شەممە هێرشیانکردە سەر ئێران، بەگوێرەی وێنەی مانگە دەستکردەکان، ماڵی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران پێکراوە. 
 
رۆژی دواتر، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانی راگەیاند.
 
سەرۆکی ئەمریکا دەڵیت، تاوەکو ئێستا 49 سەرکردەی باڵای ئێران کوژراون.
 
عەلی خامنەیی کێیە؟
 
ناوی تەواوی سەید عەلی حوسێنی خامنەییە و لە 19-04-1939 لە مەشهەد لەدایک بووە.
 
بە رەچەڵەک ئازەری زمان و خەڵکی شاری خامنەیە لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات.
 
خامنەیی خوێندنی ئایینی تەواو کردووە و پلەی مەرجەعی ئایینی هەبوو، خێزاندارە و باوکی چوار کوڕ و دوو کچە.
 
یەکێک بووە لە رێبەرانی ناڕەزایەتییەکان دژ بە دەسەڵاتی پاشایەتیی ئێران، لە سەردەمی پاشایەتیی ئێراندا لە 1963 تاوەکو 1977 چەندین جار دەستبەسەر کراوە. دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران لە ساڵی 1979 بووەتە ئەندامی ئەنجوومەنی شۆڕش.
 
ساڵی 1980 لە بازنەی تاران وەکو ئەندامی خولی یەکەمی پەرلەمانی ئێران هەڵبژێردراوە. لە 27-06-1981 لە هەوڵێکی تیرۆرکردن رزگاری بوو و بەهۆیەوە دەستێکی لەکار کەوت. 
 
لە 09-10-1981 تاوەکو 16-08-1989 سەرۆککۆماری ئێران بوو، لە ساڵی 1987 بووە یەکەم سەرۆکی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
 
لە ساڵی 1989ـوە جێگەی روحوڵڵا خومەینی گرتەوە و بووە رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران. 
 
خامنەیی لەلایەن دادگەی میکۆنۆسی ئەڵمانیاوە بە یەکێک لە بڕیاردەرانی تیرۆری د. سەعید شەرەفکەندی ناسێندراوە. ئەو بۆ ماوەی 36 ساڵ کەسی یەکەمی ئێران بووە و بەشێک لە شیعەکانی وڵاتانی دیکە بە رێبەری خۆیانی دەناسێنن. 
 
لەلایەن گۆڤاری فۆربزی ئەمریکی وەکو بە یەکێک لە بەهێزترین کەسانی جیهان ناسێنراوە. 
 
نووسەر بووە و چەندین بەرهەمی نووسین و وەرگێڕانی چاپ و بڵاوکردووەتەوە. 
 
لە سیاسەتی دەرەوەدا دژی رۆژئاوا بوو و باوەڕی بە هاوپەیمانی و نزیکایەتی لە رووسیا و چین هەبوو. هەڕەشەی لەنێوبردنی ئیسرائیلی دەکرد و رایگەیاندبوو ئامادە نییە پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا ئاسایی بکاتەوە. 
 
لە 28-02-2026 دوای هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کوژرانی راگەیاند. 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی وەزارەتی بەرگری قەتەر

قەتەر: دوو فڕۆکەی ئێرانمان خستنەخوارەوە

وەزارەتی بەرگریی قەتەر رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانیان بەرپەرچی هێرشێکی چڕی ئێرانیان داوەتەوە و توانیویانە چەندین فڕۆکە، مووشەک و درۆن تێکبشکێنن. دەشڵێت، هەموو ئامانجەکان پێش ئەوەی بگەنە ناوچە مەدەنییەکان، لەناوبراون.