باڵیۆزی ئێران لە عێراق: دەروازەیەکی نوێی سنووری لەنێوان مەیسان و ئیلام دەکرێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسانی پارێزگاکانی ئیلام و مەیسان بۆ کردنەوەی دەروازەی سنووریی چیلات لە دێلوڕانی رۆژهەڵاتی کوردستان گفتوگۆیان کرد. باڵیۆزی ئێران لە عێراق دەڵێت، ئامانج لە کردنەوەی دەروازە سنوورییەکە پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان بەغدا و تارانە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 02-10-2025، حەبیب زاهیر فەرتووسی، پارێزگاری مەیسان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کردنەوەی دەروازەی سنووریی ''چیلات''، سەردانی شاری دێلوڕانی رۆژهەڵاتی کوردستانی کرد و لەلایەن ئەحمەد کەرەمی، پارێزگاری ئیلامەوە پێشوازی لێکرا. 
 
محەممەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە عێراق کە لە دیدارەکەدا بەشدار بوو، بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند: ''لەلایەن هەردوو حکومەتەوە هەوڵێکی جیدی بۆ پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان هەیە و مەبەست لە کردنەوەی دەروازە سنوورییەکەش گەیشتن بەو ئامانجەیە.''
 
بەگوتەی محەممەد کازم ئال سادق، ئێران و عێراق 30 ملیار دۆلاریان وەک سەقفی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ساڵانەی نێوانیان دیاریکردووە و ''کردنەوەی دەروازەی سنووریی چیلات، لەو ئامانجە نزیکمان دەکاتەوە و پارێزگای ئیلام دەکاتە ناوەندێک بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی.''
 
باڵیۆزی ئێران لە عێراق جەختی لەوە کردەوە، ''بەڕێوەبردنی دروستی پڕۆژەکە دەبێتە هۆی بووژانەوەی ئابووری، رەخساندنی هەلیکار و پەرەپێدانی ژێرخانەکان کە کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر خۆشگوزەرانیی دانیشتووانی ناوچەکە دەبێت''.
 
دەروازەکە دەکەوێتە نێوان شارەکانی ''عەلی غەربی'' لە پارێزگای مەیسانی عێراق و دێلوڕان لە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە چوارچێوەی رێککەوتنی نێوان تاران و بەغدا، بە مەبەستی پەرەپێدانی هاوکارییە سنووری و ئابوورییەکان دەکرێتەوە.
 
تاوەکو ئێستا ئاماژە بە وادەی کردنەوەی فەرمیی دەروازەی سنووریی چیلات نەکراوە، بەڵام بۆ یەکەم جار ئەمڕۆ پارێزگاری مەیسان و شاندی یاوەری، پێیدا تێپەڕین.
 
پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵات کوردستان 430 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ عێراق هەیە کە 220 کیلۆمەتری کەوتووەتە سنووری شاری دێلوڕانی سەر بە پارێزگاکە.
 
دەروازەی سنووریی میهرانی تەنیا رێڕەوی هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانیی پارێزگای ئیلامە کە لە دیوی عێراقەوە دەکەوێتە سنووری پارێزگای واست و ناوی زڕباتیەیە.