ئێران: ئەگەر هێرشەکانی سەر غەززە رانەگیرێن فراوانبوونی شەڕ لە ناوچەکە بەهێزتر دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، "ئەگەر هێرشەکانی سەر غەززە بە زووترین کات رانەگیرێن، ئەگەری فراوانبوونی شەڕ لە ناوچەکە بەهێزتر دەبێت".
رۆژی شەممە، 2ـی کانوونی یەکەمی 2023 وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا تاوتوێی دوایین گۆڕانکارییەکانی غەززە و هاوکاری ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیان کرد.
بە گوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لەو پەیوەندییەدا حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان جەختی لە وەستانی شەڕی غەززە کردەوە و گوتی: "پێویستە بە زووترین کات هێرشە سەربازییەکانی رژێمی زایۆنی بۆسەر خەڵکی غەززە بوەستێن و رێگەی ناردنی هاوکاری مرۆیی بۆ غەززە بکرێتەوە".
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری لەبارەی راگواستنی زۆرەملێ و کۆچی بە ناچاری خەڵکی غەززە دا و گوتی، "ئەگەر ئەو هێرش و تاوانانە لە غەززە رانەگیرێن، ئەگەری پەلهاوێشتن و فراوانبوونی شەڕ لە ناوچەکە بەهێزتر دەبێت".
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان جارێکی دیکە دووپاتی کردەوە؛ "ئەمریکا هاندەر و پشتیوانی ئیسرائیلە بۆ هێرشکردنە سەر کەرتی غەززە و کوشتنی خەڵکی سڤیل."
شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە حەوتی ئۆکتۆبەر دەستپێکرد، هەر لە سەرەتای هێرشەکەوە ئێران پشتیوانی خۆی بۆ حەماس دەربڕی، بەڵام بە فەرمی رایگەیاند، لە پشت ئەو هێرشەوە نەبووە.
بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی تەندروستیی غەززە، سەروو 15 هەزار کەس لە غەززە، کە زۆربەیان هاووڵاتی سڤیلن بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون و لە ئیسرائیلیش زیاتر لە هەزار و 200 کەس کوژراون.
رۆژی 24-11-2023، ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە بە نێوەندگیریی قەتەر و میسر بۆ 4 رۆژ راگەیێندرا؛ دواتر دووجار درێژکرایەوە؛ جاری یەکەم 48 کاژێر و جاری دووەمیش 24 کاژێر.
لە ئاگربەستە حەوت رۆژییەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا 105 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانی ئازادکران و لە بەرامبەریشدا 240 زیندانیی فەلەستینی ئازادکران. بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، حەماس هێشتا 137 بارمتەی دیکەی لایە.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی، 1ـی کانوونی یەکەم، دوای ئەوەی ئاگربەستە کاتییەکەی نێوان حەماس و ئیسرائیل کۆتاییهات، سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە کەرتی غەززە دەستپێکردەوە.
بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی تەندروستیی غەززە، لە دوای کۆتاییهاتنی ئاگربەستەوە 240 هاووڵاتی فەلەستینی کوژراون و 650 کەسی دیکەش بریندار بوون.