رووداو دیجیتاڵ
بەحرێن رایگەیاند، چاوەڕێی هەڵوێستێکی یەکگرتووی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە لە دەنگدانی رۆژی هەینی دا، لەسەر پڕۆژەبڕیارێک بۆ پاراستنی کەشتیوانیی بازرگانی لە تەنگەی هورمز.
ئەمە لە گوتارێکی عەبدولەتیف زەیانی، وەزیری دەرەوەی بەحرێن دا هات، لە کۆبوونەوەیەکی ئاستبەرزی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دا کە یەکەمجارە لەبارەی هاوئاهەنگیی نێوان نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی هاوئاهەنگیی کەنداو بەڕێوەدەچێت.
لە 2ـی ئادار، ئێران رایگەیاند، جووڵەی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز بۆ ئەو کەشتی و نەوتهەڵگرانە سنووردار دەکات کە پەیوەندییان بە "دووژمنان"ـەوە هەیە، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ "دەستدرێژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل" کە لە 28ـی شوباتەوە بەردەوامە.
رۆژانە نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل نەوت بە تەنگەکەدا تێپەڕدەبێت، داخستنی بووەتە هۆی زیادبوونی تێچووی گواستنەوە و دڵنیایی و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و نیگەرانیی ئابووریی جیهانیی لێکەوتووەتەوە.
بەپێی ماڵپەڕی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ زەیانی، لە گوتارەکەی دا رایگەیاند، ئێران "تەنیا بە هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتانی ئەنجوومەنی هاوئاهەنگیی کەنداو و ئوردن وازی نەهێناوە، بەڵکو هەڕەشەی لە ئابووریی جیهان کردووە لە رێگەی داخستنی تەنگەی هورمز و کۆنترۆڵکردنی ئازادیی کەشتیوانی تێیدا. بەمەش ئاسایشی وزە و دابینکردنی خۆراک و بازرگانیی جیهانیی خستووەتە مەترسییەوە، کە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە."
ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی ئێستا سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات کە لە 15 ئەندام پێکدێت، پڕۆژەبڕیارێکی پێشکێشی ئەنجوومەنی ئاسایش کردووە لەبارەی "هەنگاوی ئێران بۆ کۆنترۆڵکردنی نایاسایی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی، کە ئەنجوومەنی رووبەڕووی ئاڵنگارییەک کردووەتەوە پێویستی بە هەڵوێستێکی توندە بەرامبەر بەم رەفتارە نایاسایی و نابەرپرسیارانە."
زەیانی روونیکردەوە، بەحرێن چاوەڕێی هەڵوێستێکی یەکگرتووی ئەنجوومەنەکەیە لە کۆبوونەوەی دەنگدان لەسەر پڕۆژەبڕیارەکە لە رۆژی هەینیدا.
ئاژانسی هەواڵی بەحرێن، لە زاری زەیانییەوە بڵاویکردەوە، پڕۆژەبڕیارەکە "بە شێوەیەکی دیاریکراو و تایبەت تیشک دەخاتە سەر پاراستنی مافی تێپەڕبوونی ترانزێت و رێگریکردن لە داخستنی نایاسایی ئەم رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییە گرنگە."
هەروەها گوتی، "ئامانجەکە پەرەسەندن نییە، بەڵکو کردنەوەی خوێنبەرێکی سەرەکیی ئابووریی جیهان و خۆلادانە لە قووڵبوونەوەی قەیرانەکە، هەروەها ئەم بڕیارە دەرگەی چارەسەری دیپلۆماسی داناخات، بەڵکو رێگەی بۆ خۆش دەکات لە رێگەی دانانی چوارچێوەیەکی یاسایی روون کە رێگە بە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لەسەر بنەمای پتەو دەدات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ