ئێران وڵاتانی سعودیە، ئیمارات، بەحرێن، ئوردن و کوێتی بۆردوومان کرد

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سعودیە، ئیمارات، بەحرێن، ئوردن و کوێت، رۆژی پێنجشەممە رایانگەیاند، لە چەند کاژێری رابردوودا رووبەڕووی هێرشی نوێی مووشەکی و درۆنیی ئێران بوونەتەوە.
 
سعودیە
 
وەزارەتی بەرگریی سعودیە، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، مووشەکێکی بالیستییان خستووەتە خوارەوە کە ئاراستەی ناوچەی رۆژهەڵات کرابوو. هەروەها لە چەند کاژێری رابردوودا 5 درۆنیشیان تێکشکاندووە. 
 
وەزارەتەکە شوێنی خستنەخوارەوەی درۆنەکانی دیاری نەکردووە و هیچ زانیارییەکی لەبارەی زیانەکان بڵاونەکردووەتەوە.
 
ئیمارات
 
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات، لە راگەیێندراوێکدا روونیکردەوە، بەرگریی ئاسمانییان رووبەڕووی 19 مووشەکی بالیستی و 26 درۆن بووەتەوە کە لە ئێرانەوە ئاراستە کرابوون. روونیکردووەتەوە، لە دەستپێکی "دەستدرێژییەکانی" ئێران لە 28ـی شوباتەوە، کۆی گشتی 457 مووشەکی بالیستی، 19 مووشەکی کروز و 2038 درۆنیان خستووەتە خوارەوە.
 
ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکان بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی دوو سەرباز و کارمەندێکی گرێبەست، هەروەها 9 هاووڵاتیی سڤیل گیانیان لەدەستداوە و 191ـی دیکەش برینداربوون کە خەڵکی وڵاتی جیاوازن.
 
بەحرێن
 
فەرماندەیی گشتیی هێزی بەرگریی بەحرێن (سوپا)، لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لە دەستپێکی "دەستدرێژییەکانی" ئێرانەوە، 188 مووشەک و 429 درۆنیان خستووەتە خوارەوە و تێکشکاندووە. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا، 2 مووشەک و 10 درۆنیان خستووەتە خوارەوە. 
 
فەرماندەییەکە داوا لە هەمووان دەکات، بۆ پاراستنی سەلامەتییان، زۆرترین رادە لە ئاگایی و وریایی بپارێزن و بە تەواوی لە شوێنە زیانلێکەوتووەکان و هەر تەنێکی گوماناوی دووربکەونەوە.
 
ئوردن
 
دەسەڵاتدارانی ئوردن رایانگەیاند، مووشەکێکیان خستووەتە خوارەوە و تێکشکاندووە کە لە ئێرانەوە ئاراستەی یەکێک لە پێگەکانی نێو شانشینەکە کرابوو. بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی رایگەیاند، لە 24 کاژێری رابردوودا مامەڵەیان لەگەڵ 4 راپۆرت لەبارەی کەوتنەخوارەوەی پاشماوە و پارچەی مووشەک کردووە، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و تەنیا زیانی ماددیی سنووردار هەبووە.
 
کوێت
 
وەزارەتی بەرگریی کوێت رایگەیاند، لە 24 کاژێری رابردوودا رووبەڕووی 2 مووشەک و 13 درۆنی "دووژمنکارانە" بوونەتەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، لە دەستپێکی گرژییەکانەوە، رووبەڕووی 664 درۆن، 312 مووشەکی بالیستی و 7 مووشەکی کروز بوونەتەوە.
 
لە 28ـی شوباتی رابردووەوە، وڵاتانی کەنداو و ئوردن رووبەڕووی هێرشی مووشەکی و درۆنیی ئێران دەبنەوە کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی چەندین کەس و زیان گەیاندن بە دامەزراوە سڤیلەکان، لەوانە فڕۆکەخانە، بەندەر و باڵەخانەکان.
 
تاران دەڵێت، ئەم هێرشانە "بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا" لە ناوچەکە دەکەنە ئامانج، وەک وەڵامێک بۆ "دەستدرێژیی ئیسرائیل و ئەمریکا."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە