رووداو- هەولێر
رەنگە باسی زۆر هۆكار كرابێ بۆ تووندوتیژییەكانی عێراق و سووریا، بەڵام كەم كەس باسی ئاو دەكات.
بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی گاردیان كە تێیدا رای شرۆڤەكاران وەرگیراوە، هەندێكیان ئەنجامی قەیرانەكانی ئەم دواییەی عێراق و سووریا بۆ ئەنجامی كۆنترۆڵكردنی ئاو لەلایەن گرووپە یاخیبووەكان لەو ناوچانە دەگەڕێننەوە.
مایكڵ ستیڤن، جێگری بەڕێوبەری پەیمانگای مەلەكی لە قەتەر گوتوویەتی "ستراتیژی كۆنترۆڵكردنی ئەو پارێزگایانە پەیوەستە بە كۆنترۆڵكردنی پاشەكەوتكردنی ئاو لەو ناوچانەدا." هەر بە قسەی ئەو شرۆڤەكارانە بە كۆنترۆڵكردنی ئاو لەلایەن گرووپە چەكدارەكانەوە دەتواندرێت كۆنترۆڵی بەغداد بكرێت.
هەروەك ئاشكرایە گرووپە یاخیبووەكان دەستیان گرتووە بەسەر دوو رووباری گەورەی عێراق كە دجیلە و فوراتن و لە تووركیاوە هەڵدەقووڵێن، هەموو عێراق و بەشێكی زۆری سووریا سوودی لێوەردەگرن بۆ خواردن و خواردنەوە و هەروەها بۆ بازرگانیش بەكاری دەهێنن.
مایكڵ ستیڤن ئاماژەی بەوەداوە كە "ئاو وەكو هۆكارێكی جەنگ بەكارهاتووە لەلایەن هەموو لایەنەكانەوە". ئەو گوتوویەتی "كۆنترۆڵكردنی سەرمایەكانی ئاو لە عێراق گرنگترە لە كۆنترۆڵكردنی بۆرییەكانی نەوت لەو ناوچانەدا بەتایبەت لە وەرزی هاویندا، كە بە بڕینی ئاو قەیرانی تەندروستی لێدەكەوێتەوە".
داعش ئێستا كۆنترۆڵی سەدەكانی سامەرای سەر رووباری دیجلەی كردووە لە رۆژئاوای بەغدا و دەورووبەری شاری موسڵ. بەڵام سەرووی ئەو رووبارە كە دەكەوێتە باشووری كووردستانەوە بەتووندی لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە كۆنترۆڵكراوە.
چەكدارانی داعش پاشەكەوتكردنی ئاویان كردە ئامانجێك بۆ ئاوارەكردن راگواستنی خەڵكی ئەو ناوچانە. بەڕای ماكۆ وسكی كە یەكێكی دیكەیە لە شرۆڤەكارەكان و قسەی بۆ گاردیان كردووە، گەڕانەوەی ئاو بۆ ئەو ناوچانەی لێان بڕاوە دەبێتە هۆكارێكی سەرەكی بۆ ئەوەی ئاوارەكان بگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان.
ستیڤین پێیوایە كە "تا ئێستا هیچ جەنگێك لەسەر پاشەكەوتكردنی ئاو هەڵ نەگيرساوە، بەڵام ئاو بووەتە هۆكارێكی سەرەكی بۆ هەموو قەیرانەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ