عادل ئەلجوبێر، هەڵۆیەکی دیپلۆماتكار

04-01-2016
هەڵات رێبوار
نیشانەکردن عادل ئەلجوبێر
A+ A-

رووداو - هەولێر 

عادل ئەلجوبێر، گەنجترین و بەرزترین دیپلۆماتكاری سعودیە، نەوەیەکی رۆژئاوا بە تامی عەرەبی. هەڵۆیەکی سەرکێش لە دژی ئێرانە و دۆستی بڕیاربەدەستانی واشنتنە، ئەو تاکە وەزیری دەرەوەی وڵاتانە کە لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە لە کۆشکی سپی پێشوازی لێکرابێت، هەرچەندە بەپێی پرۆتۆکۆلی دیپلۆماسیی کۆشکی سپی سەرۆک پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی وڵاتان ناکات.

عادل بن ئەحمەد ئەلجوبێر، باڵیۆزی پێشووی سعودیە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە ئێستا وەزیری دەرەوەی سعودیەیە، لە میدیاکاندا بەوە دەناسرێت کە ئەو پیاوی سعودیەیە لە رۆژئاوا و بەتایبەت لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

ئەلجوبێر، لەدایکبووی ساڵی 1962، مامی یەکێک بووە لە پیاوە بەنێوبانگەکانی دەوڵەت و لە ژیانیدا چەندین پۆستی گرنگی لە سعودیە وەرگرتوون، ماوەیەک وەزیری داد و ماوەیەکیش سەرۆکی ئەنجوومەنی شوورا بووە.

وەزیری دەرەوەی سعودیە لە ئەڵمانیا خوێندوویەتی و لەگەڵ باوکیشی لە باڵیۆزخانەی سعودیە لە ئەڵمانیا کاری کردووە، جارێكیش كە بە زمانی ئەڵمانی گوتاری پێشکەشکرد، میدیا عەرەبییەکانی شۆک کرد.




ئەو لە زانکۆی ساوس تێکساس لە ئەمریکا لە بەشی ئابووری و زانستە سیاسییەکان خوێندوویەتی، پاشان لە زانکۆی جۆرج تاون لە واشنتن ماستەری لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بەدەستهێناوە.

لە ساڵی 2006 سعودیە عادل ئەلجوبێری وەکو باڵیۆزی سعودیە لە ئەمریکا دامەزراند. لە کاتێکدا ئەلجوبێر باڵیۆزی سعودیە بوو لە ئێران بەهۆی گفتوگۆ و کۆبوونەوە بەردەوامەکانی لەگەڵ بەرپرسە ئەمریکییەکان پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و وڵاتەکەی پەرەپێدان.
.


مەنسور ئەربابسیار

لە  11/10/2015 حکومەتی ئەمریکا ئێرانی بە هەوڵدان بۆ کوشتنی جوبێر تۆمەتبار کرد . هەر ئەو رۆژەش باراک ئۆباما، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پەیوەندی بە جوبێرەوە کرد بۆئەوەی پاڵپشتی خۆی و وڵاتەکەی بۆ دەرببڕێت.

مەنسوور ئەربابسیار، ئێرانییەکی خاوەن رەگەزنامەی ئەمریکی بوو و، یەکێک لەو دوو کەسەی هەوڵی کوشتنی جوبێری دا، ئەو دوای دەستگیرکردن و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا، دانی بەوە دانا بەنیازبووە بە پلان و پارەی ئێران جوبێر بکوژێت. 30/5/2013 دادگای فیدراڵی نیویۆرک سزای 25 ساڵ زیندانی بەسەر مەنسووردا سەپاند.




لە ساڵی 2002 ئەلجوبێر خەڵاتی کەسایەتیی هەفتەی گۆڤاری تایمی ئەمریکی پێدرا، بەهۆی ئەوەی بەردەوام لە زانکۆکانی ئەمریکادا گوتاری پێشکەش دەكرد و، بە بەردەوامی لە میدیاکاندا دەردەكەوت.

لە ساڵی 2007 سەرۆکی ئیتاڵیا خەڵاتی کردووە و لە 2009 دا خەڵاتی باڵیۆزی ساڵی لەلایەن ئەمریکاوە پێبەخشراوە، بەهۆی ئەو رۆڵەی لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئەمریکا گێڕاویەتی لە ساڵی 2011 دا.

لە 29/4/2015 بە فەرمانی شای سعودیە ئەلجوبێر کرا بە وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە. لە دوایین دەرکەوتنیدا لە میدیاکاندا کە شەوی 3/1/2016 بوو، هەڕەشەی لە ئێران کرد و رایگەیاند " رێگە نادەین ئێران ئەمنی وڵاتەکەمان تێکبدات و، هاوکاریی ئەوانەش بکات کە هەڕەشەن لەسەر ئارامیی ناوچەکە".

ئەو گوتانەی وەزیری دەرەوەی سعودیە لەکاتێکدابوون رۆژی 2/1/2016،  سعودیە نەمر ئەلنەمر، کەسایەتی دیاری شیعەکانی بەتۆمەتی تیرۆر لەسێدارە دا، ئەمەش کاردانەوەی تووندی لە ئێران بەدوای خۆیدا هێنا و باڵیۆزخانەی سعودیە لە ئێران سووتێندرا. 

وەزیری دەرەوەی سعودیە شەوی یەکشەممە هەروەها پچڕاندنی هەموو پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئێران راگەیاند.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە