رووداو دیجیتاڵ
لە کۆتایی سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ سعودیە، هەردوو وڵات راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تێیدا پشتگیریی خۆیان بۆ هەنگاوەکانی حکومەتی سووریا و پاراستنی سەروەریی ئەو وڵاتە دەربڕی.
لە راگەیێندراوە هاوبەشەکەدا هاتووە، هەردوولا سەبارەت بە دۆخی سووریا "پێزانینیان بۆ هەوڵەکانی حکومەتی سووریا و ئەو هەنگاوە بەرپرسیارانانە هەیە کە بۆ پاراستنی ئاسایش، سەقامگیری و یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکەی گرتوونییەتەبەر،"
هەردوو وڵات داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش کرد، پشتگیریی حکومەتی سووریا بکەن.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، تورکیا و سعودیە پشتگیریی تەواوی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاگربەست و تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزەکانی حکومەتی سووریا دووپاتکردووەتەوە.
رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ حکومەتی راگوزەری سووریا، رۆژی هەینی رابردوو لە دیمەشق واژۆکرا.
بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکە تایبەت بوو بە هێرشەکانی ئیسرائیل و تێیدا هەردوو وڵات "سەرکۆنەی پێشێلکاری و دەستدرێژییە بەردەوامەکانی ئیسرائیلیان بۆ سەر خاک و سەروەریی سووریا کرد" و رایانگەیاند، ئەم کارانە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە و ژینگەیەک بۆ زیادبوونی تووندوتیژی دروست دەکات؛ هاوکات داوای کشانەوەی دەستبەجێی ئیسرائیلیان لە خاکی سووریا کرد.
سەبارەت بە جەنگی رووسیا و ئۆکراینا، ئەنقەرە و ریاز جەختیان لە گرنگیی گەیشتن بە "چارەسەرێکی گفتوگۆ لەسەرکراوی گشتگیر" کردووەتەوە، بە جۆرێک لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بگونجێت و ئاشتیی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا بچەسپێنێت.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، ئەردۆغان بانگهێشتی ئاراستەی شا سەلمان و شازادە محەممەد بن سەلمان کردووە بۆ ئەوەی سەردانی تورکیا بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ