تورکیا داوا لە هاووڵاتییانی دەکات سەردانی عێراق نەکەن
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی تورکیا لە بەغدا داوا لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات لە شوێنە قەرەباڵخەکان، بنکە سەربازییەکان و فڕۆکەخانەکانی هەولێر و بەغدا دووربکەونەوە.
باڵیۆزخانەی تورکیا لە بەغدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا لەبارەی دۆخی ئەمنیی عێراقەوە هۆشداریی دەداتە هاووڵاتییانی.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دۆخی ئەمنی عێراق راستەوخۆ کەوتووەتە ژێر کاریگەریی پێشهاتەکانی ناوچەکە و هەربۆیە هاووڵاتییانی تورکیا ئاگادار کراونەتەوە کە لە سەرتاسەری عێراق لە شوێنە قەرەباڵخەکان، گۆڕەپانەکانی خۆپێشاندان لە دەوروبەری ناوچەی سەوزی بەغدا و ئەو شوێنانەی هاووڵاتییانی بیانی لێیان کۆدەبنەوە، دووربکەونەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا بە هاووڵاتییانی تورکیا گوتراوە: "لەبەر ئەگەری چالاکبوونی سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە شوێنە کراوەکان، بەتایبەتی لە فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی بەغدا و هەولێر و دەوروبەریان، ناوچە نیشتەجێبووەکانی دەوروبەری موسڵ، بەسرە و کەرکووک، هەروەها لە بنکە سەربازییەکانی سەرتاسەری عێراق، بیرە نەوتەکان و ژێرخانە گرنگەکان دووربکەونەوە و زۆرترین بایەخ بە سەلامەتیی خۆتان بدەن."
باڵیۆزخانەی تورکیا ئەوەی بیرهێناوەتەوە کە لە 28ـی شوباتی 2026ـەوە ئاسمانی عێراق داخراوە و داوای کردووە هاووڵاتییان لە رێگەی وشکانییەوە بگەڕێنەوە تورکیا و دەڵێ: "رێگەی وشکانی لەنێوان وڵاتەکەمان و عێراق کراوەیە، دەروازەی سنووریی خابوور/ئیبراهیم خەلیل لە کارکردن بەردەوامە. هاووڵاتییانمان دەتوانن بە وریاییەوە و بەپێی رەوشی ئەمنی لە رێگەی وشکانییەوە بگەڕێنەوە. لەم کاتەدا بە گونجاوی دەزانین کە هاووڵاتییانمان سەردانی عێراق نەکەن."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، دەسەڵاتدارانی عێراق لە دەروازە سنوورییە وشکانییەکان دەستیان کردووە بە پێدانی "ڤیزەی ترانزێتی حەوت رۆژە" بەو هاووڵاتییانەی تورکیا کە لە وڵاتی سێیەمەوە دێن.
باڵیۆزخانەکە رایگەیاند، ئەو هاووڵاتییانەی تورکیا کە لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکەن، ئەگەر بیانەوێ دەتوانن سوود لەو دەرفەتە وەربگرن و لە رێگەی عێراقەوە بگەڕێنەوە تورکیا.