ئەردۆغان: سیاسەتی ئیسرائیل هەڕەشە لە ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکەمان دەکات

04-07-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا رەخنەی تووند لە ئیسرائیل دەگرێت و سیاسەتەکانی بە هەڕەشە بۆسەر ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە ناودەبات.
 
ئەمڕۆ هەینی 4ی تەممووزی 2025 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە 17ـەمین لووتکەی رێکخراوی هاریکاریی ئابووری لە شاری خانکەندی ئازەربایجان بەشداریی کرد.
 
ئەردۆغان باسی لە پێشهاتەکانی ناوچەکە، بەتایبەتی هێرشەکانی ئیسرائیل کرد و گوتی، "سیاسەتی شەڕەنگێزانەی ئیسرائیل کە دەسەڵاتدارانی ئێستا پەرەی زیاتری پێ دەدەن، هەڕەشە لە ئارامی و سەقامگیری ناوچەکەمان دەکات."
 
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، "ئێمە نە واز لە پشتیوانیکردنی دۆزی فەلەستین دێنین و نە لە ئاست هەوڵەکانی دەسەڵاتی نەتەنیاهوو بێدەنگ دەبین، کە دەیەوێت ناوچەکە بە لوبنان، سووریا و ئێرانەوە بکاتە گۆمی خوێن."
 
سەبارەت بە سووریا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، "ئەو قۆناخەی کە لە سووریا بەهۆی خەباتی چەندین ساڵەی خەڵک هاتووەتە ئاراوە، چرای هیوایە بۆ ناوچەکە. پێمان وایە لەم قۆناخە هەستیار و گرنگەدا پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوام بێت لە پشتگیری دارایی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەسەڵاتی نوێ بەرەوپێش ببات."
 
رێکخراوەی ھاریکاریی ئابووری
 
رێکخراوەی ھاریکاریی ئابووری (EİT) کە درێژەی رێڕەوی پلاتفۆرمی ھاریکاریی ھەرێمی بۆ پەرەپێدانی ئابووری (RCD) بوو، لە ساڵی 1964 لە ئیستەنبووڵ دامەزرا، کاتێک سەرۆککۆمار و سەرۆک وەزیرانی تورکیا، ئێران و پاکستان بۆ پەرەپێدانی ھاریکاریی ئابووریی ھەرێمی کۆبوونەوە و بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە، بەڵام دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1979 چالاکییەکانی خۆی ڕاگرت.
 
بە دەستپێکردنی گەشەی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ئەو سێ وڵاتە لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوودا، بڕیاردرا کە ھاریکارییەکە لەسەر بنەمای یاسایی RCD بەڵام بە ناوێکی جیاواز بەردەوام بێت. بەم شێوەیە بناغەی EİT لە ساڵی 1985 دانرا.
 
تورکیا، پاکستان، ئێران، ئەفغانستان، ئازەربایجان، ئۆزبەکستان، کازاخستان، کیرگیزستان، تاجیکستان و تورکمەنستان ئەندامن، قوبرسی باکووریش ئەندامی چاودێرە لە رێکخراوەی ھاریکاریی ئابووری (EİT). کۆبوونەوەی لوتکەی سەرۆککۆمارەکانی، دوو ساڵ جارێک رێکدەخرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە