10 رووداوی گرنگی شەڕی غەززە بزانە

رووداو دیجیتاڵ
 
زیاتر لە سێ مانگە شەڕی حەماس و ئیسرائیل لە غەززە بابەتی گەرمی جیهانە. ئەو شەڕە تائێستا بووەتە هۆی کوژرانی هەزار و 140 کەس لە ئیسرائیل و زیاتر لە 22 هەزار و 600 کەسیش لە غەززە، جگە لە برینداربوونی دەیان هەزار کەس و بێسەروشوێنبوونی سەدان کەس و بە بارمتە گرتنی دەیانی دیکە.
 
شەڕی غەززە لە 7-10-2023 دەستیپێکرد و تائێستا هیچ ئاماژەیەکی وەستان و ئاگربەست دیار نییە، لەوکاتەوە تا ئەمڕۆ 10 رووداوی گرنگ روویانداوە.
 
7ـی تشرینی یەکەم: هێرشی حەماس و دەستپێکی شەڕ
 
بەرەبەیانی 7-10 چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس بەناوی ئۆپەراسیۆنی"تۆفانی ئەقسا" هێرشیانکردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی ئیسرائیل و فێستیڤاڵێکی میوزیکی. بەگوێرەی حکومەتی ئیسرائیل، حەماس ئەو رۆژە 250 کەسی بە بارمتە گرت و زیاتر لە هەزار و 140 کەسی ئیسرائیلی و بیانی کوشت. 24 کاژێر دواتر ئیسرائیل بە ئۆپەراسیۆنی "شمشێری پۆڵایین" وەڵامی حەماسی دایەوە و بەڵێنیدا "لەناویان دەبەین".
 
 
13ـی تشرینی یەکەم: کۆچی بەکۆمەڵ لە باکوورەوە بۆ باشوور
 
دوای نزیکەی هەفتەیەک، لە 13-10-2023 ئیسرائیل بە چەندین رێگەی جیاواز داوای لە 1.1 ملیۆن دانیشتووی باکووری غەززە کرد، ناوچەکەیان جێبهێڵن و رایگەیاند، "هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل داوا لە دانیشووانی سڤیلی غەززە دەکەن بۆ ئەوەی سەلامەتییان پارێزراو بێت، روو بکەنە باشووری غەززە".
 
سوپای ئیسرائیل گوتی، "باکووری غەززە زۆنی شەڕە. تیرۆریستانی حەماس لەنێو تونێلەکان و لەژێر ماڵەکان خۆیان حەشارداوە".
 
چەند کاژێرێکی نەبرد، بە سەدان هەزار کەس ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشت و بە چەندین ئامرازی گواستنەوەی جۆراوجۆر روویان لە باشووری کەرتەکە کرد. ئەوکاتە، نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، 432 هەزار کەس ئاوارە بوون.
 
 
17ـی تشرینی یەکەم: هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەی ئەهلی
 
شەوی 17-10-2023 جیهان بە بیستنی هەواڵی هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەی ئەهلی عەرەب (مەعمەدانییە) شۆک بوو. تەندروستیی غەززە ئەوکات رایگەیاند، 500 کەس لەو هێرشە مووشەکییە کوژراون. ئیدی کاردانەوەکان دەستیان پێکرد.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، هێرشی سەر نەخۆشخانەکە "دوایین نموونەی هێرشەکانی ئیسرائیلە کە لە هەموو بەهایەکی مرۆڤایەتی داماڵراوە".
 
جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا گوتی، هێرشی سەر ئەو نەخۆشخانەیە "تۆقێنەرە و بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە".
 
میسر سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و گوتی، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەستبەجێ دەستوەردان بکات بە مەبەستی کۆتاییهێنان بەو  پێشێلکارییانەی دەکرێن. 
بەڵام هێزی بەرگریی ئیسرائیل گوتی، ئەو هەموو خەڵکە لە ئەنجامی مووشەکێکی گرووپی جیهادی ئیسلامی لە غەززە کوژراون. 
 
 
27ـی تشرینی یەکەم: یەکەم هێرشی زەوینی لە غەززە
 
رۆژی هەینی، 27ـی تشرینی یەکەمی 2023، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "بە بەشداریی سوپا و پاڵپشتیی فڕۆکە جەنگییەکان هێرشێکی زەوینی کورتخایەنمان کردووەتە سەر غەززە. هێرشەکە وەکو ئامادەکارییەک بوو بۆ هێرشی زەوینی فراوان بۆ سەر کەرتی غەززە."
 
نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوکات رایگەیاند، زیاتر لە 600 هەزار هاووڵاتی لە کەرتی غەززە بەهۆی بەردەوامیی تۆپبارانەکانی ئیسرائیلەوە ئاوارە بوون و روویان لە 150 پەناگەی دروستکراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کەرتەکە کردووە. لانیکەم تائێستا هەزار و 400 ئیسرائیلی و زیاتر لە 7 هەزار فەلەستینی کوژراون.
 
 
15ـی تشرینی دووەم: هەڵکوتانە سەر نەخۆشخانەی شیفا
 
رۆژی چوارشەممە، 15-11-2023، هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل رایانگەیاند، "بە پشتبەستن بە زانیارییە هەواڵگرییەکان، هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی ئامانجدار و ورد لەدژی حەماس لە چەند خاڵێکی دیاریکراوی نەخۆشخانەی شیفا ئەنجامدەدەن."
 
ئیسرائیل بە "گومانی هەبوونی نێوەندێکی فەرماندەیی حەماس لەژێر نەخۆشخانەکە" ئەو هێرشەی کرد و لە وەڵامدا حەماس رایگەیاند، "ئێمە، داگیرکەرەکان [ئیسرائیل] و بایدن بە بەرپرسی تەواوی هێرشەکەی سەر کۆمەڵگەی پزیشکیی شیفا دەزانین. ئەوە کۆشکی سپییە گڵۆپی سەوزی بۆ ئیسرائیل داگیرساندووە بە بیانووی ئەوەی چەکدار و چەک لەنێو نەخۆشخانەکە هەن، هێرش بکەن و کۆمەڵکوژیی زیاتر بکەن."
 
 
24ـی تشرینی دووەم: ئاگربەست، ئاڵوگۆڕکردنی بارمتە و بەندکراو
 
خۆشترین هەواڵی شەڕ لە 24-11-2023 بوو کاتێک حەماس و ئیسرائیل لەسەر ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی بارمتە و بەندکراو رێککەوتن.
 
لە کاروانی یەکەمدا بزووتنەوە فەلەستینییەکە 13 بارمتەی ئیسرائیلیی و ئیسرائیلیش 39 بەندکراوی فەلەستینی ئازادکرد.
 
چەکدارانی حەماس، لە دووەم رۆژی ئاگربەستە چوار رۆژییەکەدا، 13 بارمتەی ئیسرائیلی و چوار تایلاندیان ئازاد کرد، لە بەرامبەردا 39 زیندانی فەلەستینی لەلایەن ئیسرائیلییەوە ئازاد کران. 
 
لە کاروانی سێیەمدا سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "حەماس 17 بارمتەی رادەستی خاچی سوور کرد کە 14یان ئیسرائیلی، دوو تایلاندی و رووسییەکن." ئیسرائیلیش دیسان 39 بەندکراوی ئازادکرد.
 
دوای کۆتاییهاتنی ئاگربەسەتەکە، قەتەر نێوەندگیریی کرد و دوو رۆژی دیکە درێژکرایەوە.
 
لە کاروانی چوارەمدا، بەرپرسانی ئیسرائیل ئازادکردنی 33 بەندکراوی فەلەستینی و حەماسیش ئازادکردنی 11 هاووڵاتیی ئیسرائیلی راگەیاند، بەمجۆرە کۆی گشتی ئازادکراوەکان گەیشتە 69 بارمتە و 150 بەندکراو.
 
چەند خولەکێک پێش تەواوبوونی وادەی ئاگربەستەکە، رۆژێکی دیکەش درێژکرایەوە و چەند بارمتە و بەندکراوێکی دیکە ئازادکران. بەمجۆرە، لە ئاگربەستە حەوت رۆژییەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا، 105 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانی ئازادکران و لە بەرامبەریشدا 240 زیندانیی فەلەستینی لەلایەن ئیسرائیلەوە ئازادکران؛ هەروەها 750 بارهەڵگری هاوکاری چوونە نێو غەززە.
 
 
4ـی کانوونی یەکەم: تانکی ئیسرائیلی لە باشووری غەززە
 
هەرچەندە ئیسرائیل بە دانیشتووانی غەززەی راگەیاندبوو کە باشووری غەززە ئارامە و زۆنی شەڕ نییە، بەڵام لە 4-12-2023 هێرشێکی زەوینی بۆ ئەو ناوچەیەی فەلەستین کرد و چەندین کەس کوژران و بریندار بوون. سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومانی چڕی شاری خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە کرد. بەرپرسانی ئیسرائیل رایانگەیاند، ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندەکان و بارەگا هەستیارەکانی حەماس لە خان یونسن؛ هەروەها، زۆرینەی ئەو 137 بارمتەیەی لای حەماس ماون لەو شارەن؛ ئەوەش وایکردووە، لە 1ی مانگەوە ئامانجی سەرەکیی سوپای ئیسرائیل کۆنترۆڵکردنی ئەو شارە بێت.
 
 
8ـی کانوونی یەکەم: ڤیتۆی ئەمریکا
 
رۆژی 8-12-2023، بۆ تاوتوێکردنی بڕیارنامەی وەستاندنی جەنگ لە غەززە، ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک کۆبووەوە، بەڵام ئەمریکا دەنگی بە بڕیارنامەکە نەدا و ئەمەش کاردانەوەی لێکەوتەوە.
 
رۆبەرت وود، جێگری باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنجوومەنی ئاساییش گوتی، "ئەگەرچی ئەمریکا بەهێزەوە پشتیوانی لە ئاشتیێکی بەردەوام دەکات کە تێیدا ئیسرائیلی و فەلەستینییەکان بتوانن بە ئاشتی و ئارامی بژین، ئێمە پشتیوانی لە بانگەوازەکانی ئاگربەستی دەستبەجێ ناکەن. ئەمە تەنیا تۆوی جەنگی داهاتوو دەچێنێت، چونکە حەماس هیچ خواستێکی بۆ ئاشتیێکی بەردەوام لە پێناو چارەسەری دوو دەوڵەتدا نییە."
 
دوای دوو مانگی جەنگ، نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوئاهەنگی کاروباری ئابووری - ئۆچا رایگەیاند، 17 هەزار و 487 کەس لە غەززە و هەزار و 200 کەس لە ئیسرائیل کوژراون.
 
18ـی کانوونی یەکەم: هاوپەیمانێتیی دەریای سوور
 
حووسییەکانی یەمەن "وەک هاوسۆزییەک بۆ فەلەستین" دەستیان بە زنجیرە هێرشێک بۆ سەر چەند کەشتییەکی دەریای سوور کرد، ئەمریکا لە 18-12-2023 رایگەیاند، "بەهاوبەشیی فەرەنسا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، بەریتانیا، یۆنان، بەحرێن، هۆڵەندا و نەرویج هاوپەیمانێتیی پاراستنی ئاسایشی دەریای سوور و وەستاندنی هێرشەکان رادەگەنین."
 
حووسییەکانی یەمەن لە وەڵامدا گوتیان، هەر هێرشێک بکرێتە سەر هێزی دەریایی یەمەنی، وەڵاممان بۆی دەبێت.
 
 
2ـی کانوونی دووەم: کوژرانی ساڵح عاروری
 
رۆژی 2ی کانوونی دووەمی 2024، نووسینگەی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی لە گەڕەکێکی باشووری بەیرووت کرایە ئامانج، لە ئەنجامدا حەوت کەس کوژران و 11ی دیکەش برینداربوون.
 
دواتر حەماس رایگەیاند، ساڵح عاروری، جێگری ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس و شەش ئەندامی باڵای دیکەیان لەو هێرشەدا کوژراون، کە دوویان فەرماندە بوون لە کەتیبەکانی قەسام.
 
هەرچەندە ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی نەبوو، بەڵام میدیای فەرمیی لوبنان بڵاویکردەوە، "هێرشەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە بە درۆن کراوە، نووسینگەیەکی حەماسی کردووەتە ئامانج و تائێستا بەهۆیەوە حەوت کەس کوژراون و 11ی دیکەش بریندار بوون."