ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری ناردنی هاوکاریی زیاتری بۆ غەززە دا

22-12-2023
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاریدا هاوکاریی زیاتر رەوانەی غەززە بکرێت. ئەمریکا و رووسیا دەنگیان بە پڕۆژەیاساکە نەدا.
 
رۆژی هەینی، 22-12-2023، پازدە ئەندامەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوە و بە پەسندکردنی پڕۆژەیاسایەک، بڕیاردرا بۆ ناردنی هاوکاریی زیاتر بۆ غەززە.
 
پڕۆژەیاساکە دەنگی 13 ئەندامی بەدەستهێنا، ئەمریکا و رووسیا دەنگیان بە پڕۆژەیاساکە نەدا، بەڵام ڤیتۆشیان نەکرد.
 
ئەمریکا، رووسیا، چین، بەریتانیا و فەرەنسا ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانن و دەتوانن ڤیتۆی پڕۆژە یاساکان بکەن کە ئەو کارەش دەبێتە هۆی رەتکردنەوەی.
 
بەڵام لەگەڵ ئەوەش لیندا تۆماس گرینفیڵد، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، "بڕیارەکە هەنگاوێکی بەهێزە بۆ پێشەوە. ئەم ئەنجوومەنە دڵۆپێکی هیوای لە بەرامبەر دەریایەک ئازاردا بەخشی".
 
لە پڕۆژەیاساکەدا کە لەژێر ناونیشانی "رێڕەوی مرۆیی بەپەلە و درێژخایەن لە سەرانسەری کەرتی غەززە بۆ چەند رۆژێک بۆ ئەوەی بتوانرێت دەست بە هاوکاریی مرۆیی تەواو، خێرا، سەلامەت و بێ بەربەست بگات" پێشنیازکرابوو، هیچ بڕگەیەک باسی راگرتنی شەڕ و ئاگربەستی تێدا نەبوو.
 
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دوای کۆبوونەوەکە رایگەیاند، "کێشە سەرەکییەکە هێرشەکانی ئیسرائیلە کە ناهێڵێت بە تەواوی هاوکارییەکان دابەشبکەین".
 
قەیرانی برسێتی کارەساتبار
 
بڕیاری ناردنی هاوکاریی زیاتر لەکاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە 21ـی کانوونی یەکەمی 2023، رێکخراوی پۆلێنەکانی قۆناخی ئاسایشی خۆراک راپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە نێوەڕۆکەکەی پشڕاستکراوەتەوە و تێیدا هاتووە، لەو کاتەوەی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، دۆخی مرۆیی کەرتەکە بەردەوام بەرەو خراپی دەچێت. 
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، "ئەو خۆراک، ئاو و پێداویستییە پزیشکیانەی لە میسرەوە دەگەیێندرێنە غەززە 10٪ـی پێداویستییەکانی کەرتەکە پڕدەکەنەوە".
 
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، 577 هەزار کەس رووبەڕووی "قەیرانی برسێتی کارەساتبار" بوونەتەوە و بەدەست نەبوونی خۆراک و ئاوەوە دەناڵێنن.
 
 زیاتر لە نۆ هەفتەیە جەنگی گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل بەردەوامە. جەنگەکەش دوای ئەوە دەستیپێکرد کە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەم، حەماس ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "شمشێری ئاسنین"ـی راگەیاند، بەڵام دواتر بەرەی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و گرووپی جیهادی ئیسلامیش لە کەرتی غەززە چووە نێو شەڕەکە. تاوەکو ئێستاش هەوڵە نێودەوڵەتییەکان نەبوونەتە هۆی وەستاندنی جەنگەکە.
 
تەندروستی غەززە نوێترین ئاماری لەبارەی ژمارەی کوژراوانی غەززە لە جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە کراوە، زیاتر لە 20 هەزار هاووڵاتی لە کەرتی غەززە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون. بەگوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، لە 7ی تشرینی یەکەم کە حەماس هێرشیکردە سەر ئۆردووگە جوونشینەکانی نزیک غەززە، 1200 کەس کوژران.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە