دڵشاد شەهاب: هەرێمی کوردستان فاکتەری سەقامگیرییە بۆ وڵاتانی دراوسێ

05-05-2024
هیدایەت جان
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان.
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان وردەکاریی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران دەخاتەڕوو و دەڵیت: "سەرۆکی هەرێم دەیەوێ دووپاتی بکاتەوە کە هەرێمی کوردستان نابێتە فاکتەری هەڕەشە لەسەر بەرژەوەندیی دراوسێکانمان".
 
رۆژی یەکشەممە، 5ـی ئاداری 2024، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە سەنگەر عەبدولڕەحمان، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ تارانی راگەیاند: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەو بڕوایەدایە ستراتیجی هەرێمی کوردستان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ناوچەکە و وڵاتانی دراوسێ ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان فاکتەری سەقامگیریی بووە و هەر بەم شێوەیەش دەمێنێتەوە".
 
دڵشاد شەهاب دەڵیت: "پەیوەندییەکی مێژوویی لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران هەبووە، لە سەردەمی خەبات لە دژی دیکتاتۆری، ئێران پەناگەی هەزاران ئاوارەی عێراقی و کوردستانی بووە، بنکە و پەناگەیەکی بەهێزی ئۆپۆزیسیۆنی عێراق و هەرێمی کوردستانیش بووە تاوەکو رووخانی رژێمی دیکتاتۆر".
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان پێیوایە، "لە دەستپێکی ئازادیی هەرێمی کوردستاندا پەیوەندییەکی دۆستانە لەسەر بنەمای رێزگرتن لەگەڵ ئێران هەبووە، پەیوەندییەک کە بەرژەوەندیی هەردوولای تێدا پارێزراوبووە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەیەوێت بۆ دۆستانمان دووپات بکاتەوە کە وەکو هەمیشە هەرێمی کوردستان ئەم پێگەیەی پارێزراو دەبێت و هەر بە فاکتەری سەقامگیریی دەمێنێتەوە و نابێتە فاکتەری هەڕەشە لەسەر بەرژەوەندی دراوسێکانمان".
 
دڵشاد شەهاب لەبارەی لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و هەولێر گوتی: "کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئێمە دەوڵەتێکی گرنگە، سنوورێکی بەرفراوانمان لەگەڵ یەکتر هەیە، پەیوەندییەکی ئابووری و بازرگانی بەهێزمان لە نێواندا هەیە و پەیوەندییەکی دیپلۆماسی بەردەوامیشمان هەیە."
 
وەکو ئاماژەشی پێدەدات: "ئێران هێزێکی کاریگەرە لە ناوچەکە و کاریگەری لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستانیش هەیە، لە هەموو کاتە ناخۆشەکاندا وەکو دراوسێیەکی نزیک، یەکەمین پەیوەندیمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا بووە".
 
زیاتر لە دوو ساڵە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان ئاڵۆزیی تێکەوتووە، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەوبارەوە دەڵیت: "دراوسێیەتی و پەیوەندییەکان لەم ناوچەیەی ئێمە هەڵبەز و دابەز بەخۆیەوە دەبینێت، لە ماوەی رابردوو جۆرێک لە ساردیی لەم پەیوەندییەدا دروستبووە، دەمانەوێت لەم سەردانەدا دڵنیاییەک بدرێتەوە کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوانمان گەورەترن لەوەی ساردی بکەوێتە نێوانمان".
 
وەکو دڵشاد شەهاب باسی دەکات: "هەموو ئەو هێزە عێراقییانەی ئێستا لەنێو دەسەڵاتدان، پاشخانی پەیوەندییەکی توندوتۆڵیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە و ئەو حوکمڕانییەی ئێستا لە عێراق هەیە، رۆژێک لە رۆژان ئامادەکارییەکان بۆ لەدایکبوونی، لە تارانەوە کراوە، بێگومان ئێران دەتوانێت کاریگەریی هەبێت لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا".
 
کاژێر 18:30ـی ئەمڕۆ یەکشەممە بە کاتی هەولێر، به‌ بانگهێشتێكى فه‌رميى كۆمارى ئيسلاميى ئێران، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی تاران.
 
شاندی یاوەری نێچیرڤان بارزانی لە جێگرانى سه‌رۆكی هەرێمی کوردستان، وه‌زیری ناوخۆی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، سه‌رۆکی دیوانی سه‌رۆکایه‌تی و ژماره‌يه‌ك له‌ به‌رپرسانى هه‌رێمى كوردستان پێکدێت.
 
بڕیارە ئەمشەو، نێچیرڤان بارزانی لە تاران بمێنێتەوە و سبەی دووشەممە، لەگەڵ عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆمار و محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.
 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە