رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لەچوارچێوەی رێوڕەسمی حەج زیاتر 1.6 ملیۆن حاجی چوونە کێوی عەرەفە. ئەو رۆژە بەپێی ئایینی ئیسلام "باشترین رۆژە خۆری تێدا هەڵاتبێت."
موسڵمانان لە بەرەبەیانەوە روو دەکەنە کێوی عەرەفە و تاوەکو ئێوارە لەسەر کێوەکە دەمێننەوە، تێیدا نوێژ و نزا دەکەن و قورئان دەخوێنن.
عەرەفە یان عەرەفات، تاکە شوێنی حەجە کە دەکەوێتە دەرەوەی حەرەم و دەرەوەی شاری مەککە، ئەو کێوە بەرزییەکەی 70مەتر دەبێت. ئەمڕۆ بەهۆی زۆریی ژمارەی حاجییانەوە کە بە جلوبەرگی سپییەوە حەج دەکەن، کێوەکە رەنگی سپیی گرتووە.
عەرەفەی ئەم ساڵ لە رۆژێکی گەرم دابوو، بەپێی سەنتەری کەشوهەوای نیشتمانیی سعودیە، پلەی گەرما لە مەککە لەماوەی رۆژانی حەجدا لەنێوان 40 بۆ 45 پلەی سیلیزی بوو.
لە رۆژی عەرەفە، بەشێکی زۆری موسڵمانانی جیهان بەرۆژوو دەبن. بەڵام لەو رۆژەدا حاجییان بە رۆژوو نابن.