رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، تیمێکی تایبەتی بە دانوستاندن لە بارەی ئاگربەست لە غەززە رەوانەی قەتەر دەکات، بەڵام پێیوایە هەندێک لە داواکارییەکانی بزووتنەوەی حەماس بۆ رازی بوون بە ئاگربەست، "مایەی قبوڵکردن" نین.
رۆژی شەممە 06ی تەممووزی 2025، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، کە ئەمڕۆ یەکشەممە، تیمێکی دانوستاندن بەمەبەستی گفتوگۆکردن و رێککەوتن لەسەر ئاگربەست لە کەرتی غەززە، دەچێتە قەتەر بۆ قسەکردن لەسەر پێشنیازەکانی حەماس لەبارەی ئاگربەست.
لە راگەیێندراوەکەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلدا هاتووە، هەندێک لەو هەموارکردنەوەیەی حەماس لە رەشنووسەکەدا پێشنیازی کردووە، لەلایەن ئیسرائیلەوە قبووڵکراو نین.
دەستپێکردنی گفتوگۆکانی ئاگربەستی غەززە لە دۆحەی پایتەختی قەتەر لەکاتێکدایە، بڕیارە رۆژی یەکشەممە، نەتەنیاهوو، بەرەو ئەمریکا بەڕێبکەوێت و چاوەڕێ دەکرێت رۆژی دووشەممە لە کۆشکی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە کە مژاری سەرەکی کۆبوونەوەکەیشیان، ئاگربەستی غەززەیە.
رۆژی هەینی، چواری تەممووز حەماس رایگەیاند، وەڵامێکی "ئەرێنی" بۆ پێشنیازەکەی ئەمریکای بۆ ئاگربەست داوەتەوە کە بریتییە لە ئاگربەستێکی 60 رۆژی، لەو ماوەیەدا بە 5 قۆناخ؛ نیوەی بارمتە زیندووەکان و نیوەی بارمتە مردووەکان ئازاد بکرێن.
بەگوێرەی میدیای ئیسرائیلی، لەو هەموارکردنەوانەی حەماس پێشنیازی کردوون بریتییە لەوەی ئاگربەست بەردەوام دەبێت تاوەکو رێککەوتن دەکرێت لەسەر ئاگربەستێکی درێژخایەن. بەردەوامیی گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ دانیشتووانی غەززە لە رێگەی نەتەوە یەکگرووەکان و رێکخراوە خێرخوازییەکانی دیکە. خاڵی سێیەمیش، کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ ئەو ناوچانەی پێش ئاگربەستی تشرینی دووەمی پار رێککەوتنی لەسەر کرابوو.
لە راگەیێندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلدا هاتووە، وەڵامی ئیسرائیل بۆ ئەو پێشنیازانەی حەماس گەیێندراوەتە لایەنەکانی نێوەندگیر، ئەویش رازی نەبوونییەتی بە پێشنیازەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ