'مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق': بە مووشەکێکی نوێ هێرشمان کردە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا

رووداو دیجیتاڵ 

'مقاوەمەی ئیسلامی لە عێڕاق' رایگەیاند، بە مووشەکێکی نوێی مەودا مامناوەند، هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا، کە بە ئاراستەکار و بەڕێوەبەری شەڕی غەززە تۆمەتباری دەکەن.
 
شەوی دووشەممە، 6-11-2023، 'مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق' کە گرووپێکی چەکداری سەرکردە و پێگە نادیارە، لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی نوێترین هێرشەکانی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا رایگەیاند، "لەچوارچێوەی وەڵامدانەوەی تاوانەکانی داگیرکاریی زایۆنی لە هێرشەکانی بۆ سەر غەززە بە ئاراستە و بەڕێوەبردنی ئەمریکا، مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ئاشکرای دەکات ئەمڕۆ دووشەممە بۆ یەکەمجار مووشەکی مامناوەند مەودایان لە جۆری 'ئەقسا یەک' بەکارهێناوە."
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، "ئەو مووشەکە لە کردنە ئامانجی بنکەکانی داگیرکاری ئەمریکی لە عێراق و سووریا لە هەندێک لە چالاکییەکان بەکارهێنرا."
 
گرووپەکە هەر ئەمڕۆ دووشەممە لە راگەیێندراوێکی دیکەدا رایگەیاند، شەش هێرشیان کردووەتە سەر چوار بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا و هەرێمی کوردستان.
 
رۆژی دووشەممە، 6ـی تشرینی دووەمی 2023، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن بە میدیای ئەمریکای راگەیاند، لە 17ـی ئۆکتۆبەرەوە 38 جار لە عێراق و سووریا هێرشکراوەتە سەر هێزەکانیان و بەهۆیانەوە لانیکەم 45 سەرباز و کارمەندیان "بە سووکی" بریندار بوون. 
 
دوێنێ یەکشەممە، 5-11-2023، ئانتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە سەردانێک گەیشتە بەغدا و لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا سوپاسی پابەندیی ئیدارەکەی سوودانی کرد لە بەرامبەر هێرشەکانی ئەم دواییەی هێزەکانی ئەمریکا و گوتی، "من زۆر بە روونی گوتم ئەو هەڕەشە و هێرشانەی لەلایەن میلیشیا هاوپەیمانەکانی ئێرانەوە دەکرێن، بەهیچ شێوەیەک قبووڵناکرێت. ئێمە هەموو هەنگاوێکی گرنگ دەنێین بۆ پاراستنی خەڵکی خۆمان. ئێمە بەدوای کێشەوە نین لەگەڵ ئێران. ئێمە زۆر روون بووین لەو بابەتە و هەرکارێک دەکەین کە پێویست بێت بۆ پاراستنی کارمەند و سەربازەکانمان، سەرۆکوەزیرانیش لەو پەیامە زۆر روونبوو."