رووداو- بەیرووت
بەرەی نوسرە كوشتنی سەربازێكی بەدیلگیراوی لوبنانی بە ناوی عەلی بەزال، وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ دەسەڵاتدارانی لوبنان لە بەرامبەر دەستگیركردنی هاوسەری بەغدادی و سەركردەیەكی بەرەی نوسرە راگەیاند.
لە بەیاننامەیەكدا بەرەی نوسرە رایگەیاندووە، كوشتنی ئەو سەربازە لوبنانییە وەڵامدانەی سوپای لوبنانە، كە هاوسەری هەریەكە لە ئەبوبەكر بەغدادی، خەلیفەی داعش و سەركردەیەكی دیكەی بەرەی نوسرەی دەستگیركردووە.
بەیاننامەكە هۆشداری دەداتە دەسەڵاتدارانی لوبنان، كە ئەگەر لە ماوەیەكی دیاریكراودا ئەو دوو ئافرەتە ئازاد نەكەن، سەربازێكی دیكەی بەدیلگیراوی لوبنانی دەكوژن.
بەشێك لە بەرپرسانی ئەمنیی لوبنان پێیان وایە، دەستگیركردنی ئەو دوو ئافرەتە كاغەزێكی ئاڵوگۆڕكردن دەبێت لەگەڵ ئەو سەربازە لوبنانییانەی بەرەی نوسرە بەدیلی گرتوون.
عەلی بەزال دەبێتە چوارەم سەربازی لوبنانی بەدیلگیراو، كە لە مانگی ئابی رابردووەوە لەلایەن چەكدارانی بەرەی نوسرەوە كوژراوە، بۆ گوشار خستنە سەر دەسەڵاتدارانی لوبنان بۆ ئاڵوگۆڕكردنی دیلەكانیان.
سەرچاوە ئەمنییەكانی لوبنان رایانگەیاندووە، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی كوشتنی بەزال، خۆپێشاندەران رێگایەكی سەرەكی نزیك بەزالیا و عەرسالیان داخستووە و چەند چەكدارێكیش لەسەر ئەو رێگایە بینراون.
عەلی بەزال یەكێكە لەو 24 سەربازە لوبنانییەی لە هێرشێكی بەرەی نوسرە بۆ سەر شارۆچكەی عرسال لە مانگی ئابی رابردوو دەستگیركرابوون، تاوەكو ئێستاش چوار لەو سەربازانە كوژراون و بەرەی نوسرە لەهەوڵی ئەوەدایە رێککەوتنێک لەگەڵ سوپای لوبنان ئەنجامبدات و ئەو سەربازانە بە چەكدارە گیراوەکانی بگۆڕێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ