رووداو- هەولێر
پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆل)، یوسف قەرزاوی، بانگخواز و سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی خستە نێو لیستی داواكراوەكانی.
بە پێی راپۆرتێك، كە لە ماڵپەری فەرمی ئینتەرپۆل بڵاوكراوەتەوە، یوسف قەرزاوی، كە بەرەگەز میسرییە و هەڵگری رەگەزنامەی قەتەرییە، لەسەر داوایەكی دەسەڵاتدارانی ئێستای میسر و بە تۆمەتی هاندان و هاوكاریكردن بۆ ئەنجامدانی تاوانی كوشتنی بە ئەنقەست، هەروەها هاوكاریكردنی بەندكراوان بۆ راكردن لە بەندیخانە و سووتاندن و ئاژاوەنانەوە و دزیكردن تێیاندا، داواكراوە.
لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، كە هەركەسێك زانیاری لەسەر یوسف قەرزاوی هەیە، بە زووترین كات ئاگاداری نزیكترین بنكەی پۆلیس بكاتەوە.
یوسف قەرزای دوای لەسەر كارلادانی دەسەڵاتدارانی ئیخوان موسلمین لەلایەن سوپای میسرەوە و بە تایبەت لەلایەن عەبدولفەتاح سیسی، وەزیری ئەوکاتی بەرگری میسر و سەرۆكی ئێستای ئەو وڵاتە، بەردەوام رەخنە لە دەسەڵاتدارانی میسر دەگرێت و بە ستەمكار و كودەتاچی لەقەڵەمیان دەدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ