08-01-2020
17:50
ئەڵمانیا سەرکۆنەی هێرشکەی ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا دەکات
ئەڵمانیا: کار لەسەر ئەوە دەکەین دۆخەکە هێوربکەینەوە
ئەڵمانیا سەرکۆنەی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات و داوا لە ئێران دەکات خۆی لە هەر هەنگاوێکی دیکە بەدووربگرێت کە ببێتە هۆکاری گرژیی زیاتر.
هایکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە راگەیێندراوێکیدا رایگەیاندووە، ئێمە سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی عێراق کە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی لێن، دەکەین.
هەروەها وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاندووە، ئێمە داوا لە ئێران دەکەین کە خۆی لەهەر هەنگاوێک بەدووربگرێت کە لە ناوچەکەدا ببێتە هۆکاری گرژیی زیاتر.
هایکۆ ماس ئەوەیش خستووەتەڕوو، ئەڵمانیا لەگەڵ هەموولایەنەکاندا لە پەیوەندیی بەردەوامدایە و کار لەسەر ئەوە دەکات دۆخەکە هێوربکاتەوە.
17:39
یونامی: هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێر و ئەنبار تەنیا ئاگری شەڕ خۆشدەکەن
بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد وێنە: AP
رووداو - هەولێر
رێکخراوی بەرنامەی هاریکاریی نەتەوەیەکگرتووەکان (یونامی) رایدەگەیێنێت، هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر پارێزگای هەولێر و ئەنبار تەنیا ئاگری شەڕ خۆشدەکەن و پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراقیشە.
یونامی لە هەژماری خۆی لە تویتەر نووسیویەتی، "گرژیی بێهودە دەرەنجامی پێشبینیکراوی لێدەکەوێتەوە."
رێکخراوی بەرنامەی هاریکاریی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق دەشڵێت، داوا لە لایەنەکان دەکەین دان بە خۆیاندا بگرن و بەردەوامی بە گفتوگۆی نێوانیان بدەن.
یونامی ئاماژە بەوە دەکات، نابێت عێراق باجی شەڕە دەرەکییەکانی نێوان لایەنە دژبەیەکەکان بدات.
16:55
پنتاگۆن: ئێران بە مەبەست هێزی ئەمریکیی نەکردووەتە ئامانج
مووشەکێک لەکاتی هاویشتنیدا کە ئێران ئاراستەی هێزەکانی ئەمریکای دەکات وێنە: AFP
رووداو - هەولێر
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بە راگەیاندنەکانی وڵاتەکەی گوتووە، ئێران بە مەبەست هێزی ئەمریکای نەکردووەتە ئامانج و خۆی لە دەرەنجامەکانی پاراستەووە.
بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن، ئێران بە مەبەست هەندێ شوێنی هەڵبژاردووە بیانکاتە ئامانج تاوەکو هیچ سەربازی ئەمریکییان تێدا نەکوژرێن.
سەرچاوەیەکی پنتاگۆن بە راگەیاندنەکانی ئەمریکای گوتووە کە ئەمریکا هیچ سیستەمێکی بەرگریی مووشەکیی لە عەین ئەسەد و هەولێر جێگیرنەکردووە.
پاتریۆت و ئەڤێنجەر کە دوو سیستەمی دژەمووشەکن، لە شوێنەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیرکراون، بەڵام لەو دوو شوێنەی عێراق کە لەلایەن ئێرانەوە هێرشێان کراوەتە سەر، دانەنراون.
ئەو بەرپرسانە ئاماژە بەوەش دەکەن کە ئەمە ئاگادارکردنەوەیەک بوو لەلایەن ئێرانەوە بە مانای ئەوەی دەتوانن پێگەکانی ئەمریکا لە عێراق بکەنە ئامانج.
نیک رۆبێرتسن، شرۆڤەکاری سیاسیی ئەمریکی دەڵێت، "هەڵبژاردنی پێگەکانی ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەریان لەلایەن ئێرانەوە جوڵەیەکی دیپلۆماسیی ژیرانەی تارانبوو. ئەگەر ئێران بیویستایە ئەمریکییەکان بکاتە ئامانج، رێگەی ئاسانتر هەبوو موشەک ئاراستەی ئەو شوێنانە بکات."
رۆبێرتسن لە عێراق سەردانی بنکەی سەربازیی ئەسەدی کردووە و دەڵێت، پانتاییەکی فراوان لەنێو بنکە سەربازییەکە هەیە بۆ ئەوەی ئێران بتوانێت موشەکی تێنەگرێت.
16:07
سەرۆکایەتی کۆمار و پەرلەمانی عێراق سەرکۆنەی هێرشە موشەکییەکانی ئێران دەکەن
سەرۆکایەتی کۆمار و پەرلەمانی عێراق سەرکۆنەی هێرشە موشەکییەکانی ئێران دەکەن
سەرۆکایەتی کۆمار و پەرلەمانی عێراق لە دوو راگەیێندراودا سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن، رەتیدەکەنەوە سەروەری خاکی عێراق پێشێلبکرێت و وڵاتەکە بکرێتە مەیدانی پێکدادانەکان لەلایەن وڵاتانی بیانییەوە.
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە راگەیێندراوێکدا رەتیدەکاتەوە سەروەری خاکی عێراق پێشێلبکرێت و وڵاتەکە بکرێتە مەیدانی پێکدادانەکان لەلایەن وڵاتانی بیانییەوە.
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، ئیدانەی پێشلکارییەکانی ئێران دەکات و داوا لە حکومەتی عێراقی دەکات رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ راگرتنی ئەو جۆرە پەلامارانە.
هاوکات محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لەکاتێکدا ئیدانەی پێشلکارییەکانی ئێران دەکەین بۆ سەر سەروەری عێراق لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، بە هەمووشێوەیەک رەتیدەکەینەوە لایەنە ناکۆکەکان گۆڕەپانی عێراق بەکاربهێنن بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکانیان.
لە راگەیێندراوەکەیدا محەممەد حەلبووسی دەشڵێت، جارێکی دیکە داوا لە حکومەتی عێراقی دەکەین رێوشوێن و رێکاری سیاسی، یاسایی و ئەمنی پێویست بگرێتەبەر بۆ راگرتنی ئەو جۆرە پەلاماردانانە، کاریش بکات بۆ پاراستنی سەروەریی عێراق لە پێشلکارییەکان و دووخستنەوەی عێراق لەو ململانێیەی کە هەیە، تاوەکو عێراق نەبێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی کێشەکان و کوشتن وبڕین، یاخود ببێتە لایەنێک لە ململانێی هەرێمی یاخود نێودەوڵەتی.
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوا لە هەمووان دەکات دان بەخۆیان دابگرن و دانایی بەسەر هەمووشتێکدا زاڵ بکەن، هاوکات دووپاتیدەکاتەوە لە گرنگی یەك هەڵوێستی نیشتمانی و هاوسۆزی هێزە و چالاکییە نیشتمانییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییەکان و پاراستنی سەقامگیری وڵات و ئاسایش و بەرژوەندییەکانی و دوورخستنەوەی گەلی عێراق لە جەنگ.
14:42
رۆژنامەی کوەیت نیوز بڵاویکردووەتەوە کە هەژماری فەرمیی ئاژانسی کوەیت (کونا) هاککراوە و ئەو هەواڵەشی سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە کوەیت بڵاوکراوەتەوە راست نییە.
پێشتر ئاژانسی فەرمیی کوەیت لە چەند توویتێکدا کە ئێستا سڕاونەتەوە لە زاری وەزیری بەرگریی کوەیتەوە بڵاویکردبووەوە، وەزیری بەرگریی کوەیت نامەیەکی فەرمی پێگەیشتووە کە دەڵێت لە ماوەی سێ رۆژدا تەواوی سەربازانی ئەمریکا لە کوەیت دەکشێنەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران رووی لە هەڵکشان کردووە، بەشێوەیەک کە هێرش دەکەنە سەر بنکە و بارەگاکانی یەکتری و هەڕەشەی راستەوخۆ لەیەکتری دەکەن.

14:38
گوتەبێژی عەبدولمەهدی: مووشەکەکان ئاراستەی بنکەی عەین ئەسەد و بنکەی هەریر کراون
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، مووشەکەکانی ئێران ئاراستەی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عەین ئەسەد و بنکەی هەریر لە هەولێر کراون.
گوتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، کەمێک دوای نیوەشەو بەشێوەیەکی زارەکی نامەیەکی فەرمییان لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پێگەیشتووە کە دەڵێت "وەڵامی ئەو وڵاتە بۆ تیرۆرکردنی شەهید قاسم سولەیمانی دەستیپێکردووە یان کەمێکی دیکە دەستپێدەکات. ئەوەش کە هێرشەکە سنووردار دەبێت و تەنیا ئەو ناوچانە دەکاتە ئامانج کە هێزی ئەمریکی تێدایە لە عێراق، بەبێ ئەوەی بنکەکان دیاریبکرێت".
گوتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت "هەر لە هەمان کاتدا تەلەفۆنێکمان لەلایەن ئەمریکاوە بۆ هات، لەو کاتەدا مووشەکەکان دەکەوتنە خوارەوە بەسەر بەشی تایبەتی هێزەکانی ئەمریکا لە هەردوو بنکەی عەین ئەسەد لە ئەنبار و بنکەی هەریر لە هەولێر و ناوچەی دیکەش".
وەک لە راگەیێدراوەکەدا ئاماژەی پێکراوە و هاتووە "تاوەکو ئێستا هیچ راپۆرتێکمان لەبارەی زیانی گیانی هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی هاوپەیمانان پێنەگەیشتووە".
گوتەبێژەکە دەشڵێت، عێراق دژی پێشێلکردنی سەروەری وڵاتەکەیە و بە تەواوی هەوڵدەدات بۆ ئەوەی رێگری بکات لە تەشەنەسەندنی دۆخەکە.
13:50
هێڵی ئاسمانیی فەرەنسا گەشتەکانی بۆ ئاسمانی ئێران و عێراق هەڵپەسارد
بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکە، هێڵی ئاسمانیی فەرەنسا گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ ئاسمانی ئێران و عێراق هەڵپەسارد.
گوتەبێژی هێڵی ئاسمانیی فەرەنسا رۆژی چوارشەممە 8-1-2020 رایگەیاند، وەک گرتنەبەری چەند رێکارێکی خۆپارێزی لەدوای هێرشە مووشەکییەکانی ئێران، بڕیاریانداوە گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ ئاسمانی عێراق و ئێران هەڵپەسێرن.
گوتەبێژی هێڵی ئاسمانیی فەرەنسا ئاماژەی بەوە کردووە، هەڵپەساردنەکە تاوەکو ئەو کاتە دەبێت کە دڵنیادەبنەوە و ئاسمانی ناوچەکە سەلامەت دەبێت بۆ گەشتە ئاسمانییەکانیان.
بەدەر لە هێڵی ئاسمانیی فەرەنسا، هاوکات هێڵی ئاسمانیی لۆفتهانزای ئەڵمانی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆسەر ئاسمانی عێراق و ئێران وەستاندووە؛ هاوکات هێڵی ئاسمانی فلای دوبەی و ئیماراتیش گەشتەکانیان بۆ بەغدا هەڵوەشاندووەتەوە.
13:38
حکومەتی ئیسپانیا رایگەیاند، بەشێك لە هێزەکانی لە عێراق دەباتە دەرەوە و لە کوەیت جێگیریان دەکات.
کارمن کاڵڤن، جێگری سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا رایگەیاند "بەهۆی گرژییەکانی ئێستای ئەمریکا و ئێران، بڕیاریانداوە بە بردنە دەرەوەی بەشێك لە هێزەکانیان لە عێراق و جێگیرکردنیان لە کوەیت".
کشانەوەی بەشێك لە هێزەکانی ئیسپانیا کە بەشێکن لە هێزی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، دوای ئەوە دێت کە شەوی رابردوو ئێران بە 12 مووشەکی کورت مەودا، بنکەی سەربازیی عەین ئەسەدی لە ئەنباری کردە ئامانج و دوو مووشەکیشی ئاراستەی هەرێمی کوردستان کرد کە یەکێکیان لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر کەوتەخوارەوە و مووشەکەکەی دیکەش لە نزیک قەزای بەردەڕەش سەر بە پارێزگای دهۆک کەوتە خوارەوە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێكی مرۆیی و ماددییان لێبکەوێتەوە.
13:05
قەیس خەزعەلی: ئێستا کاتییەتی عێراق وەڵامی کوشتنی ئەبومەهدی موهەندیس بداتەوە
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهل حەق
ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهل حەق رایگەیاند، ئێستا کاتی ئەوەیە عێراق وەڵامی کوشتنی ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بداتەوە.
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهل حەق لە توویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی توویتەر رایگەیاند "ئێران یەکەمین وەڵامی کوشتنی قاسم سولەیمانی دایەوە، ئێستاش کاتی ئەوەیە عێراق وەڵامی کوشتنی ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بداتەوە".
قەیس خەزعەلی دەڵێت "عێراقییەکان خاوەن کەسانی ئازا و بەغیرەتن، وەڵامدانەوەشیان کەمتر نابێت لە قەبارەی وەڵامەکەی ئێران، ئەمەش بەڵێنە".
12:18
وەزیرێکی ئیمارات: ئەگەر کارەسات روونەدات پێشبینی کورتهێنانی نەوت ناکەین
سوهەیل مەزرووعی، وەزیری وزەی ئیمارات. وێنە: AFP
دوای هێرشەکەی ئێران بۆ سەر دوو بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە ئەنبار و هەولێر، وەزیری وزەی ئیمارات رایگەیاند ئەگەر کارەسات روونەدات پێشبینی کورتهێنانی هەناردەی نەوت ناکەن.
سوهەیل مەزرووعی، وەزیری وزەی ئیمارات ئەمڕۆ چوارشەممە 8-1-2020 لە پەراوێزی کۆنگرەیەک لە ئەبوزەبی رایگەیاند "هیوادارم گرژیی زیاتر لە ناوچەکە روونەدات و پێشبینی ناکەم کورتهێنان لە هەناردەی نەوت رووبدات، ئەگەر دوای هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کارەساتێک روونەدات".
سوهەیل مەزرووعی راشیگەیاند "ئێستا نەوتی زۆر لە بازاڕدا هەیە، پێشبینی مەترسیی کوتوپڕ لەسەر کاروانەکانی نەوت لە گەرووی هورمز ناکەین و پێویستە زیادەڕەوی نەکرێ. ئەو رەوشەی ئێستا هەیە جەنگ نییە و ئۆپێک ئێستا هیچ هەنگاوێک تاوتوێ ناکات، بەڵام سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی رەوشەکە دەبێ لە ئەگەری سەرهەڵدانی کورتهێنان لە هەناردەی نەوت".
وەزیری وزەی ئیمارات جەختی لەوە کردەوە کە "ئۆپێک خێرا کاردانەوەی دەبێ بۆ پڕکردنەوەی هەر کورتهێنانێک لە هەناردەی نەوت ئەگەر پێویست بکات، بەڵام ئێمەش سنووری خۆمان هەیە بۆ پڕکردنەوەی هەر کورتهێنانێک لە نەوت، چونکە ناتوانین هەموو کورتهێنانێک بە نەوتی زیادەی خۆمان پڕبکەینەوە".
12:11
باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق: ئێران سەروەری عێراقی پێشێلکردووە
مارتین هەس، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق
باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق ئاماژە بەوە دەکات، ئێران سەروەریی خاکی عێراقی پێشێلکردووە و دەڵێت، عێراق شایستەی ئەوە نییە ببێتە قوربانی شەڕ و ناکۆکی ئەوانی دیکە.
مارتین هەس، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق لە توویتێكدا رایگەیاند "ئێران بە هێرشەکەی بۆسەر بنکەی عەین ئەسەد، سەروەری عێراقی پێشێلکردووە، ئەوەش لەدوای ئەوە دێت کە عێراق بەهۆی هێرشەکەی ئەمریکا لە 3-1-2020، رایگەیاند کە سەروەری خاکەکەی پێشێلکراوە".
11:39
بەریتانیا: داوا لە ئێران دەکەین ئەم هێرشە مەترسیدارانە دووبارە نەکاتەوە
دۆمەنیک راب، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا. وێنە: AP
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق دەکات و هاوکات نیگەرانیی خۆی لەبارەی ئەو راپۆرتانە دەربڕی کە باس لە زەرەر و زیانەکانی هێرشەکان دەکەن.
دۆمەنیک راب، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رۆژی چوارشەممە 8-1-2020 لەبارەی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران رایگەیاند ''ئێمە ئیدانەی هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکانی عێراق دەکەین کە هێزەکانی هاوپەیمانان، لە نێویاندا هێزەکانی بەریتانیای تێدا جێگیرین".
راب ئاماژەی بەوە کردووە ''ئێمە نیگەرانین سەبارەت بەو راپۆرتانەش کە باس لە هەبوونی قوربانی لە هێرشەکان دەکەن و داوا لە ئێران دەکەین کە ئەم جۆرە هێرشە کەمتەرخەم و مەترسیدارانە دووبارە نەکاتەوە و دۆخەکە بەرەو هێوربوونەوە ببات".
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا راشیگەیاندووە، هەڵگیرساندنی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتەنیا لە قازانجی داعش و گرووپە تیرۆرستییەکانی دیکەدایە.
11:36
هیندستان و پاکستان لەسەر دۆخی عێراق هۆشداری دەدەنە هاووڵاتییەکانیان
بەهۆی گرژییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە و هێرشەکانی ئێران بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، وەزارەتی دەرەوەی هیندستان داوا لە هاووڵاتییانی دەکات خۆیان لە سەردانی ناپێویست بۆ عێراق بەدووربگرن.
وەزارەتی دەرەوەی هیندستان رۆژی چوارشەممە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، داوا لە خەڵکی وڵاتەکەی دەکات خۆیان لە سەردانکردنی ناپێویست بۆ عێراق بەدووربگرن و داواش لە هیندییەکانی عێراق دەکات زۆر ئاگاداری خۆیان بن.
هاوکات لە راگەیێندراوەکەیدا وەزارەتی دەرەوەی هیندستان راشیگەیاندووە، باڵیۆزخانەی هیندستان لە بەغدا و کۆنسوڵخانەکەیان لە هەولێر بەشێوەیەکی ئاسایی لە کارەکانیان بەردەوامدەبن و خزمەتگوزارییەکان پێشکەش بەو هیندیانە دەکەن کە لە عێراق نیشتەجێن.
بەدەر لە هیندستان، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستانیش داوای لە خەڵکی وڵاتەکەی کرد، لەکاتی سەردانیکردنیان بۆ عێراق زۆر ئاگاداری خۆیان بن.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان، داوای لە خەڵکی پاکستان لە عێراق کردووە، لە پەیوەندیی نزیکدابن لەگەڵ باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیان لە بەغدا.
11:35
ژاپۆن داوادەکات کێشەکان لە رێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەربکرێن
یوشیهاید سوگا، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی ژاپۆن. وێنە: AP
لەدوای هێرشەکەی ئێران بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان، حکومەتی ژاپۆن رایگەیاند، ئەم دۆخە نیگەرانیکردوون و داوادەکەن کێشەکان لە رێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەربکرێن.
یوشیهاید سوگا، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی ژاپۆن رۆژی چوارشەممە 8-1-2020 رایگەیاند، بە بەرزبوونەوەی ئاستی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەواو نیگەرانن و دەبێت رێگری لە هەڵکشانی زیاتر لە ناوچەکە بکرێت.
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی ژاپۆن راشیگەیاند، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ژاپۆن لەسەر ئەم پرسە کۆدەبێتەوە و شینزۆ ئابێ، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار دەبێت.
یوشیهاید سوگا ئاماژەی بەوەش کرد، داوا لە ئێران و ئەمریکا دەکەن، ناکۆکییەکانیان لە رێگەی گفتوگۆ و دیپلۆماسییەوە چارەسەربکەن.
11:31
نیوزلەندا داوای دانبەخۆداگرتن و هێوربوونەوە لە لایەنەکان دەکات
وینستن پیتێرز، سەرۆکوەزیرانی بەوەکالەتی نیوزلەندا. وێنە: AP
لەدوای هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆسەر هێزە ئەمریکییەکان، سەرۆکوەزیرانی بەوەکالەتی نیوزلەندا داوای هێورکردنەوەی دۆخەکە و دانبەخۆداگرتن لە لایەنەکان دەکات.
وینستن پیتێرز، سەرۆکوەزیرانی بەوەکالەتی نیوزلەندا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاندووە، حکومەتی نیوزلەندا لەنزیکەوە لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە رێگەی دیپلۆماسی و سەربازییەوە لە پەیوەندیدان بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەمنی ناوچەکە، لەنێویاندا سەلامەتی هێزەکانیان لە عێراق.
لە راگەیێندراوەکەیدا، سەرۆکوەزیرانی بەوەکالەتی نیوزلەندا ئاماژەی بەوە کردووە "ئەوە گرنگە کە مووشەکەکان کەمپی تاجیان نەکردووەتەوە ئامانج و هێزەکانی نیوزلەندا سەلامەتن".
سەرۆکوەزیرانی نیوزلەندا هاوکات داوای هێورکردنەوەی دۆخەکە و دانبەخۆداگرتن لە لایەنەکان دەکات.
10:49
خامنەیی: زلـلەیەکمان لە رووی ئەمریکا دا، بەڵام ئەمە بەس نییە
عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئێران
عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئێران رۆژی چوارشەممە رایگەیاند کە شەوی رابردوو لە رێگەی مووشەکبارانی بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق زلـلەیەکیان بەڕووی ئەمریکا داوە بەڵام بەس نییە، ئەمەش بەو مانایە دێت کە هێشتا تۆڵەمان نەسەندووەتەوە.
خامنەیی گوتی کە وەڵامدانەوەی سەربازی بەتەنیا چارەسەر نییە بەڵکو دەبێت بوونی ئەمریکا لە تەواوی ناوچەکە کۆتایی پێبهێنرێت، رایشیگەیاند کە داواکاریی ئەمریکا بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ قبووڵکراو نییە.
عەلی خامنەیی، رێبەی کۆماری ئیسلامیی ئێران رۆژی چوارشەممە لە گوتەیەکدا لە تاران لەبارەی هێرشەکەی سوپای پاسداران رایگەیاند، کردە سەربازییەکە بەس نییە، چونکە کێشەکە ئامادەیی هێزەکانی ئەمریکایە کە سەرچاوەی گەندەڵین لە ناوچەکە و دەبێت کۆتاییان پێبهێنرێت.
رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد "ئەمریکییەکان هەوڵیاندەدا قاسم سولەیمانی وەک تیرۆرست بناسێنن، بەڵام ئەمە شتێکی نادادپەروەرانە و ستەمکارانە بوو، خەڵکی ئێران وەڵامێکی کەمەرشکێنیان دانەوە".
عەلی خامنەیی راشیگەیاند، ناوچەکە ئامادەیی ئەمریکا قبووڵ ناکات و مردنی سولەیمانی بەمانای ئەوەیە کە هێشتا شۆڕش زیندووە.
10:26
فلای دوبەی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ بەغدا هەڵوەشاندەوە
فلای دوبەی: بەچڕی چاودێریی دۆخەکە دەکەین. وێنە: AP
دوای هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆسەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق، فلای دوبەیی ئیماراتی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ بەغدا هەڵوەشاندەوە.
کۆمپانیای فلای دوبەیی ئیماراتی بڵاویکردەوە، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ بەغدا هەڵوەشاندووەتەوە، بەڵام ئەمڕۆ چوارشەممە گەشتیان بۆ بەسرە و نەجەف هەیە.
کۆمپانیای فلای دوبەیی ئیماراتی ئاماژەی بەوەش کردووە، لە پەیوەندیی بەردەوامدان و بەچڕی چاودێریی دۆخەکە دەکەن.
10:17
جوڵەی بازرگانی لە دەروازەی حاجی ئۆمەران و باشماخ ئاساییە
هاتووچۆ و جوڵەی بازرگانی لە هەردوو دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ و حاجی ئۆمەران ئاساییە و بەرپرسانی ئەو دوو دەروازەیە دەڵێن، وەك رۆژانی رابردوو لەكاردان.
شاخەوان بەكر، بەڕێوەبەری گومرگی دەروازەی باشماخی نێودەوڵەتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە جوڵەی بازرگانی لە دەروازەكەوە وەكو رۆژانی رابردوو ئاساییە و گوتی "لە رۆژانی رابردوو چی هاوردەكراوە ئەمڕۆش بەهەمانشێوە بوو، هیچ گۆڕانكارییەك رووینەداوە".
سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران بە رووداوی راگەیاند، هاتووچۆ و جوڵەی بازرگانی وەكو رۆژانی رابردوو ئاساییە و گوتیشی "دەروازەكە 24 كاژێر كراوەیە و جوڵەی بازرگانیش وەكو رابردوو بەردەوامە".
رۆژانە لە دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ 550 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانیش450 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر هاتووچۆ دەكەن.
10:08
پارچەکانی ئەو مووشەکە دۆزرانەوە کە لەنزیک بەردەڕەش کەوتبووە خوارەوە
رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداو لە نزیک قەزای بەردەڕەش
رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداو لە نزیک قەزای بەردەڕەش لە سنووری پارێزگای دهۆک رایگەیاند، ئەو مووشەکەی کە لە نزیک قەزای بەردەڕەش کەوتبووە خوارەوە پارچەکانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و بەرپرسانی ئیداری ناوچەکە دۆزرانەوە.
پەیامنێری رووداو دەڵێت "ئەو شوێنەی کە مووشەکەکەی لێکەوتووەتە خوارەوە تەنیا کیلۆمەترێک بۆ دوو کیلۆمەتر لە سەنتەری قەزای بەردەڕەش دوورە". دەشڵێت "پارچەیەکی زۆری مووشەکەکە لە دەوروبەری ناوچەکە کەوتوون".
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 08-01-2020 مووشەکێک لە دەوروبەری قەزای بەردەڕەش کەوتەخوارەوە. بەگوتەی دانیشتووانی ناوچەکە، دەنگێکی یەکجار بەرزی هەبووە، بەڵام جگە لە زیانی ماددەی کە بەر چەند ماڵ و دووکانێک کەوتووە، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
09:57
ژمارەیەک وڵات گەشتە ئاسمانییەکانیان بەسەر ئاسمانی عێراق و ئێران رادەگرن
ژمارەیەک وڵات گەشتە ئاسمانییەکانیان بەسەر ئاسمانی عێراق و ئێران راگرت. وێنە: AP
دوای پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران و هێرشە مووشەکییەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ژمارەیەک وڵات گەشتە ئاسمانییەکانیان بەسەر ئاسمانی عێراق و ئێران راگرت.
ئیدارەی فڕۆکەوانی فیدراڵی ئەمریکا بڵاویکردەوە، کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی مەدەنی ئەمریکی قەدەخەدەکرێن فڕۆکەکانیان بە ئاسمانی عێراق، ئێران، کەنداوی عومان و ئاوە جیاکراوەکانی نێوان سعودیە و ئێران تێپەڕبن.
هێڵی ئاسمانیی سەنگاپوورە رایگەیاند، ئاراستەی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان دەگۆڕن و دووردەکەونەوە لە ئاسمانی ئێران؛ هیندستانیش هۆشداری دایە هاووڵاتییەکانی لە گەشتکردن بۆ عێراق و داوایکرد گەشتی ناپێویست بۆ عێراق نەکەن.
هێڵی ئاسمانی مالیزیا دووپاتیدەکاتەوە، فڕۆکەکانیان دووردەکەونەوە لە ئاسمانی ئێران؛ هەروەها کۆمپانیای ئیڤا ئێری تایوانی رایگەیاندووە، فڕۆکەکانیان بەسەر ئاسمانی ئێراندا نافڕن.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی فلیپین رایگەیاند، فەرمانیان کردووە هەموو هاووڵاتییەکانیان عێراق جێبهێڵن. هاوکات چاینا ئێرلاینز کە گەورەترین کۆمپانیای فڕۆکەوانیی تایوانە رایگەیاند، بەهۆی بارگرژییەکانی ناوچەکە فڕۆکەکانیان بە ئاسمانی عێراق و ئێراندا هاتووچۆ ناکەن.
09:44
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان: کەوتنە خوارەوەی مووشەکەکان هیچ زەرەر و زیانێکی نەبووە
باڵەخانەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، وێنە؛ رووداو
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەبارەی کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 08-01-2020 لە نزیک هەولێر، رایگەیاند "کەوتنە خوارەوەی مووشەکەکانی دوێنێ شەو هیچ زەرەر و زیانێکی نەبووە".
09:24
بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر رایگەیاند، هاتووچۆی فڕۆكە لە فڕۆكەخانەی هەولێر ئاساییە.
تەلار فایەق، بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، گەشتەكانی فڕۆكە لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر وەكو رۆژانی رابردوو ئاساییە.
بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دەشڵێت "تاوەكو ئێستا هیچ گەشتێك نەوەستاوە وەكو رۆژانی رابردوو فڕۆكەخانە لەكاردایە".
09:08
راوێژکارێکی فەرماندەی سوپای پاسداران: زیانێکی گەورە بە عەین ئەسەد کەوتووە
مقدەم فەر، راوێژکاری فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران
راوێژکارێکی فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران رایدەگەیێنێت، زانیارییە سەرەتاییەکان دووپاتیدەکەنەوە کە زیانێکی گەورە بە بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد کەوتووە و سەرجەم مووشەکەکانیش بەوردی ئامانجیان پێکاوە.
حەمید رەزا مقدەم فەر، راوێژکاری فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، زانیارییە سەرەتاییەکان دووپاتیدەکەنەوە کە زیانێکی گەورە بەر بنکەی سەربازی عەین ئەسەد کەوتووە، لەگەڵ ئەوەی ئەمریکییەکان هەوڵدەدەن راستییەکان بشارنەوە.
بە گوتەی مقدەم فەر، سەرجەم مووشەکەکان بە وردی ئامانجی خۆیان پێکاوە، گرنگترین بنکەی ئەمریکی لە عێراق کراوەتە ئامانج، هێرشەکەش سەلماندی کە سیستەمی بەرگری مووشکی ئەمریکی لاوازە.
راوێژکارەکەی فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداری ئەوەشدەدا هەر وەڵامدانەوەیەکی ئەمریکا دەبێتە هۆی سووتاندنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەناوچەکەدا، هێرشە مووشەکییەکانی ئێرانیش ئیهانەیە بۆ ئەمریکا و دەبێت ئەویش قبوڵی بکات.
08:32
پەیامنێری رووداو: مووشەکێک لە نزیک بەردەڕەش کەوتووەتەخوارەوە و هیچ زیانێکی نەبووە
رەنجە جەمال پەیامنێری رووداو لەنزیک بەردەڕەش
رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداو لە بەردەڕەش سەبارەت بە کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکە رایگەیاند، ئەو مووشەکەی لە نزیک بەردەڕەش کەوتووەتەخوارەوە و هیچ زیانێکی نەبووە. تەنیا چەند دووکان و ماڵێک شوشەی پەنجەرەکانیان شکاون.
پەیامنێری رووداو ئاماژە بەوەش دەدات کە هیچ بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە قەزای بەردەڕەش نییە و دەشڵێت "مووشەکەکە لە سەرەتای قەزای بەردەڕەش، واتە لەنێوان قەزای بەردەڕەش و کەمپی بەردەڕەش کەوتووەتە خوارەوە کە ئێستا پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستانی لێیە، مووشەکەکان هیچ زیانێکی گیانی نەبووە تەنیا شووشەی چەند دووکان و ماڵێک لە نزیک ئەو شوێنە زیانیان پێگەیشتووە".
خاوەنی یەکێک لە فرۆشگاکان لەنزیک بەردەڕەش باسی کاتی کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو دەکات و دەڵێت "کاژێر 01:30 خولەک بۆ 02:00 شەو بوو دەنگێکی گەورە هات، بەڵام نەمانزانی چی بوو. دوای رووداوەکە ئاسایش گەیشتە شوێنەکە، دەگەڕان بۆ ئەوەی بزانن مووشەکەکە لەکوێ کەوتووە". دەشڵێت "جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی نەبووە".
08:23
کۆشکی سەرۆکایەتی کۆریای باشوور رایگەیاند، لە نزیکەوە چاودێریی دۆخی ناوچەکە دەکەن، داوا لە کارمەندەکانیان لە عێراق دەکەن شوێنەکانیان بەجێنەهێڵن.
کۆشکی سەرۆکایەتی کۆریای باشوور (ناسراو بە کۆشکی شین) لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاندووە، چەندین راپۆرتیان لەبارەی هێرشەکانی ئێران بەدەستگەیشتووە و لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەن.
سەرۆکایەتی کۆریای باشوور لە راگەیێندراوەکەیدا راشیگەیاندووە، وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باشوور لە نزیکەوە چاودێریی سەلامەتی هاووڵاتییانی کۆریای باشوور لە ناوچەکە دەکات؛ هاوکات داوا لە کارمەندەکانیان لە عێراق دەکەن شوێنەکانی خۆیان بەجێنەهێڵن.
هەروەها لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، ئێستا تیمێکی وەزارەتی دەرەوە کار لەسەر خەمڵاندنی زیانی هێرشەکانی ئێران دەکەن کە لە تۆڵەی قاسم سولەیمانی بۆسەر ئەمریکا ئەنجامدراون.
هەروەها سەرۆکایەتی کۆریای باشوور راشیگەیاندووە، کۆمپانیاکانیان لە عێراق رێکارە ئەمنییەکانیان زیاتر کردووە و بە پلانی دەرچوونی لەناکاویاندا چوونەتەوە.
08:05
لەدوای هێرشەکەی ئێران بۆ سەر دوو بنکەی سەربازیی ئەمریکا و هاوپەیمان لە هەرێمی کوردستان و عێراق، گوتەبێژی نووسینگەی دەرەوە و کۆمۆنوێلسی بەریتانیا رایگەیاند، لەنزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەن و ئەرکی لە پێشینەیان پاراستنی بەرتانییەکانە لە عێراق.
گوتەبێژی نووسینگەی دەرەوە و کۆمۆنوێلسی بەریتانیا بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 08-01-2020 رایگەیاند، ئەوان لەنزیکەوە چاودێری دۆخەکە لەسەر زەوی لە عێراق دەکەن و هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکەن.
گوتەبێژی نووسینگەی دەرەوە و کۆمۆنوێلسی بەریتانیا راشیگەیاند، ئەرکی لە پێشەینەی حکومەتی وڵاتەکەیان لە ناوچەکە پاراستنی بەریتانییەکانە.
لە هێرشەکەدا هیچ سەربازێکی بەریتانیا، یانیش ئەمریکی و هاوپەیمان زیانیان بەرنەکەوتن و سەلامەتن.
08:04
فەرماندەی هێزە بەرگرییەکانی کەنەدا رایگەیاند، لە هێرشەکانی ئێران بۆسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق، هێزەکانیان سەلامەتن و لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەن.
ژەنەراڵ جۆناتان ڤانس، فەرماندەی هێزە بەرگرییەکانی کەنەدا لە توویتێکدا لەبارەی هێرشەکانی ئێران رایگەیاندووە "خێزانەکانی کەنەدا، دەتوانم دڵنیاتان بکەمەوە کە هێزەکانمان لە عێراق سەلامەتن و هیچ یەکێکیان زیانیان بەرنەکەوتووە".
فەرماندەی هێزە بەرگرییەکانی کەنەدا راشیگەیاندووە، لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەن و بە ئاگایی دەمێننەوە.
توویتەکەی جۆناتان ڤانس لەکاتێکدایە کە بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە سوپای پاسدارانی ئێران بە چەند مووشەکێکی بالستی دوو بنکەی سەربازیی ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە هەولێر و ئەنبار کردە ئامانج، لە هێرشەکەدا هیچ سەربازێکی ئەمریکی و هاوپەیمانان زیانیان بەرنەکەوتووە.
06:33
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەوان بە دوای زیادکردنی گرژییەکان یانیش شەڕەوەنین، بەڵام پارێزگاری لە خۆیان لە دژی هەر شەڕانگێزییەک دەکەن.
محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە توویتێکیدا رایگەیاندووە، ئێران چەند رێکارێکی گونجاوی بۆ پارێزگاریکردن لە خۆی کردووە و تەواوبووە.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە توویتەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە، رێکارەکانی ئێران لە ژێر بەندی 51ی نەتەتەوەیەکگرتووەکان ئەنجامدراون و ئەو بنکەیەی کردووەتە ئامانج کە بەشێوەیەکی ترسنۆکانە هێرشیانکردووەتە سەر خەڵکی ئێمە و هەروەها بەرپرسە باڵاکانمان.
زەریف ئاماژەی بەوەشداوە، ئەوان بە دوای شەڕ یانیش بەرزکردنەوەی گرژییەکان نین، بەڵام پارێزگاری لە خۆیان دەکەن.
06:25
لیندزی گراهام، سیناتۆری دیاری کۆمارییەکان لە بارەی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکیدا رایەگیاندووە، ئەم هێرشانەی ئێران، رەفتاری جەنگی بوونە.
گراهام راشیگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ژێر بەندی دووی دەستووری ئەمریکا هەموو دەسەڵاتێکی هەیە بۆ وەڵامدانەوەی ئێران، بەڵام چۆن وەڵامدەدرێتەوە، ئەمە هێشتا بڕیاری لەبارەوە نەدراوەتەوە.
لیندزی گراهام راشیگەیاند، لەمبارەوە لە رێگەی تەلەفۆنەوە قسەی لەگەڵ سەرۆک ترەمپدا کردووە.
05:51
سەرۆکی ئەمریکا لە یەکەم کاردانەوەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد و هەولێر، رایگەیاند، ئێران هێرشی کردووە بەڵام تاوەکو ئێستا هەموو شتێک باشە.
دۆناڵد ترەمپ لە توویتێکدا رایگەیاند: مووشەک لە ئێرانەوە ئاراستەی دوو بنکەی سەربازیی لە عێراق کراوە، ئێستا هەڵسەنگاندن دەکرێت بۆ قوربانی و زیانەکان بەڵام تاوەکو ئیستا هەموو شت باشە. ئێمە بەهێزترین و پڕچەکترین سوپامان لە جیهاندا هەیە و ئەمڕۆ راگەیێندراوێکمان لەوبارەوە دەبێت.
05:32
مایک پۆمپەیۆ و مەسرور بارزانی لەبارەی هێرشەکەی ئێرانەوە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا
مایک پۆمپەیۆ و مەسروو بارزانی
مۆرگان ئۆرتاگوس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشەکانی ئێران بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمان لە هەرێمی کوردستان و عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامداوە.
لە راگەیێندراوەکە ئاماژە بەوەدراوە، پۆمپەیۆ و مەسرور بارزانی، باسیان لە دوایین زانیارییەکان لەبارەی هێرشەکان کردووەو هەروەها رێککەوتوون لەسەر ئەم دۆخە لە پەیوەندی نزیکدابن.
هەروەها مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە توویتێکیدا رایگەیاندووە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا لەگەڵ مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسیان لە پەرەسەندەکانی عێراق کردووە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە توویتەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هاوکات باسیان لە رێگەکانی کەمکردنەوەی گرژییەکان و هەروەها رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی دۆخەکە کردووە.
05:18
رووداو- هەولێر
جێگری قەرارگای ساروڵڵا گوتی: "ئێمە هیچکات قسەیەک ناکەین کە نەیکەینە کردەوە و ئەو هەنگاوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەنگاوی یەکەم بووە".
ئیسماعیل کەوسەری، جێگری قەرارگای ساروڵڵا لەبارەی وەڵامدانەوەی ئێران بە کوشتنی قاسم سولەیمانی لەلایەن ئەمریکاوە لە مووشەکبارانکردنی بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە عێراق گوتی: "ئەمریکییەکان دەبێت بزانن کە ناوچەکە بەجێبێڵن".
جێگری قەرارگای ساروڵڵا بە بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێت: "بەرپرسانی ئەمریکا دەبێت رێگریی بکەن لە تاوانەکانی ترەمپ و وا بیرنەکەنەوە ئێرە گۆڕەپانی قومارکردنە. ئێرە گۆڕەپانی ئامادەیی مرۆڤەکانە نە گۆڕەپانی قومارکردن. بەرپرسانی ئەمریکی دەبێت زەخت لە ترەمپ بکەن و لە هەنگاوە شەڕەنگێزانەکانی خۆیان دەست هەڵگرن ئەگینا هێزەکانیان لە ناوچەکە زیانیان پێدەگات. هەر جموجووڵێکیش بکەن دڵنیابن کەمتر لەوە وەڵامیان نادەینەوە.
ئیسماعیل کەوسەری دەڵێت: "بەرپرسانی ئەمریکا دەبێت خەمی هێزەکانیان بێت و هەزاران کیلۆمەتر دوورتر دانەنیشن و هێزەکانیان لەژێر ئاگری هێزەکانی ئێمە بێت. ئەمریکییەکان دەبێت ناوچەکە چۆڵ بکەن، ئەمە داواکاریی یەکەمی شەهید سولەیمانیش بووە و دەبێت بزانن کە ئێمە واز لە ئەمریکییەکان ناهێنین".
04:58
دوو بەرپرسی ئەمریکی: هیچ زیانێکی گیانی بە سەربازانی ئەمریکی نەگەیشتووە
دوو بەرپرسی ئەمریکی: هیچ زیانێکی گیانی بە سەربازانی ئەمریکی نەگەیشتووە
دوو بەرپرسی ئەمریکی بە سی ئێن ئێن و فۆکس نیوزی ئەمریکیان راگەیاندووە، لە هێرشەکەی ئێران بۆسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و بەردەوامن لە هەڵسەنگاندنی دۆخەکە.
فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند: ژمارەی مووشەکەکان 15 مووشەک بوون، 10 مووشەکیان بنکەی عەین ئەسەدیان کردووەتە ئامانج، مووشەکێکیان هەولێری کردووەتە ئامانج و چوار مووشەکیشیان نەگەیشتوونەتە ئامانجەکانیان.
04:56
کۆبوونەوەکەی کۆشکی سپی بەسەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی هێرشەکانی ئێران بۆسەر بنکە سەربازییەکانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان کۆتاییهات.
میدیای ئەمریکا بڵاویکردووەتەوە، لەدوای هێرشەکانی ئێران بۆسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی لە کۆشکی سپیدا کردووە.
لە کۆبوونەوەکەدا، هەریەکە لە جێگری سەرۆکی ئەمریکا، وەزیری بەرگری، وەزیری دەرەوە و هەروەها راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا بەشداربوونە.
هێشتا روون نییە لە کۆبوونەوەکەدا چی باسکراوە و کاردانەوەی ئەمریکا لەم بارەوە چی دەبێت، بەڵام کۆبوونەوەکە کۆتاییهاتووەوە و جێگری سەرۆکی ئەمریکا، وەزیری بەرگری، وەزیری دەرەوە و هەروەها راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپیان بەجێهێشتووە.
چاوەڕوان دەکرا، لەدوای کۆبوونەوەکە دۆناڵد ترەمپ، کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی هەبێت، بەڵام بەرپرسێکی کۆشکی سپی رایگەیاندووە، کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکە ئەنجامنادرێت.
هاوکات گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، هیچ راگەیێندراوێکی دیکەیان لەبارەی هێرشەکە نابێت.
04:47
جێگری سەرۆکی ئەمریکا کۆنگرێسی لە هێرشەکە ئاگادارکردووەتەوە
جێگری سەرۆکی ئەمریکا کۆنگرێسی لە هێرشەکە ئاگادارکردووەتەوە
جێگری سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی هێرشی ئێران بۆ سەر هێزەکانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان کۆنگرێسی وڵاتەکەیان ئاگادارکردووەتەوە.
چەک شوومەر، گەورە سیناتۆری کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاندووە، کاژێر 6:15ـ خولەکی ئێوارە بەکاتی واشنتن لەلایەن مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکاوە پەیوەندی پێوەکراوە لەبارەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بنکەکانیان لە عێراق ئاگادارکراوەتەوە".
چەک شوومەر لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە، ئێستا لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەن و هەروەها چاویان لەسەر پارێزگاریکردن لەسەر هێزەکانیان و هاوپەیمانانە لە ناوچەکە.
بەدەر لە چەک شوومەر، هاوکات ژمارەیەکی دیکە لە سیانتۆرەکانی ئەمریکا لەم هێرشانە ئاگادارکراونەتەوەو داوای راوێژیان لێکراوە.
04:34
سیستەمی مووشەکی بڕبڕەی پشتی هێزی سەربازی ئێرانە و بە شێوەیەکی فراوان بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی لە هێزی ئاسمانی بەکاردەهێنرێت. سیستەمی مووشەکی ئێران بە گەورەترین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەناسرێت و توانای مووشەکییەکەی زیاتر مووشەکی کورت و مامناوەندە بەڵام مووشەکی درێژمەوداشی هەیە.
جۆری مووشەکەکانی ئێران
شەهاب یەک - توانای رۆیشتنی 300 کیلۆمەتری هەیە
شەهاب دوو - توانای رۆیشتنی 500 کیلۆمەتری هەیە
قایم 1 - توانای رۆیشتنی 300 بۆ 500 کیلۆمەتری هەیە
زولفەغار - توانای رۆیشتنی 700 کیلۆمەتری هەیە
شەهاب 3 - توانای رۆیشتنی 2 هەزار کیلۆمەتری هەیە
سەجیل - توانای رۆیشتنی 2 هەزار کیلۆمەتری هەیە
سومار -2500 کیلۆمەتر دەڕوات
قیام1 - توانای رۆیشتنی 800 کیلۆمەتری هەیە
بەهێزترین مووشەکی ئێران تا نیوەی ئەوروپا
لە ئاسیا تا ناوەڕاستی چین
لە رووسیا تا باکووری مۆسکۆ
لە ئەفریقا تاوەکو ئەسیوپیا و سوودانی باشوور دەڕوات
03:45
دۆناڵد ترەمپ گوتارێک لەسەر هێرشی ئێران بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا پێشکەشدەکات
دۆناڵد ترەمپ گوتارێک لەسەر هێرشی ئێران بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا پێشکەشدەکات
میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ راوێژکارە باڵاکانی لە کۆشکی سپی گفتوگۆ لەبارەی هێرشەکەی ئێران دەکات و تیمی کۆشکی سپیش ئامادەکاری دەکات بۆ گوتاری دۆناڵد ترەمپ لەبارەی هێرشەکە.
03:28
پێنتاگۆن: بنکە سەربازییەکانمان لە عەین ئەسەد و هەولێر کراونەتە ئامانج
پێنتاگۆن: بنکە سەربازییەکانمان لە عەین ئەسەد و هەولێر کراونەتە ئامانج
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن لە راگەیێندراوێکدا هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق پشتڕاستدەکاتەوە و دەڵێت، بنکە سەربازییەکانیان لە عەین ئەسەد و هەولێر کراونەتە ئامانج.
پێنتاگۆن لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت "نزیکەی کاژێر 05:30 خولەک بەکاتی واشنتن دەیان مووشەکی بالیستیکی بۆ بنکەی سەربازی هێزەکانی ئەمریکا هاوێژراون، ئەوە ئاشکرایە کە ئەو مووشەکانە لەلایەن ئێرانەوە هاوێژراون و دوو بنکەی سەربازیی هێزەکانی ئەمریکا لە عەین ئەسەد و هەولێر کراونەتە ئامانج".
پێنتاگۆن دەشڵێت، کاردەکەن بۆ خەمڵاندنی زیانەکانی هێرشەکان.
لە راگەیێندراوەکەی پێنتاگۆندا هاتووە، لە رۆژانی رابردوودا بەهۆی هەڕەشەکانی ئێران، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا هەموو رێگەکانی خۆپاراستنی گرتووەتەبەر و ئەو بنکە سەربازییانە بەتەواوی لە ئامادەباشیدا بوونە.
لەگەڵ هەڵسەنگاندی دۆخەکە، هەموو رێگەپێویستەکان بۆ پاراستنی کارمەندەکانی ئەمریکا و هاوبەش و هاوپەیمانەکانیان لە ناوچەکە دەگرنەبەر.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو یەکێک لەو مووشەکانەی کە ئاراستەی هەولێر کراون لە نزیک فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کەوتووەتە خوارەوە نەتەقیوە و هیچ زیانێکی نەبووە.
مووشەکێکی دیکەش لە دەوروبەری بەردەڕەش کەوتووەتە خوارەوە و هیچ زیانێکی نەبووە.
03:06
کۆشکی سپی: دۆناڵد ترەمپ بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکات
رووداو - هەولێر
ستێفانی گریشام، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە توویتێکدا رایدەگەیێنێت ئاگاداری ئەو هەواڵانەین کە هێرشکراوەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق، زانیارییەکان بە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دراوە و بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکات.
02:33
رووداو-هەولێر
سوپای پاسداران رایگەیاند: "تۆڵەی بەزەبرمان دەستپێکرد و دەیان مووشەکی بالستیمان رەوانەی بنکەی سەربازی عەین ئەسەد کردووە".
لە راگەیێندراوێکدا سوپای پاسداران رایگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە وەڵامی ئۆپەراسیۆنی تاوانبارانە و تیرۆریستی هێزە دەستدرێژیکارانەکانی ئەمریکا و تۆڵەی تیرۆری نامرۆیانە و شەهیدبوونی مەزڵوومانەی فەرماندەی قارەمانی هێزی سوپای قودس، هێزی دلێری ئاسمانی سوپای پاسدران لە ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتوو بەناوی شەهید سولەیمانی و بە رەمزی پیرۆزی یازەهرا، دەیان مووشەکی زەمین بە زەمین رەوانەی بنکەی ئاسمانی سوپای تیرۆریستی ئەمریکا ناسراو بە عەین ئەسەد کراوە و بنکەکە وێران کراوە کە دواتر وردەکارییەکەی بڵاودەکەینەوە".
لە راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداراندا هەروەها لە چوار خاڵدا رایگەیاندووە:
1- بە شەیتانی گەورە، رژێمی ستەمکاری ئەمریکا هۆشداریی دەدەین، هەر دەستدرێژییەک یان جموجووڵێکی دیکە بە وەڵامێکی جەرگبڕتر و تووندتر روبەڕوو دەبێتەوە.
2- بە حکومەتەکانی هاوپەیمانی ئەمریکا کە بنکەکانی خۆیان داوەتە دەست سوپای تیرۆریستی ئەو وڵاتە، هۆشداریی دەدەین، هەر وڵاتێک سەرچاوەی هەنگاوی دووژمنکارانە و دەستدرێژیکارانە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بێت، دەکرێتە ئامانج.
3- بەهیچ شێوەیەک رژێمی زایۆنیستی (ئیسرائیل) لەو تاوانەدا لە ئەمریکای جیا ناکەینەوە.
4- بە خەڵکی ئەمریکا دەڵێین بۆ پێشگرتن لە زیانی زۆرتر، سەربازانی ئەمریکی لە ناوچەکە بانگهێشت بکەنەوە و رێگە نەدەن بە قین لەدڵی رۆژ دوای رۆژی رژێمی دژە خەڵکی حاکم بەسەر ویلایەتە یەکگرتووەکاندا، گیانی سەربازەکانی ئەو وڵاتە زیاتر لەمە بکەوێتە مەترسییەوە.
سوپای پاسداران رایگەیاند: "تۆڵەی بەزەبرمان دەستپێکرد و دەیان مووشەکی بالستیمان رەوانەی بنکەی سەربازی عەین ئەسەد کردووە".
لە راگەیێندراوێکدا سوپای پاسداران رایگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە وەڵامی ئۆپەراسیۆنی تاوانبارانە و تیرۆریستی هێزە دەستدرێژیکارانەکانی ئەمریکا و تۆڵەی تیرۆری نامرۆیانە و شەهیدبوونی مەزڵوومانەی فەرماندەی قارەمانی هێزی سوپای قودس، هێزی دلێری ئاسمانی سوپای پاسدران لە ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتوو بەناوی شەهید سولەیمانی و بە رەمزی پیرۆزی یازەهرا، دەیان مووشەکی زەمین بە زەمین رەوانەی بنکەی ئاسمانی سوپای تیرۆریستی ئەمریکا ناسراو بە عەین ئەسەد کراوە و بنکەکە وێران کراوە کە دواتر وردەکارییەکەی بڵاودەکەینەوە".
لە راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداراندا هەروەها لە چوار خاڵدا رایگەیاندووە:
1- بە شەیتانی گەورە، رژێمی ستەمکاری ئەمریکا هۆشداریی دەدەین، هەر دەستدرێژییەک یان جموجووڵێکی دیکە بە وەڵامێکی جەرگبڕتر و تووندتر روبەڕوو دەبێتەوە.
2- بە حکومەتەکانی هاوپەیمانی ئەمریکا کە بنکەکانی خۆیان داوەتە دەست سوپای تیرۆریستی ئەو وڵاتە، هۆشداریی دەدەین، هەر وڵاتێک سەرچاوەی هەنگاوی دووژمنکارانە و دەستدرێژیکارانە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بێت، دەکرێتە ئامانج.
3- بەهیچ شێوەیەک رژێمی زایۆنیستی (ئیسرائیل) لەو تاوانەدا لە ئەمریکای جیا ناکەینەوە.
4- بە خەڵکی ئەمریکا دەڵێین بۆ پێشگرتن لە زیانی زۆرتر، سەربازانی ئەمریکی لە ناوچەکە بانگهێشت بکەنەوە و رێگە نەدەن بە قین لەدڵی رۆژ دوای رۆژی رژێمی دژە خەڵکی حاکم بەسەر ویلایەتە یەکگرتووەکاندا، گیانی سەربازەکانی ئەو وڵاتە زیاتر لەمە بکەوێتە مەترسییەوە.