رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی سعودیە رایگەیاند، هێزە بەرگرییەکانیان توانیویانە 11 مووشەکی بالیستی لە ئاسمانی ناوچەی شەرقییە تێکبشکێنن. میدیاکانی ئێرانیش باس لە "پێکان و ئاگرکەوتنەوەی گەورە" لە ناوچەی پیشەسازیی جوبەیل دەکەن.
بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 7-4-2026 لیوا روکن تورکی مالکی، گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی بەرگریی سعودیە رایگەیاند: "هێزە بەرگرییەکانمان توانیویانە 7 مووشەکی بالیستی کە ئاراستەی ناوچەی شەرقتە کرابوون تێکبشکێنن. پاشماوەی مووشەکەکان لە دەوروبەری چەند دامەزراوەیەکی وزە کەوتوونەتە خوارەوە و ئێستا سەرقاڵی خەمڵاندنی زیانەکانین."
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعودیە لە راگەیێندراوێکی دیکەدا ئاماژەی بەوەش کرد، چوار مووشەکی بالیستی دیکەشیان لە هەمان ناوچە تێکشکاندووە.
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی بڵاویکردووەتەوە، هێرشێکی بەرفراوان کراوەتە سەر ناوچەی پیشەسازیی "جوبەیل" لە سعودیە و دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز بیستراوە. هەروەها تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران و بەرەی موقاوەمە، چەند ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردووەتەوە، گوایە ئاگر لە ناوچە پیشەسازییەکە کەوتووەتەوە.
ناوچەی پیشەسازیی جوبەیل بە یەکێک لە گرنگترین ناوەندە ئابوورییەکانی جیهان دادەنرێت؛ بە تەنیا ساڵانە 60 ملیۆن تۆن بەرهەمی هەیە، کە دەکاتە نزیکەی 6٪ بۆ 8٪ی کۆی گشتیی بەرهەمی پترۆکیمیای جیهان.
لەو ناوچەیەدا چەندین پڕۆژەی زەبەلاح و ستراتیژی هەن، لەوانە
- کۆمپانیای سابیک (SABIC): کە بە گەورەترین کۆمپانیای پترۆکیمیایی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت.
- کۆمەڵگەی سادارا (Sadara): کە بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای "داو کیمیکاڵ" دامەزراوە.
- پڕۆژەی ئامیرال: کە وەبەرهێنانی هاوبەشی نێوان ئارامکۆ و کۆمپانیای "تۆتاڵ ئێنێرجیز"ی فەرەنسییە.
تاوەکو ئێستا بەرپرسانی سعودیە تەنیا ئاماژەیان بە "کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی مووشەکەکان" کردووە، بەڵام سەرچاوە ئێرانییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە زیانی گەورە بەو ناوەندە ئابوورییە جیهانییە گەیشتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ