رووداو- هەولێر
دوورگەی خارگ کە ناوەندی سەرەکیی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانە، ئەمڕۆ سێشەممە بۆردوومان کرا.
میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل چەندین هێرشیان کردووەتە سەر دوورگەی خارگ و "دەنگی چەندین تەقینەوە لەوێ بیستراوە."
هاوکات باراک راڤید، رۆژنامەڤانی ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس"، لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا "هێرشی کردووەتە سەر ئامانجە سەربازییەکان" لەو دوورگەیەی کە دەکەوێتە کەناراوەکانی رۆژئاوای ئێران.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چەندین جار هەڕەشەی وێرانکردنی سەرتاسەریی ژێرخانی مەدەنیی ئێرانی کردووە و رۆژی سێشەممە گوتی: "رەنگە تەواوی شارستانییەتێک بسڕدرێتەوە."
رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"یش لە زاری بەرپرسێکی کۆشکی سپییەوە بڵاویکردەوە کە ئەو شوێنانەی لە دوورگەی خارگ کراونەتە ئامانج سەربازی بوون. کەناڵی CNNـیش لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە گواستییەوە کە هێرشەکان بۆسەر ئامانجی سەربازی بوون و دامەزراوە نەوتییەکان بۆردوومان نەکراون.
دوورگەی خارگ کە دەکەوێتە نزیک تەنگەی هورمزی ستراتیژی، چەقی پیشەسازیی هەناردەکردنی نەوتی ئێران و شاخوێنی ئابووریی ئەو وڵاتەیە. دوورگەکە گەورەترین وێستگەی نەوت، بۆری، کۆگا و ژێرخانی پەیوەندیداری لێیە. پێشتر و لە 13ی ئاداردا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، زیاتر لە 90 ئامانجی سەربازی لەو دوورگەیە بۆردومان کردووە، بێ ئەوەی زیان بە ژێرخانی نەوت بگەیێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ