رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سەنعای یەمەن رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل زیانێکی مادی زۆر بە فڕۆکەخانەکە گەیشتووە کە بە 500 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی ئایار خالید شەیف، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سەنعا رایگەیاند، زیانە سەرەتاییەکان بەهۆی هێرشەکانی شەوی رابردووی بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سەنعا نزیکەی 500 ملیۆن دۆلار بووە.
خالید شەیف دەشڵێت، "هێرشی زایۆنییەکان زۆر شوێنی لە فڕۆکەخانەکە گرتووەتەوە و هەڵسەنگاندنی زیانەکان هێشتا بەردەوامە." ئاماژەی بەوەش کرد، "دووژمن هۆڵەکانی پێشوازی فڕۆکەخانەی سەنعا، تێرمناڵ، کۆگەکانی بە تەواوی خاپوور کردووە."
چەند کاژێرێک دوای بۆردوومانی پارێزگای حودەیدە، ئیسرائیل هێرشی چڕوپڕی کردە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سەنعا و ناوچەکانی دیکەی یەمەن، دوای ئەوەی دوێنێ بە فەرمی داوای لە دانیشتووانی نزیک فڕۆکەخانەی سەنعا کرد دوور بکەنەوە.
کەناڵ12ی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، هێرشەکان بۆ سەر یەمەن بە هاوئاهەنگی تەواو بووە لەگەڵ ئەمریکا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ