ماکرۆن بۆ پزیشکیان: هێرشەکان بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە رابگرن


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی فەرەنسا دەڵێت، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران، جەختی لە پێویستی راگرتنی دەستبەجێی هێرشەکان و دابینکردنی ئازادی دەریاوانی کردووەتەوە. دەشڵێت، چارەسەری دیپلۆماسی بۆ کۆتاییهێنان بەم ئاڵۆزییانە لە هەموو کاتێک پێویستترە.
 
رۆژی یەکشەممە، 8ـی ئاداری 2026، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە ئێکس بڵاویکردەوە، لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بە تەلەفۆن قسەی کردووە. 
 
ماکرۆن نووسیویەتی: "جەختم لەسەر پێویستی راگرتنی دەستبەجێی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە کردەوە؛ هەروەها دەبێت ئێران گەرەنتی ئازادی دەریاوانی بکات و کۆتایی بە داخستنی گەرووی هورمز بهێنێت".
 
رۆژی 28ـی مانگی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە درۆن و مووشەک هێرشی کردە سەر وڵاتانی ناوچەکە. 
 
لە رۆژی 2ـی ئادارەوە، ئێران تێپەڕینی کەشتییە نەوت گوێزەرەوەکانی بە گەرووی هورمزدا راگرتووە و رایگەیاندووە، هەر کەشتییەک هەوڵی تێپەڕین بەوێدا بدات، ئەوا دەکرێت بە ئامانجی بگرن. 
 
گەرووەکە بە یەکێک لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکان دادەنرێ. بە گوێرەی دەستەی زانیاریی وزەی ئەمریکا، پێش جەنگ رۆژانە 20 ملیۆن بەرمیل نەوت بە گەرووی هورمزدا دەگوێزرایەوە، ئەمەش 20٪ـی کۆی بەرهەمی رۆژانەی نەوت بوو لە جیهاندا. 
 
ماکرۆن ئاماژەی بەوەش کرد، لە پەیوەندییەکەدا "نیگەرانی قووڵی خۆمانم سەبارەت بە گەشەپێدانی بەرنامە ئەتۆمی و بالیستییەکانی ئێران و چالاکییە ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا دووپات کردەوە، کە ئەم چالاکییانە هۆکاری سەرەکی ئەم قەیرانەی ئێستان". 
 
سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، بۆ کۆتاییهێنان بەم ئاڵۆزییانە و پاراستنی ئاشتی، "چارەسەری دیپلۆماسی لە هەموو کاتێک پێویستترە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم ئاڵنگارییە گرنگانە". 
 
پێش دەستپێکی جەنگەکە، ئێران و ئەمریکا سێ گەڕی دانوستاندنیان کرد، بەڵام نەگەیشتنە رێککەوتن.