رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لوبنان بەشێک نییە لەو ئاگربەستەی لەگەڵ ئێران کراوە. ئەو هۆکارەکەی بۆ هەبوونی "حیزبوڵڵا" گەڕاندەوە و جەختی کردەوە کە بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان وەک "پێکدادانێکی جیاواز" مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
رۆژی چوارشەممە، 8ی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی سەبارەت بە ئاگربەستەکەیان لەگەڵ ئێران و بوونە بەشێکی جەنگی لوبنان لەو ئاگربەستە گوتی: "ئەوان لە ناو رێککەوتنەکەدا نین، ئەوەش بەهۆی حیزبوڵڵاوەیە. مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتەش دەکرێت. کێشە نییە."
سەبارەت بەوەی ئایا رازییە ئیسرائیل بەردەوام بێت لە هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان، سەرۆکی ئەمریکا وتی: "ئەمە بەشێکە لە رێککەوتنەکە، هەمووان ئەوە دەزانن. ئەمە پێکدادانێکی جیاوازە."
بەپێی دەقی گفتوگۆکە، کاتێک رۆژنامەڤانەکە هەوڵیداوە لە ترەمپ بپرسێت ئایا پەشیمان نییە لەو پۆستەی لە "تروس سۆشیاڵ" بڵاوی کردبووەوە کە تێیدا باسی لە "سڕینەوەی شارستانییەتێک" کردبوو و دیموکراتەکان رەخنەی تووندیان لێگرتبوو، ترەمپ پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی کۆتایی پێهێناوە.
رۆژی 28ی شوبات ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامی دانەوە. لە 2ی ئادارەوە، حیزبوڵـڵای لوبنان وەکو تۆڵەی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و ئەویش بە بۆردوومان و هێرشی زەوینی وەڵامیدایەوە.
بەرپرسانی ئیسرائیل هەڕەشەی کۆنترۆڵکردنی تەواوی خاکی باشوور رووباری لیتانی لە لوبنان دەکەن و دەڵێن، ئەوە گرنگە بۆ پاراستنی سنوورەکانی باکووریان.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بە پێشنیازی شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان بۆ راگرتنی جەنگی ئێران بۆ دوو هەفتە رازیبوون بۆ ئەوەی لەو ماوەیەدا گفتوگۆ لەگەڵ تاران بکرێت و دەرفەتێک بدرێتە دانوستاندن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ