ئیسرائیل پشتگیری لە بڕیارەکەی ترەمپ دەکات: ئاگربەست لوبنان ناگرێتەوە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەڵوێستی فەرمیی وڵاتەکەی سەبارەت بە بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ راگرتنی کاتیی هێرشەکان دژی ئێران راگەیاند. ئیسرائیل پشتگیریی خۆی بۆ ئاگربەستەکە نیشاندا، بەڵام بە چەند مەرجێکی تووند و بەدەرکردنی بەرەی لوبنان.
 
لە راگەیێندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلدا هاتووە: "ئیسرائیل پشتگیری لە بڕیارەکەی سەرۆک ترەمپ دەکات بۆ هەڵپەساردنی هێرشە سەربازییەکان دژی ئێران بۆ ماوەی دوو هەفتە،" بەڵام ئیسرائیل جەختی کردەوە، ئەم هەنگاوە بەندە بەوەی کە "ئێران دەستبەجێ تەنگەکان (تەنگەی هورمز) بکاتەوە و هەموو هێرشەکانی بۆ سەر ئەمریکا، ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکە رابگرێت."
 
لە پێشهاتێکی گرنگدا، ئیسرائیل هێڵی جیاکەرەوەی لە نێوان بەرەی ئێران و بەرەی لوبناندا کێشا. لە راگەیێندراوەکەدا بە راشکاوی هاتووە: "ئەم ئاگربەستە دوو هەفتەیییە ناوچەی لوبنان ناگرێتەوە." 
 
ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە، پشتگیری لە هەوڵەکانی ئەمریکا دەکات بۆ گەرەنتیی ئەوەی کە "ئێران چیدی نەبێتە هەڕەشەیەکی ئەتۆمی، مووشەکی و تێرۆریستی بۆ سەر ئەمریکا، ئیسرائیل، دراوسێ عەرەبەکان و جیهان."
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی نووسینگەی نەتەنیاهوو، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە فەرمی ئیسرائیلی دڵنیا کردووەتەوە کە لە دانوستاندنەکانی داهاتوودا، پابەند دەبێت بە بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەی کە واشنتن و تەلئەڤیڤ و هاوپەیمانە هەرێمییەکانیان لەسەری پێکهاتوون.
 
ئەم هەڵوێستەی ئیسرائیل تەنیا چەند کاژێرێک دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، لەسەر داوای پاکستان، بڕیاریداوە هێرشە وێرانکەرەکانی بۆ سەر ئێران بۆ ماوەی 14 رۆژ رابگرێت تاوەکو دەرفەت بۆ چارەسەری دیپلۆماسی و واژۆکردنی رێککەوتنی ئاشتیی درێژخایەن بڕەخسێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە