سعودیە پێشوازی لە ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی سعودیە خۆشحاڵیی خۆی بە ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران نیشان دەدات و رایدەگەیێنێت، ئەمە دەرفەتێکە بۆ هێورکردنەوەی گشتگیری ناوچەکە.
رۆژی چوارشەممە 08-04-2026، وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە بەیاننامەیەکدا پێشوازیی لەو رێککەوتنە کرد کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان سەبارەت بە ئاگربەستی نێوان واشنتن و تاران رایانگەیاندووە.
سعودیە لە بەیاننامەکەدا ستایشی "هەوڵە بەرهەمدارەکانی" شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان و عاسم مونیر، سوپاسالاری ئەو وڵاتەی کرد بۆ گەیشتن بەم رێککەوتنە.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، ریاز جەختی لەسەر گرنگیی تەنگەی هورمز کردووەتەوە و رایگەیاندووە، "پێویستە تەنگەی هورمز بە رووی هاتوچۆی کەشتیوانیدا کراوە بێت، ئەوەش بەپێی رێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریاکان لە ساڵی 1982، بەبێ ئەوەی هیچ جۆرە سنووردارکردنێکی بخرێتە سەر."
وەزارەتی دەرەوەی سعودیە هیوای خواست ئەم ئاگربەستە ببێتە دەرفەتێک بۆ گەیشتن بە هێورکردنەوەیەکی گشتگیر و بەردەوام، بە جۆرێک کە ئاسایشی ناوچەکە بەهێز بکات.
هەروەها داوای کردووە کۆتایی بە هەموو ئەو هێرش و سیاسەتانە بهێندرێت کە زیان بە سەروەری و سەقامگیریی وڵاتانی ناوچەکە دەگەیێنن.