بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی غەززە و کاردانەوەکان
رووداو دیجیتاڵ
کابینەی ئەمنیی ئیسرائیل بە زۆرینەی دەنگ پێشنیازی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی بۆ دەستبەسەرداگرتنی تەواوی کەرتی غەززە پەسند کرد. حەماس ئەمریکا بە بەرپرسیار دادەنێت و ژمارەیەک وڵاتی ئەورووپا و ناوچەکەش سەرکۆنەی بڕیارەکە دەکەن.
شەوی رابردوو کابینەی ئەمنیی حکومەتی ئیسرائیل بۆ پەسندکردنی پێشنیازی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کۆبووەوە و 10 کاژێری خایاند. نووسینگەی نەتەنیاهوو بەیانیی ئەمڕۆ پەسندکردنی پێشنیازەکەی راگەیاند.
نەتەنیاهوو پێش کۆبوونەوەکە رایگەیاند، کەرتی غەززە "داگیر دەکەن" و دەیدەنە دەست عەرەبەکان، بەڵام ناوی دەوڵەتەکەی ئاشکرا نەکرد. حکومەت بڕیاریدا ناوەکە بگۆڕێت بۆ "دەستبەسەرداگرتن."
ئیسرائیل لە کۆبوونەوەکەیدا ئەم مەرجانەی خوارەوەیشی داناوە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە:
- چەکدانانی حەماس و چەکداماڵین لە تەواوی کەرتی غەززە
- گەڕاندنەوەی بارمتەکان
- ئاسایشی ئیسرائیل دەستبەسەر کەرتی غەززە دا بگرێت
- حکومەتێکی مەدەنی پێکبهێنرێت لە دەستی حەماس و دەسەڵاتی فەلەستین دا نەبێت
بڕیارەکەی حکومەتی ئیسرائیل کاردانەوەی نێوخۆ، وڵاتی ناوچەکە و ئەورووپا و وەڵامی حەماسی بەدوای خۆیدا هێنا.
بزووتنەوەی حەماس
بزووتنەوەی حەماس جەختی کردەوە کە ئیدارەی ئەمریکا بەرپرسیارێتیی راستەوخۆی "تاوانی لەناوبردن و برسیکردن"ـی لە کەرتی غەززە لە ئەستۆدایە. حەماس دەڵێت، ئیسرائیل نەیدەتوانی ئەو تاوانانە ئەنجام بدات، ئەگەر گڵۆپی سەوزی ئەمریکا نەبوایە.
لەبارەی بەکارهێنانی زاراوەی "دەستبەسەرداگرتن" لەلایەن ئیسرائیلەوە لەبری "داگیرکاری"، حەماس دەڵێت، هەوڵێکی "ئاشکرایە بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتیی یاسایی" بەرامبەر بەو تاوانانەی ئەنجامی دەدات.
کاردانەوەی نێوخۆی ئیسرائیل دژی بڕیارەکەی حکومەت
یائیر لاپید، سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیل دوای بڕیارەکە رایگەیاند، پلانەکە "چەندین مانگ دەخایەنێت، بارمتەکان دەمرن و ژمارەیەکی زۆر سەربازیش دەکوژرێن."
بێنی گانتز، وەزیری بەرگریی پێشووی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە دا، بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی کەرتی غەززە "شکستێکی دیپلۆماسییە."
کەسوکاری بارمتەکانیش لە دژی بڕیارەکە خۆپێشاندانیان کرد و باوکی یەکێک لە بارمتەکان رایگەیاند، "نەتەنیاهوو مردنی بارمتەکانی پێ باشترە، چونکە ئەمە کارەکەی بۆ ئاسان دەکات، کاتێک هەمووان مردن، دەڵێت، تەواو ئێستا دەتوانین بچینە نێو غەززە و هەموو شوێنێک بۆردوومان بکەین."
کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان
بەریتانیا
کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بڕیارەکەی بە هەڵە ناوبرد و داوای پێداچوونەی بە بڕیارەکە کرد.
ستامەر گوتی، "ئەم کردارە هیچ بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە و ئازادکردنی بارمتەکان ناکات. تەنیا خوێنڕشتنی زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت."
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا داوای کرد یارمەتی مرۆیی زیاتر بچێتە نێو غەززە و بارمتەکانیش ئازاد بکرێن. گوتیشی، بەریتانیا کار لەسەر چارەسەری دوو دەوڵەت دەکات.
ئوسترالیا
پێنی وۆنگ، وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا داوای کرد ئیسرائیل لە بڕیارەکەی پەشیمان بێتەوە و "فراوانکردنی گرژییەکان تەنیا دۆخی مرۆیی غەززە خراپتر دەکات."
وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا گوتیشی، ئاوارەکردنی هەمیشەیی خەڵکی غەززە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
رووسیا
دمیتری پۆلیانسکی، نێردەی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارەکەی بە "هەنگاوێکی زۆر خراپ و ئاراستەیەکی تەواو هەڵە" ناوبرد.
مۆسکۆ لە سەرەتای جەنگەکەوە رەخنەی لە ئیسرائیل گرتووە و داوای ئاگربەستی کردووە.
تورکیا
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، بڕیارەکەی ئیسرائیل بۆ دەستبەسەرداگرتنی غەززە "قۆناخێکی نوێیە لە داگیرکارییەکەی و سیاسەتی جینۆساید لە ناوچەکە."
هۆڵەندا
کاسپەر ڤێڵدکامپ، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا دەڵێت، پلانی "حکومەتەکەی نەتەنیاهوو بۆ چڕکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکانیان لە غەززە هەنگاوێکی هەڵەیە. دۆخی مرۆیی کارەساتە لە غەززە و پێویستی بە بەرەوپێشچوونی دەستبەجێیە."
ئیسپانیا
خۆزێ مانوێل ئالبارێز، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا "بەتووند"ـی سەکۆنەی بڕیارەکەی کرد و رایگەیاند، "تەنیا کاولکاری و ئازاری زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت."
سویسرا
وەزارەتی دەرەوەی سویسرا ئاماژەی بەوە دا، "فراوانکردنی دووژمنکارییەکان دۆخە کارەساتە مرۆییەکەی ئێستا خراپتر دەکات."
جەنگی ئیسرائیل و حەماس 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 بە هێرشێکی حەماس دەستیپێکرد و وەڵامی ئیسرائیلی بەدوای خۆیدا هێنا. حەماس لە هێرشەکەی 1200 کەسی کوشت و 251ـی دیکەی بە بارمتە گرت. لە کەرتی غەززەش زیاتر لە 60 هەزار کەس کوژراون.
ئیسرائیل کۆنترۆڵی 75٪ـی کەرتی غەززەی کردووە، بەڵام سوپای ئیسرائیل تاڕادەیەک خۆی لە چوونە نێو ئەو 25٪ـی دیکە بەدوورگرتووە، کە زۆربەی خەڵکی سڤیل و کەمپی ئاوارەکان دەگرێتەوە و لەنێویشیان شاری غەززە لە نێوەڕاستی کەرتەکە لەخۆدەگرێت.
سوپای ئیسرائیل پێیوایە زۆربەی بارمتەکانی ماون لەو ناوچانە دەستبەسەرن و ترسی ئەوەیان هەیە لەوەی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆن بۆ سەر ئەو ناوچانە بکات و حەماسیش لە بەرامبەردا ئەو بارمتانە بکوژێت.
ئەو 25٪ـی ماوەتەوە نزیکەی 800 هەزار فەلەستینی تێدا دەژی و زۆربەیان پێشتر چەندین جار ئاوارە بوون.