خەڵکی خان یونس لەژێر گەمارۆی ئیسرائیلدا رووبەڕووی نەبوونی خۆراک و گرانی دەبنەوە


رووداو دیجیتاڵ

بڕیاری ئیسرائیل بۆ رێگرتن لە رۆیشتنی خۆراک و پێداویستییەکان بۆ کەرتی غەززە، کە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن دەچێتە خانەی تاوانی جەنگ و جینۆسایدەوە، بووەتە هۆی ئەوەی بەشێکی زۆری دانیشتووانی خواردنی پێویستیان دەستنەکەوێت. 
 
هەر بەهۆی ئەو بڕیارەوە گرانی، ناوچە فەلەستینییەکەی بەگیرهێناوە. کارمەندی رێکخراوە مرۆییەکان دەڵێن، ئەو بەرەوپێشچوونەی بۆ رێگریکردن لە قاتوقڕی لە ماوەی 6 هەفتەی یەکەمی ئاگربەست بەدیهێنرابوو، ئێستا بەهۆی رێگریکردن لە رۆیشتنی یارمەتییەکان بۆ کەرتی غەززە، خەریکە هەڵدەوەرێت. 
 
لە سەرانسەری کەرتی غەززە، نۆرەی دوور و درێژی خەڵک لە بەردەم ناوەندەکانی دابەشکردنی یارمەتیی مرۆییدا دەبینرێن کە خەونیان دەستکەوتنی پارووێکە بۆ کەسوکاریان کە لە ژێر چادر یان لەنێو داروپەرتووی ماڵە وێرانبووەکانیاندا دەمێننەوە. 
 
دوای 16 مانگ لە هێرشی ئاسمانی و وشکانیی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتەکە، غەززەییەکان سەرچاوەیەکی بژێوییان نەماوە پشتی پێ ببەستن و چاویان لەو بارهەڵگرانەیە کە موژدەی یارمەتییان بۆ دێنن. 
 
خەڵکەکە دەڵێن، ئەو یارمەتییەی پێیان دەدرێت بەشیان ناکات. 
 
بوشرا ئەبوبەکر، خەڵکی خان یونسە. دەڵێت: "دوایین جار یارمەتیمان وەرگرت، تەنیا کیسە ئاردێک بوو کە بەشمانی نەکرد."
 
رێگەگرتن لە رۆیشتنی خۆراک، سووتەمەنی، دەرمان و کارەبا و کەلوپەلی دیکە، وایکردووە بەهای کاڵاکان بەشێوەیەکی یەکجار زۆر بەرزبێتەوە. 
 
هەر بەهۆی ئەو کارەی ئیسرائیلەوە، پار لە لایەن باڵاترین دادگەی جیهانەوە، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یواڤ گالانت، وەزیری پێشووی بەرگریی ئیسرائیل، تۆمەتبارکران بەوەی تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە و خواردنیان وەکو چەک لەدژی خەڵکی غەززە بەکارهێناوە. هەر لەسەر ئەو بنەمایە، فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرکرا. 
 
لە ماوەی قۆناخی یەکەمی ئاگربەستدا، ئاژانسە مرۆییەکان رۆژانە 600 بارهەڵگری یارمەتیی مرۆییان گواستنەوە نێو کەرتی غەززە. 
 
فارس قەیسی، دانیشتووی خان یونس دەڵێت، دوو مانگی رابردوو دۆخەکە هەندێک باشتر بوو کە هێشتا ئاگربەست هەبوو، "بەڵام پێش ئەوە، دۆخەکە زۆر خراپ بوو. قات و قڕی بوو. کەس نەیدەتوانی تێر بخوات."
 
پرۆگرامی خۆراکی جیهانی، کە رێکخراوی سەرەکیی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ دابەشکردنی خۆراک، هەفتەی رابردوو گوتی، هیچ خۆراکێکی کۆگاکراوی ئەوتۆی لە غەززە نەماوە، چونکە هەر بڕێکی بۆ رۆیشتبێت، بەسەر خەڵکەکەدا دابەشیکردووە. 
 
هۆشداریشیدا کە ئەو سووتەمەنییەی ماوە، تەنیا بەشی چەند هەفتەیەک دەکات.