رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە قۆناخی "شەڕی سێبەر" و "بەرەی بەوەکالەت"ـەوە چووە قۆناخی شەڕی راستەوخۆی وڵاتان. ئەمە گەورەترین و مەترسیدارترین پەرەسەندنی سەربازییە لە ناوچەکەدا لە دوای جەنگی کەنداوەوە. بۆ چەندین دەیەیە ململانێی نێوان ئێران و رکابەرەکانی تەنیا لە رێگەی گرووپە چەکدارەکان و ئۆپەراسیۆنی نهێنییەوە بووە، بەڵام لە ماوەی 10 رۆژی ئەو جەنگە نوێیەدا سنوورەکان شکێنراون و پایتەختەکان راستەوخۆ دەکرێنە ئامانج.
ئەم 10 رۆژە ناوچەکەی خستە نێو دۆخێکی نادیار کە هەموو ئەگەرەکان تێیدا کراوەن، لە گۆڕینی رژێمەکانەوە تاوەکو دەستکاریکردنی نەخشەی سیاسیی ناوچەکە.
کاژێری سفر، مووشەکبارانی تاران
ئۆپەراسیۆنەکە کاژێر 6:00ی بەیانی بە کاتی ئیسرائیل دەستیپێکرد و فڕۆکە جەنگییەکان لە بنکەکانیانەوە فڕین. بۆ هێرشەکە ژمارەیەکی کەم فڕۆکە بەکارهات، بەڵام چەکی زۆر پێشکەوتوو و وردی دوورهاوێژیان پێبوو.
دوای 2 کاژێر و 5 خولەک لە فڕینی فڕۆکەکان، نزیکەی کاژێر 9:40ی بەیانی بە کاتی تاران، مووشەکەکان لە ئامانجەکە دران. لە کاتی هێرشەکەدا، بەرپرسە باڵاکانی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە باڵەخانەیەکدا بوون. خامنەیی لە باڵەخانەیەکی نزیک لەوێ بوو.
رۆژی 28ی شوباتی 2026، میدیای ئێران بڵاویکردەوە:" دەنگی چەند تەقینەوەیەکی گەورە لە تاران بیستراوە".
میدیای نزیک لە سوپای پاسداران بڵاویکردەوە، چەند مووشەکێک لە شەقامی زانکۆ و دەوروبەری شەقامی جمهوری کەوتوونەتە خوارەوە.
هاوکات ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاویکردەوە، دوو مووشەک لە ناوچەی سەید خەندانی تاران کەوتوونەتە خوارەوە.
هێرشەکان زۆرتر چڕکرابوونەوە بۆ سەر تاران، بە دیاریکراوی گەڕەکەکانی پایتەخت، بنکەی سەربازی و مووشەکی و پێگە حکومییەکان لەنێویاندا نزیک ماڵەکەی خامنەیی.
هەروەها چەندین هێرش کرانە سەر قوم، ئەلبورز (لەنێویاندا ناوچەی گەرمەدەرە)، ئەسفەهان، فارس، ورمێ، کرماشان، لوڕستان، سنە، ئیلام، زەنجان، هورمزگان (لەوانەش فڕۆکەخانەی دوورگەی کیش و قوتابخانەی میناب)، بوشەهر، تەورێز .
دوای چەند کاژێرێک لە دەنگی تەقینەوەکان وەزارەتی دەرەوەی ئێران راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکانی سەر ئەو وڵاتە بڵاوکردەوە و گوتی، ئەمریکا و ئیسرائیل کۆمەڵێک ژێرخانی بەرگری و ناوەندی مەدەنییان لە شارە جیاوازەکانی ئێران کردوونەتە ئامانج.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "ئەو هێرشانە لەکاتێکدان ئێران و ئەمریکا لە دانوستاندندا بوون. ئێمە سەرباری ئەوەی نیازی ئەمریکا و رژێمی زایۆنیمان دەزانی و لێمان روون بوو هێرشی سەربازی دەکەنە سەرمان، بۆ ئەوەی هیچ بیانوویەک نەدەینە دەستەوە چووینە نێو دانوستاندن".
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، "هۆکاری ئەوەی دەبوو ئێستا هەنگاو بنێین ئەوەیە کە دوای ئەوەی هێرشمان کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکان و بەرنامەی مووشەکە بالیستییەکانیان، ئەوان دەستیان کرد بە دروستکردنی بنکەی نوێ".
نەتەنیاهوو گوتیشی:"ئەوان حەشارگەی ژێرزەویان دروستکردبوو، کە وا دەکات بەرنامەی مووشەکە بالیستی و بۆمبە ئەتۆمییەکەیان لە ماوەی چەند مانگێکدا پارێزراو بن".
کوژرانی رێبەری باڵای ئێران
سەرەتای جەنگەکە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی زیندووە، بەڵام دان بەوەدا دەنێت کە لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا "یەک دوو" فەرماندەیان لەدەستداوە، ئەگەر چی زۆربەی بەرپرسەکان سەلامەتن. هەروەها ئاشکرای دەکات کە پێشتر لەگەڵ شاندی ئەمریکی "رێککەوتنی باشیان" کردبوو.
بەڵام کەناڵ 12 و دەستەی پەخشی ئیسرائیل گوتیان تەرمی خامنەیی لەژێر داروپەردوودا دەرهێنراوە کە پارچە مووشەکی بەرکەوتووە و وێنەکانی نیشانی نەتەنیاهوو و ترەمپیش دراون. ترەمپ هەروەها گوتوویەتی، "زۆربەی" بڕیاربەدەستە باڵاکان "نەماون". بەڵام بەرپرسانی ئێران، لەنێویاندا عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە، سوورن لەسەر ئەوەی کە خامنەیی "سەلامەتە" یان "تاوەکو ئێستا وەک ئەوەی من بزانم لە ژیاندا ماوە" و بەفەرمی کوژرانی لەلایەن ئێرانەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.
ئەو فەرماندە و بەرپرسە باڵایانەی دیکەی لە یەکەم هێرشدا کوژران بریتی بوون لە محەممەد پاکپوور، فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران، ئەمیر نەسرزادە (یان عەزیز نەسرزادە)، وەزیری بەرگریی ئێران. عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و راوێژکاری باڵای خامنەیی، سەرۆکی هەواڵگری، چەند فەرماندەیەکی دیکەی سوپای پاسداران، بەرپرسانی باڵای ئەتۆمی و حەوت سەرکردەی بەرگری دیکە.
دواتر دۆناڵد ترەمپ کوژرانی خامنەیی راگەیاند، دوای راگەیاندنی لەلایەن ترەمپەوە سوپای پاسداران لە رۆژی یەکشەممە، 1ـی ئاداری 2026 لە راگەیەندراوێکدا کوژرانی خامنەیی پشتڕاست کردەوە.
هەروەها بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 01-03-2026، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە راگەیێندراوێکدا کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە هێرشەکانی رۆژی 28ی شوباتی سوپای ئیسرائیل و ئەمریکا پشتڕاستکردەوە و دواتریش حکومەتی ئێران 40 رۆژ پرسەی راگەیاند و 7 رۆژیشی کردە پشوو.
دۆزینەوەی شوێنی رێبەری باڵای ئێران
بە گوتەی بەرپرسانی ئەمریکا کە ئاگاداری زانیارییە هەواڵگرییەکانی وڵاتەکەیانن، کوشتنی سەرکردە باڵاکانی ئێران دوای ئەوە هات، کە ئەمریکا و ئیسرائیل زانیاریی وردیان بە یەکدی دا.
کەمێک پێش ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل هێرش بکەنە سەر ئێران، دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا (سی ئای ئەی) شوێنی گرنگترین ئامانجیان دۆزییەوە، کە عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێران بوو.
بە گوتەی ئەو کەسانەی ئاگاداری ئۆپەراسیۆنەکە بوون، CIA بۆ چەندین مانگ چاودێریی خامنەیی کردبوو و زانیاریی وردی لەبارەی شوێن و جووڵەکانییەوە کۆکردبووەوە. دواتر دەزگاکە زانیاریی پێگەیشت کە بەیانیی رۆژی شەممە کۆبوونەوەیەک لەنێوان بەرپرسە باڵاکانی ئێراندا لە ناوەندی تاران دەکرێت. لە هەمووی گرنگتر، CIA زانیبووی کە رێبەری باڵاش لەوێ دەبێت.
بە گوتەی ئەو بەرپرسانەی ئاگاداری بڕیارەکان بوون، ئەمریکا و ئیسرائیل بڕیاریان دا کاتی هێرشەکەیان بگۆڕن، بۆ ئەوەی سوود لەو زانیارییە هەواڵگرییە نوێیە وەربگرن.
ئەو زانیارییانە دەرفەتێکی گرنگی بۆ هەردوو وڵات دروستکرد بۆ ئەوەی سەرکەوتنێکی گەورە و خێرا بەدەستبهێنن، کە ئەویش کوشتنی بەرپرسە باڵاکانی ئێران و عەلی خامنەیی بوو.
کوشتنی خێرای رێبەری باڵای ئێران، نیشانی دا ئەمریکا و ئیسرائیل زانیاریی زۆر وردیان لەبارەی سەرکردایەتیی ئێرانەوە کۆکردووەتەوە، بەتایبەتی دوای شەڕی 12 رۆژەی پار. ئۆپەراسیۆنەکە ئەوەشی دەرخست سەرکردەکانی ئێران خۆیان نەپاراستووە، لە کاتێکدا ئەمریکا و ئیسرائیل بە روونی رایانگەیاندبوو کە خۆیان بۆ شەڕ ئامادە دەکەن.
وەڵامی تاران بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل
رۆژی 1-3-2026 سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، "هێرشێکی تووند و بەرفراوانیان" بۆ سەر ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەستپێکردووە. سوپای ئێران و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئەو وڵاتە جەختیان کردەوە، ئەمە "تۆڵەسەندنەوەی خوێنی فەرماندە و رێبەرەکەیانە" و رایانگەیاند، وەک قەڵخانێک بۆ پاراستنی سەربەخۆیی وڵاتەکەیان دەمێننەوە.
هێرشە مووشەکییەکانی ئێران جیاواز لە شەڕی 12 رۆژە هەموو ناوچەکەی گرتەوەو هەریەک لە کوێت، ئیمارات، قەتەڕ، بەحرەین، عێراق هەرێمی کوردستان و چەند شوێنێکی دیکەی کردە ئامانج.
عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەڵێ، سوپای وڵاتەکەی هەوڵی هێرشکردنە سەر وڵاتانی ناوچەکە نادات، بەڵکو تەنیا ئەو بنکانە دەکاتە ئامانج کە ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاریان دەهێنێت.
ئەم لێدوانەی لاریجانی لە کاتێکدابوو، ئەمریکا و ئیسرائیل بە هاوبەشی هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر ژمارەیەک لە وڵاتی ناوچەکە کە بنکەی ئەمریکایان لێیە.
لاریجانی ئاماژەی بەوە کرد، کاتێک ئەمریکا بە پشتبەستن بە هێزەکانی لە ناوچەکەدا هێرش دەکاتە سەر ئێران، ئیدی ئەو بنکە سەربازییانە دەبنە ئامانجی هێرشەکانی تاران.
سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران گوتی، ئەو بنکە سەربازییانە بە بەشێک لە خاکی وڵاتانی ناوچەکە دانانێن، بەڵکو وەک "خاکی ئەمریکا" مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن و لێیان دەدەن.
دیاریکردنی ئەنجوومەنێکی سێ کەسی
کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران کەسێکی دیاریکرد بۆ ئەوەی لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکی دەسەڵاتی داد کاروباری رێبەری ئێران جێبەجێ بکەن.
رۆژی یەکشەممە 1ی ئاداری 2026، موحسین دێهنەوەیی، گوتەبێژی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران رایگەیاند، عەلی رەزا ئەعرافی دیاریکراوە بۆئەوەی لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمار و غوڵامحوسێن موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی داد تاوەکو هەڵبژاردنی رێبەرێکی نوێ کاروباری رێبەری ئێران راپەڕێنێت.
بەپێی دەستووری ئێران، رێبەر کەسی یەکەمی سیاسی و کارگێڕی وڵاتە. مادەی 107ی دەستووری ئێران ئاماژە بەوە دەکات کە رێبەر لەلایەن ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەرییەوە دەستنیشان دەکرێت و دەبێت دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی ئەو ئەنجوومەنە بەدەستبێنێت.
هەروەها ماددەی 111ی دەستووری ئێران رێکارەکانی قۆناخی دوای رێبەر دیاری دەکات و دەڵێت، لە ئەگەری کۆچی دوایی، دەستلەکارکێشانەوە یان لادانی رێبەر، تاوەکو کاتی هەڵبژاردنی رێبەری نوێ، ئەنجوومەنێکی کاتی (سەرۆککۆمار، سەرۆکی دەسەڵاتی داد و یەکێک لە شارەزایانی ئاینی لە ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور) سەرجەم ئەرکەکانی رێبەر رادەپەڕێنن.
هەڕەشەی سزای تووند لە ئێرانییەکان
دوای هێرشەکان و دەستپیکردنی جەنگەکە سوپای پاسداران هۆشداری دەدایە هاووڵاتییانی ئێران "هەر جۆرە جووڵەیەک کە ببێتەهۆی تێکدانی ئاسایش، وەک هاوکاریی راستەوخۆ لەگەڵ دووژمن هەژمار دەکرێت."
هەواڵگریی سوپای پاسداران رایگەیاند، "دووژمن پلانی هەیە بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی و دروستکردنی ئاژاوە لە شەقامەکان، وەک هەنگاوی دوای بۆردوومانکردنی هەندێک شوێنی سەربازی و بنکەکانی پۆلیس."
سوپای پاسداران رایگەیاند، "هەر جۆرە جووڵەیەک کە ببێتەهۆی تێکدانی ئاسایش، وەک هاوکاریی راستەوخۆ لەگەڵ دووژمن هەژمار دەکرێ و دامودەزگە ئەمنییەکان بە تووندی رووبەڕووی دەبنەوە."
هەروەها داواکاری گشتیی ئێران هۆشدارییەکی تووندی دایە ئەو ئێرانییانەی لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێن و بە هەر شێوازێک هاوکاری، هاودەنگی یان هاوڕێیەتی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل" دەکەن. سەرجەم دارایی و موڵک و ماڵیان لە نێوخۆی ئێران دەستی بەسەردا دەگیرێت.
داواکاری گشتیی ئێران لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەو کەسانەی لە دەرەوەی وڵاتن و "هاودەنگی و هاوکاریی دوژمنی دەستدرێژکاری ئەمریکی-سەهیۆنی" دەکەن، رووبەڕووی یاسا دەبنەوە.
رێگری لە هەڵبژاردنی رێبەری نوێ
شەوی دووشەممە، 2-3-2026 هێرش کرایە سەر نووسینگەی سەرەکیی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران لە تارانی پایتەختی ئەو وڵاتە.
ئەم هێرشانە لەکاتێکدان، ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران بەنیازبوون لە زووترین کاتدا لەسەر کەسێک بۆ رێبەریی نوێی ئەو وڵاتە رێکبکەون و کۆبوونەوەی تایبەت بە هەڵبژاردنی رێبەریی نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران بکەن.
بەپێی ماددەی 107ی دەستووری ئێران؛ ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری ئەرکی هەڵبژاردن، لەسەر کار لادان و چاودێریی کارەکانی رێبەریی ئێرانی هەیە.
بارگای سەرەکی ئەنجوومەنەکە لە تارانە و نووسینگەی قوومی ئەنجوومەنەکە، دووەمین پڕ کاریگەرترین نووسینگەکانی ئەم ئەنجوومەنەیە.
هێرشکردنە سەر کەرتی وزەی ئێران
شەوی شەممە و بەرەبەیانی یەکشەممە فڕۆکەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر کۆگەکانی سووتەمەنی و هێڵەکانی گواستنەوەی نەوت و گازی ئێران.
شەوی شەممە کۆگەکانی نەوت لە باشووری تاران و بەرەبەیانی یەکشەممەش، پاڵاوگەیەک و کۆگەی نەوتی (ئەقدەسییە) لە رۆژهەڵاتی تاران، کۆگەی نەوتی (شەهران) لە رۆژئاوای تاران و کۆگەی نەوتی فەردیس لە کەرەج کرانە ئامانج. ئێوارەی یەکشەممەش، کۆگەی سووتەمەنی لە فڕۆکەخانەی دوورگەی قیشم لە باشووری ئێرانیش بۆردوومان کرا.
جێگری پارێزگاری ئەلبورز رایگەیاند، لە هێرشەکەی کەرەج دا شەش کەس کوژراون و 21 کەس برینداربوون.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، چەند کۆگایەکی هەڵگرتنی سووتەمەنیی سەر بە سوپای پاسدارانی کردووەتە ئامانج. هەروەها رایگەیاند ئامانجە بۆردوومانکراوەکان شوێنی دابینکردنی سووتەمەنی بوون بۆ دامەزراوە سەربازییەکانی ئێران.
کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران پشتڕاستیکردووەتەوە، کۆگەکانی نەوت لە پارێزگاکانی تاران و کەرەج و بۆڕییەکانی گواستنەوەی سووتەمەنی لەو وڵاتە کراونەتە ئامانج و زیانیان بەرکەوتووە. راشیگەیاندووە، لە هێرشەکاندا چوار فەرمانبەری وەزارەتی نەوت کوژراون.
موحسین پاکنەژاد، وەزیری نەوتی ئێران دەڵێت، ئامانج لە کردنە ئامانجی ژێرخانی وزە و کۆگەکانی سووتەمەنیی ئێران ئەوەیە "خەڵک تووشی کێشە بکرێن"، بەڵام رێکاری پێویستیان گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی کێشەی کەمیی سووتەمەنی روونەدات.
گوتەبێژی قەرارگەی (خاتەمولئەنبیا)ـی ئێرانیش رایگەیاند "ئەگەر رێ لە هێرشکردنە سەر ژێرخانی ئێران نەگیرێت، ئەوانیش هێرشی هاوشێوە دەکەن". ئیبراهیم زولفەقاری دەڵێت، ئەگەر هێرشی هاوشێوە بکەن، نرخی بەرمیلێک نەوت دەگاتە سەرووی 200 دۆلار.
بەپێی سەرچاوە ئەمریکییەکان، ئەمریکا ناڕازییە لەو هێرشانەی ئیسرائیل بۆ سەر شوێن و دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران. ماڵپەڕی ئێکسیۆس بڵاویکردەوە کە ئەمریکا وایزانیوە کە ئیسرائیل بەشێوەیەکی سیمبوولی ژێرخانی نەوتیی ئێران بۆمباباران دەکات ، نەک بەوشێوە فرەوانە . هەر بۆ ئەم مەبەستەش جارید کۆشنەر و ستیڤ ویتکۆف سەردانی ئیسرائیل دەکەن .
هەڵبژاردنی رێبەری نوێ و کۆتاییهێنان بە مشتومڕەکان
ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری لە ئێران، موجتەبا خامنەیی، کوڕی عەلی خامنەیی وەک رێبەری نوێی وڵاتەکە دەستنیشان کرد. ئەم بڕیارە پاش هەفتەیەک لە کوژرانی عەلی خامنەیی لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دێت.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، 9ـی ئاداری 2026، ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری لە راگەیێندراوێکدا دەستنیشانکردنی موجتەبا خامنەیی، تەمەن 56 ساڵانی وەک سێیەمین رێبەری کۆماری ئیسلامی راگەیاند.
دیاریکردنی موجتەبا خامنەیی لەکاتێکدایە، چەندین ناوی دیکە وەک بەربژێر بۆ ئەو پۆستە دەهاتن، لەوانە: عەلیڕەزا ئەعرافی، ئەندامی ئەنجوومەنی کاتیی بەڕێوەبردنی وڵات؛ موحسین ئەراکی، کەسایەتیی تووندڕۆ و تەنانەت حەسەن خومەینی، نەوەی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی.
بەڵام ئەنجوومەنەکە دواجار بڕیاری لەسەر موجتەبا خامنەیی دا، بەوەش سیستمە سیاسییەکەی ئێران بەرەو "گواستنەوەی میراتیی دەسەڵات" هەنگاوی نا، شێوازێک کە عەلی خامنەیی لە ساڵی 2024دا بە فەرمی رەتیکردبووەوە و شۆڕشی ئێرانیش هەر بۆ کۆتاییهێنان بەو جۆرە دەسەڵاتە شاهانەییە بەرپا ببوو.
موجتەبا خامنەیی لە 8ـی ئەیلوولی 1969 لە شاری مەشهەد لەدایکبووە، یەکێکە لە 6 منداڵەکەی عەلی خامنەیی. موجتەبا تاوەکو ئێستا هیچ پۆستێکی فەرمی لە حکومەتدا نەبووە، بەڵام بە یەکێک لە کاریگەرترین کەسایەتییەکانی پشت پەردەی بڕیارە سیاسی و ئەمنییەکانی ئێران دادەنرا.
موجتەبا پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ سوپای پاسداران هەیە. مێژووی ئەم پەیوەندییە دەگەڕێتەوە بۆ بەشداریکردنی لە بەرەکانی جەنگی نێوان عێراق و ئێران لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا.
ئاماری کوژراو و برینداران
لە رۆژی دەیەمینی جەنگەکەدا وەزارەتی تەندروستیی ئێران ئامارێکی نوێی قوربانیانی بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت، ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە زیاتر لە هەزار و 250 کەس.
عەلی جەعفەریان، جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران، ئاماری قوربانیانی نۆ رۆژی شەڕی راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد: "تاوەکو کۆتایی رۆژی یەکشەممە، 17ی ئاداری 2026، لە ئەنجامی هێرشەکاندا 1,255 کەس کوژراون و 12,000 کەسی دیکەش بریندار بوون."
بەپێی گوتەکانی جەعفەریان، قوربانیانی شەڕەکە هەموو تەمەنەکانی تێدایە، بە شێوەیەک کە لەنێو کوژراوەکاندا منداڵێکی 8 مانگی و پیاوێکی تەمەن 88 ساڵ هەن، 200 ژن لەنێو کوژراوەکاندان
11 کارمەندی کەرتی تەندروستی گیانیان لەدەستداوە، 55 کارمەندی دیکەی پزیشکی بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ