رووداو - مەدینە
دوای نوێژی بەیانیان و عەسر دەرگای گۆڕستانی بەقیع دەکرێتەوە، بەشێک لەوانەی لە مزگەوتی پێغەمبەر (د. خ) نوێژیان کردووە، سەردانی گۆڕستانەکە دەکەن، بەڵام تەنیا رێگە بە پیاوان دەدرێت سەردانی بکەن.
بەقیع، لە سەردەمی پێغەمبەر محەممەدەوە (د. خ) لە ساڵی 622ی زایینییەوە، گۆڕستانی سەرەکیی خەڵکی شاری مەدینەیە، تاوەکو ئێستاش بەکاردەهێندرێت. رووبەری 180 هەزار مەتر چوارگۆشەیە و یەکێکە لە نزیکترین شوێنە مێژووییەکان لە بینای مزگەوتی پێغەمبەر (د. خ).
ئەو گۆڕستانە گۆڕی 10 هەزار هاوەڵی پێغەمبەر (د. خ) تێدایە، دیارترینیان عوسمانی کوڕی عەففان، عائیشەی هاوسەری پێغەمبەرە (د. خ) و هەموو هاوژینەکانی دیکەی پێغەمبەر (د. خ) جگە لە خەدیجەی کچی خوەیلید لەوێ بەخاک سپێردراون.
ئێستاش لە گۆڕستانەکە بەشێک لەو کەسانەی کە لە مەدینە کۆچی دوایی دەکەن تێیدا بەخاک دەسپێردرێت، بۆئەوەی شوێنی خەڵکی دیکە ببێتەوە، گۆڕەکان لەسەر یەکدی لێدەدرێن.