رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی دەڵێت، پێشنیازەکەی تایبەت بە راگەیاندنی ئاگربەستی غەززە بە خواستی ئەوان نییە، بەڵام هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەن و وەڵامەکەی دەدەنەوە نێوەندگیران.
رۆژی سێشەممە، 9ـی نیسانی 2024، بزووتنەوەی حەماس لە راگەیێندراوێکدا باسی لە پێشنیازە نوێیەکەی ئاگربەست کرد و رایگەیاند، "بە خواستی ئێمە نییە".
پێشنیازە نوێیەکە لەلایەن نێوەندگیرە میسری و قەتەرییەکانەوە درایە حەماس و چەند خاڵێکی سەرەکی لەخۆدەگرێت، لەوانە ئازادکردنی 40 بارمتە لە کەرتی غەززە لە لایەن بزووتنەوەی حەماسەوە، ئازادکردنی 700 زیندانیی فەلەستینی، لەوانەش 100 کەسیان سزای تاهەتاییان بەسەردا سەپێندراوە بە تاوانی ئەوەی هاووڵاتیی ئیسرائیلییان کوشتووە، راگەیاندنی ئاگربەست بۆ ماوەی 6 هەفتە.
حەماس دەیەوێت رێککەوتنێک بکرێت کە تێیدا کۆتایی بە جەنگەکە بهێندرێت و سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بکشێتەوە و رێگە بە ئاوارەکان بدرێت بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان.
بەڵام ئیسرائیل رەتی دەکاتەوە کۆتایی بە جەنگەکە بێنێت و دەڵێت، دەبیت حەماس لەنێو ببات.
ئۆپەراسیۆنی رەفەح
ئەمڕۆ سێشەممە، 9ـی نیسانی 2024، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی ئۆپەراسیۆنی سەر رەفەح دەستپێدەکات؛ ئاماژەی بەوەش کرد، "هیچ هێزێک نییە لە جیهان بتوانێت رێگری لەم ئۆپەراسیۆنە بکات".
دوێنێ دووشەممەش تەنیاهوو گوتی، رۆژی هێرشکردنە سەر شاری رەفەحییان دیاری کردووە، ئەوە لەکاتێکدایە چەندینجار هۆشداری بە ئیسرائیل دراوە هێرش نەکاتە سەر شارەکە.
رەفەح کەوتووەتە باشووری کەرتی غەززە و هاوسنوورە لەگەڵ میسر. پێش دەستپێکردنی جەنگی ئیسرائیل و حەماس، ژمارەی دانیشتووانی رەفەح 250 هەزار کەس بوو، بەڵام ئێستا سەرووی یەک ملیۆن کەسی تێدا دەژی و ئەوانی دیکە ئاوارەی شوێنەکانی دیکەی کەرتی غەززەن.
بەرپرسانی ئیسرائیل پێیان وایە کە زیاتر لە چوار کەتیبەی حەماس لەنێو شاری رەفەحن.
نەتەنیاهوو باسی لەو رۆژە نەکرد کە تێیدا هێرش دەکەنە سەر رەفەح، بەڵام گوتی،"سەرکەوتن دژی میلیشیاکانی حەماس پێویستی بەوەیە بچینە نێو رەفەح و کۆتایی بە کەتیبەکانی تیرۆریستان لەوێ بێنین".
گوتەکانی نەتەنیاهوو کاردانەوەی ئەمریکای لێکەوتەوە و ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رۆژنامەڤانانی گوت، "ئەوەمان بە روونی بە ئیسرائیل راگەیاندووە کە هێرشی سەر رەفەح زیانی گەورەی بۆ هاووڵاتییانی سڤیل دەبێت".
ئاگربەست
لە 24-11-2023 حەماس و ئیسرائیل لەسەر ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی بارمتە و بەندکراوان رێککەوتن.
لە کاروانی یەکەمدا بزووتنەوە فەلەستینییەکە 13 بارمتەی ئیسرائیلی و ئیسرائیلیش 39 بەندکراوی فەلەستینی ئازادکرد.
چەکدارانی حەماس، لە دووەم رۆژی ئاگربەستە چوار رۆژییەکەدا، 13 بارمتەی ئیسرائیلی و چوار تایلاندیان ئازاد کرد؛ لە بەرامبەردا 39 زیندانی فەلەستینی لەلایەن ئیسرائیلییەوە ئازاد کران.
لە کاروانی سێیەمدا سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "حەماس 17 بارمتەی رادەستی خاچی سوور کردووە کە 14یان ئیسرائیلی، دووانیان تایلاندی و ئەوی دیکەیان رووسییە". ئیسرائیلیش 39 بەندکراوی ئازادکرد.
دوای کۆتاییهاتنی ئاگربەستەکە، قەتەر نێوەندگیریی کرد و دوو رۆژی ئاگربەستەکە دیکە درێژکرایەوە.
لە کاروانی چوارەمدا، بەرپرسانی ئیسرائیل ئازادکردنی 33 بەندکراوی فەلەستینی و حەماسیش ئازادکردنی 11 هاووڵاتیی ئیسرائیلیان راگەیاند؛ بەمجۆرە کۆی گشتی ئازادکراوەکان گەیشتە 69 بارمتە و 150 بەندکراو.
چەند خولەکێک پێش تەواوبوونی ئاگربەستەکە، رۆژێکی دیکەش درێژکرایەوە و چەند بارمتە و بەندکراوێکی دیکە ئازادکران. بەمجۆرە لە ئاگربەستە حەوت رۆژییەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا 105 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانی ئازادکران و لە بەرامبەریشدا 240 زیندانیی فەلەستینی لەلایەن ئیسرائیلەوە ئازادکران؛ هەروەها 750 بارهەڵگری هاوکاری چوونە نێو غەززە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ