رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، سەرۆکی شاند. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی ئێران لە پاکستان پۆستێکی لە ئێکس کرد و نووسی، "ئەمشەو شاندێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی گفتوگۆ و پرسی ئاگربەست، دەگاتە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان"، بەڵام دواتر پۆستەکەی سڕییەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 9ی نیسانی 2026، رەزا ئەمیری موقەدەم، باڵیۆزی ئێران لە پاکستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، شاندە ئێرانییەکە لەسەر بانگهێشتی شەھباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان سەردانی ئەو وڵاتە دەکەن.
باڵیۆزی ئێران ئاماژەی بەوە کردبوو، هەرچەندە بەهۆی "پێشێلکارییە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ ئاگربەست"، جۆرێک لە گومان و بەدبینی لەنێو رای گشتیی ئێراندا بەرامبەر ئەم دەسپێشخەرییە دیپلۆماسییانە دروستبووە، بەڵام تاران بڕیاریداوە شاندەکەی بنێرێت.
رەزا ئەمیری موقەدەم نووسیبووی: "سەرەڕای رەشبینی بیروڕای گشتیی ئێران، بەهۆی پێشێلکارییە دووبارەکانی ئاگربەست لە لایەن رژیمی ئیسرائیلەوە کە ئامانجیان تێکدانی ئەم دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییەیە، ئەمشەو شاندێکی ئێرانی بۆ گفتوگۆی جیدی لەسەر بنەمای ئەو پلانە 10 خاڵییەی کە ئێران پێشنیازی کردووە، لەسەر بانگهێشتی شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان دەگاتە ئیسلام ئاباد."
دوای چەند خولەکێک لە پۆستەکەی، رەزا ئەمیری موقەدەم، باڵیۆزی ئێران لە پاکستان پۆستەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس سڕییەوە.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران لەوبارەوە بڵاویکردەوە، چەند خولەکێک لەمەوبەر، باڵیۆزی ئێران لە پاکستان نووسراوەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس سڕییەوە کە باسی لەوە کردبوو شاندی ئێران بە مەبەستی ئەنجامدانی گفتوگۆی "جیدی" لەبارەی پرسی ئاگربەست، ئەمشەو دەگاتە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان.
بەرەبەیانی چوارشەممە، ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیریی پاکستان، لەسەر راگەیاندنی ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی رێککەوتن. هەروەها بڕیارە رۆژی هەینی، 10ی نیسانی 2026، دانوستاندن لە نێوان شاندەکانی ئێران و ئەمریکا لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان دەستپێبکات.
هەرچەندە واشنتن و تاران لەسەر ئاگربەست رێککەوتوون، بەڵام ئیسرائیل رەتیدەکاتەوە شەڕ لە لوبنان رابگرێت و ئێرانیش کردنەوەى تەنگەى هورمزی بە گرێدانی لوبنان بە ئاگربەستەکە بەستووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ