ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان چڕتر دەکاتەوە و ئێران هۆشداریی لە تێکچوونی دانوستاندنەکان دەدات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئیسرائیل پێداگریی خۆی لەسەر بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بۆ سەر حیزبوڵڵا لە لوبنان دووپاتکردەوە، ئەمەش سەرەڕای نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکان لەوەی ئەو هێرشانە ببنە هۆی شکستهێنانی ئاگربەستەکەی نێوان واشنتن و تاران، کە بڕیارە ببێتە سەرەتایەک بۆ دانوستاندنی ئاشتی.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، تەنیا لە هێرشەکانی رۆژی چوارشەممەدا لانیکەم 203 کەس کوژراون و 1000 کەسی دیکەش بریندار بوون. 
 
هاوکات، حیزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە لە شارۆچکەی "بنت جبێل" لە باشووری وڵاتەکە، رووبەڕووبوونەوەی زەوینی سەخت لەنێوان چەکدارەکانیان و هێزەکانی ئیسرائیلدا روویداوە.
 
هۆشدارییەکانی ئێران
 
محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران پێیوایە لوبنان "بەشێکی جیانەکراوەیە لە ئاگربەست". لەلایەکی دیکەوە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بەوە کرد، هێرشەکانی ئیسرائیل وایان کردووە دانوستاندنەکانی کۆتایی هەفتە لەگەڵ نێردە ئەمریکییەکان لە پاکستان "بێمانا" بن.
 
ئەم گرژییانە لەکاتێکدا دێن، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشتر سەرکەوتنی خۆی لە راگەیاندنی ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی راگەیاندبوو، تاوەکو رێگە بۆ دانوستاندنی نێوان واشنتن و تاران خۆش بکات. بەڵام ئیسرائیل و ئەمریکا جەخت دەکەنەوە کە شەڕی لوبنان ناچێتە چوارچێوەی ئەو ئاگربەستەوە.
 
نەتەنیاهوو: بەردەوام دەبین
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، "بەردەوام دەبین لە لێدانی حیزبوڵڵا بە هێز و بە وردی و پێداگری. پەیامی ئێمە روونە: هەرکەسێک دژی سڤیلەکانی ئیسرائیل بجووڵێتەوە، لێی دەدەین."
 
هاوکات لە ئیسلام ئاباد، باڵیۆزی ئێران پۆستێکی سۆشیاڵ میدیای سڕییەوە کە تێیدا هاتبوو شاندێکی ئێرانی رۆژی پێنجشەممە دەگەنە پاکستان؛ بەرپرسێکی باڵیۆزخانەکەش راگەیاند، پۆستەکە بەهۆی "هەندێک پرسەوە" سڕدراوەتەوە و ئامادە نەبوو بڵێت شاندەکە دەگەن یان نا.
 
کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان
 
کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند: "کردەوەکانی ئیسرائیل ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران دەخەنە ژێر گوشارێکی زۆرەوە، پێویستە ئاگربەستەکە لوبنانیش بگرێتەوە."
 
هەروەها وەزیرانی دەرەوەی فەڕەنسا و بەریتانیا هێرشەکانیان سەرکۆنە کرد و داوایان کرد ئاگربەستەکە گشتگیر بێت. ڤۆڵکەر تورک، کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاستی قوربانییەکانی لوبنانی بە "مەترسیدار" وەسفکرد.
 
هەڵوێستی واشنتن
 
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا پشتگیریی ئیسرائیلی کرد لەوەی لوبنان لە ئاگربەستەکەدا دەر کراوە. ڤانس کە بڕیارە سەرۆکایەتیی شاندی وڵاتەکەی بکات لە دانوستاندنەکانی ئیسلام ئاباد گوتی: "ئەگەر ئێران دەیەوێت بەهۆی لوبنانەوە دانوستاندنەکان تێکبدات، ئەوە بژاردەی خۆیانە؛ چونکە لوبنان هیچ پەیوەندییەکی بەوانەوە نییە و ئەمریکاش هەرگیز نەیوتووە لوبنان بەشێکە لە ئاگربەستەکە."
 
تەنگەی هورمز و پرسی ئەتۆمی
 
لەلایەکی دیکەوە، محەممەد ئیسلامی، سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمیی ئێران، پێشنیازەکانی واشنتنی بۆ سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی وەک مەرجێکی ئاگربەست رەتکردەوە و گوتی: "داواکاریی دووژمنانمان بۆ سنووردارکردنی پیتاندن، تەنیا خەونێکە و دەنێژرێت."
 
جگە لە پرسی ئەتۆمی، دۆخی تەنگەی هورمز وەک خاڵێکی سەرەکیی ناکۆکی ماوەتەوە. ئێران رێڕەوی جێگرەوەی بۆ کەشتییەکان دیاری کردووە و باس لە مەترسیی "مینە دەریاییەکان" دەکات. ئەمەش لەکاتێکدایە واشنتن هۆشداری داوە کە داخستنی تەنگەکە "بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا

ماکرۆن: ئاگربەست دەبێت لوبنانیش بگرێتەوە

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا پشتگیریی خۆی بۆ ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران دەربڕی و جەختی کردەوە کە دەبێت ئەم ئاگربەستە لوبنانیش بگرێتەوە، تاوەکو متمانەپێکراو و بەردەوام بێت.