سەرۆکی لوبنان: پێویستە لوبنان ببێتە بەشێک لە ئاگربەستی نێوان واشنتن و تاران

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
گەشاو خالید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆککۆماری لوبنان رایگەیاند، پێویستە لوبنان ببێتە بەشێک لە هەر رێککەوتنێکی ئاگربەست کە لە نێوان واشنتن و تاران دا دەکرێت. هاوکات سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتەش بڕیاریدا چەک لە بەیرووت تەنیا بە دەست هێزە فەرمییەکانەوە بێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، جۆزێف عەون لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا رایگەیاند: "لەو پەیوەندییانەی من و سەرۆکوەزیران لەگەڵ وڵاتانی دۆست دەیکەین، داوامان کردووە هاوشێوەی ئەو دەرفەتەی دراوە بە ئەمریکا و ئێران، دەرفەت بە لوبنانیش بدرێت بۆ راگرتنی شەڕ و دەستپێکردنی دانوستان."
 
سەرۆکی لوبنان جەختی لە سەروەریی وڵاتەکەی کردەوە و گوتی: "ئێمە دەوڵەتین و خاوەن کیانی خۆمانین، دەوڵەت خۆی دانوستان دەکات و رێگە نادەین هیچ لایەنێکی دیکە لە بری ئێمە گفتوگۆ بکات، چونکە توانای تەواومان بۆ دانوستاندن هەیە."
 
لەلایەکی دیکەوە، نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان رایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیران دوو بڕیاری گرنگی داوە؛ یەکەمیان بەرزکردنەوەی سکاڵایەکی بەپەلە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی پێشهاتی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، بەتایبەتی هێرشەکانی سەر بەیروت کە بوونە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر لە مەدەنییەکان.
 
سەبارەت بە بڕیاری دووەم، نەواف سەلام ئاشکرای کرد کە فەرمان بە سوپا و هێزە ئەمنییەکان دراوە بەپەلە دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر تەواوی پارێزگای بەیروتدا بسەپێنن و "چەک تەنها لە دەستی هێزە شەرعییەکاندا بێت." هەروەها جەختی کردەوە کە رێکاری تووند بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر و رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە.
 
بەرەبەیانی چوارشەممە، ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیریی پاکستان، لەسەر راگەیاندنی ئاگربەستێکی کاتی دوو هەفتەیی رێککەوتن. بڕیارە رۆژی هەینی، 10ی نیسانی 2026ـیش، دانوستاندن لە نێوان شاندەکانی ئێران و ئەمریکا لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان دەستپێبکات.
 
هەرچەندە واشنتن و تاران لەسەر ئاگربەست رێککەوتوون، بەڵام ئیسرائیل رەتیدەکاتەوە شەڕ لە لوبنان رابگرێت و ئێرانیش کردنەوەى تەنگەى هورمزی بە بوونى لوبنان لە ئاگربەستەکە بەستووەتەوە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا

ماکرۆن: ئاگربەست دەبێت لوبنانیش بگرێتەوە

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا پشتگیریی خۆی بۆ ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران دەربڕی و جەختی کردەوە کە دەبێت ئەم ئاگربەستە لوبنانیش بگرێتەوە، تاوەکو متمانەپێکراو و بەردەوام بێت.