هاکان فیدان: پێویستە رێگە نەدرێت حکومەتی نەتەنیاهوو جارێکی دیکە گفتوگۆکان تێکبدات

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، "پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئامادە بێت و کاردانەوەی پێویستی هەبێت بەرامبەر ئەگەری هەنگاوە تێکدەرانەکانی ئیسرائیل."
 
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9ـی نیسانی 2026، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و ئەسعەد حەسەن شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، دوای کۆبوونەوەیان لە ئەنقەرە، کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشیان ئەنجامدا.
 
هاکان فیدان، جەختی لەوە کردەوە پێویستە وانە لە قەیرانەکان وەربگیرێت و بە ژیرانە مامەڵە لەگەڵ کردەوەکانی ئیسرائیل بکرێت، کە ئامانجیان تێکدانی پرۆسەی دانوستاندنە و گوتی: "هیوادارین لە ناوچەکەدا بناخەیەکی نوێی ئەمنی و ئاشتی دابمەزرێت، کە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی کەنداویش لەخۆبگرێت لەسەر بنەمایەکی پتەو. وەک تورکیا، جارێکی دیکە رایدەگەیێنم کە ئامادەین لەم پرۆسەیەدا رۆڵێکی چالاک بگێڕین و هەموو جۆرە هاوکارییەکی پێویست پێشکێش بکەین."
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتیشی، "ئیسرائیل کۆمەڵکوژییەکەی لە غەززە ئێستا دەگوازێتەوە بۆ لوبنان،" جەختی لەوە کردەوە هێشتا مەرەکەبی ئاگربەستەکە وشک نەبووەتەوە، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان بەبێ جیاوازیی منداڵ و سڤیل، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی سەتان کەس و ناوچەکەی بەرەو قەیرانێکی مرۆیی قووڵتر بردووە.
 
فیدان، ئاماژەی بەوەش کرد، کۆتاییهێنان بە "داگیرکاریی ئیسرائیل" لە لوبنان و پاراستنی خەڵکی سڤیل بووەتە کارێکی لەپێشینە کە دواخستن هەڵناگرێت و گوتی، "جارێکی دیکە جەخت لەم خاڵە گرنگە دەکەمەوە، کە بۆ ئارامیی هەموو ناوچەکەمان و سەقامگیریی جیهان گرنگە؛ بە دڵنیاییەوە نابێت رێگە بدرێت حکومەتی نەتەنیاهوو جارێکی دیکە ئاگربەست لە ناوچەکە و پرۆسەکانی دانوستاندن کە بە هەوڵێکی زۆر دامەزراون، تێکبدات."
 
سەبارەت بە پرۆسەی ئاگربەستی کاتیی نێوان ئەمریکا و ئێران، فیدان گوتی: "رەنگە دوو هەفتە بەس نەبێت. ئەگەر لایەنەکان رێکبکەون، رەنگە ئاگربەستەکە بۆ ماوەیەکی دیکە درێژ بکرێتەوە و گفتوگۆکان بەردەوام بن. هیوادارین و هەوڵیشمان بۆ ئەوە دەبێت؛ کە ئەم گفتوگۆیانە بە نیازپاکی دەست پێبکەن و بگەنە ئەنجام. جیهان پێویستی بەمەیە، ناوچەکە پێویستی بەمەیە. هەم ئێران و هەم ئەمریکاش توانای ئەنجامدانی ئەمەیان هەیە و وڵاتانی ناوچەکەش ئامادەن هەموو جۆرە هاوکارییەکی بنیاتنەرانە پێشکەش بکەن."
 
شەیبانی: پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل رێگرن لە نێوەندگیریی ئەمریکا
 
هەر لەم کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەدا، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، رایگەیاند کە پێشێلکارییە بەردەوامەکانی ئیسرائیل دژی وڵاتەکەی، بوونەتە هۆی پەکخستنی نێوەندگیریی ئەمریکا لەنێوان دیمەشق و تەلئەڤیڤ بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.
 
شەیبانی، ئاماژەی بەوە کرد، ئیسرائیل بەردەوامە لە پێشێلکردنی سەروەری و ئاسمانی سووریا و ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدات، ئەمەش بووەتە هۆی پەکخستنی نێوەندگیریی ئەمریکا بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.
 
وەزیری دەرەوەی سووریا داوای کرد، "پێویستە ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پاڵپشتیی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 1974 بکەن و داوا لە هێزەکانی ئیسرائیل بکرێت لە خاکی سووریا بکشێنەوەو رێگە بدرێت گەلێک کە بەدەست جەنگەوە ماندوو بووە، وڵاتە وێرانبووەکەی ئاوەدان بکاتەوە."
 
لە چەند مانگی رابردوودا، بە سەرپەرشتیی ئەمریکا، چەندین کۆبوونەوەی ئیسرائیلی و سووری لە لەندەن و پاریس بەڕێوەچوون بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتن، بەڵام وەک شەیبانی دەڵێت، "پێشێلکارییە بەردەوامەکانی ئیسرائیل رێگر بوون".
 
ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سەروەریی سووریا، لەم مانگانەی دواییدا، نزیکەی رۆژانە بوونەتەوە و ئۆپەراسیۆنی گەڕان و پشکنینی ماڵان و دانانی خاڵی پشکنین و دەستگیرکردنی هاووڵاتییانی سڤیلیان تێدایە.
 
دوای رووخانی حکومەتی بەشار ئەسەد لە 8ی کانوونی یەکەمی 2024، ئیسرائیل هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی جیاکردنەوەی هێزەکانی راگەیاند، کە لە ساڵی 1974ـەوە لەنێوان هەردوولادا واژۆ کرابوو و ناوچەی پارێزراوی سووریای داگیرکرد.
 
لەگەڵ تورکیا سنوورەکانمان کۆنترۆڵ دەکەین 
 
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ تورکیا، شەیبانی گوتی: "لەگەڵ تورکیا قۆناخێکی نوێی هاوبەشیمان لە بوارەکانی ئاوەدانکردنەوە، وزە، بازرگانی و هەماهەنگیی ئەمنی بۆ کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان دەستپێکردووە."
 
گوتیشی: "بەردەوامین لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە و ئاراستەکەمان روونە؛ یەک وڵات و یەک سوپا."
 
رۆژی 30ی کانوونی دووەمی رابردوو، حکومەتی سووریا گەیشتن بە "رێککەوتنێکی گشتگیر"ی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) راگەیاند، کە ئامانجی کۆتاییهێنانە بە دابەشبوون لە وڵاتەکەدا و دامەزراندنی قۆناخێکی نوێی یەکگرتنەوەیە.
 
ئێران و ئەمریکا
 
لەلایەکی دیکەوە، وەزیرە سوورییەکە پێشوازیی لە ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران کرد و گوتی: "هیوادارین بگاتە سەقامگیرییەکی هەمیشەیی کە مەترسی لەسەر هەموو ناوچەکە دووربخاتەوە."
 
زیاتر گوتی: "راشکاوانە پاڵپشتیی خۆمان بۆ ئەو وڵاتە عەرەبییانە راگەیاند، کە رووبەڕووی بۆردوومانی بێ پاساوی ئێران بوونەتەوە و پاڵپشتیی بژاردەی قۆرخکردنی سەروەریمان لە لوبنان و عێراق بە دەستی دەوڵەت کرد، نەک قەوارە چەکدارەکانی دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت."
 
شەیبانی، ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی "زیاتر لە 14 ساڵە بەدەست دەستێوەردانەکانی ئێران و میلیشیاکانییەوە دەناڵێنێت و دەستێوەردانەکانی دۆخی سووریای ئاڵۆز کردووە، کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی یەک ملیۆن کەس، ئاوارەبوون و پەنابەربوونی 15 ملیۆن سووری و وێرانبوونی 4 ملیۆن ماڵی سووری."
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هێرشەکانی تەلئەبیب بۆ سەر لوبنان، شەیبانی گوتی: "سەرکۆنەی بۆردوومانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان دەکەین و جەخت لەوە دەکەینەوە، کە لەگەڵ حکومەتداین لەم بارەیەوە."
 
گوتیشی: "پشتیوانیی چەکداماڵینی حیزبوڵڵا دەکەین و چاوەڕوانی هاوبەشییەکی ستراتیژین لەگەڵ لوبنان، چونکە وڵاتێکی دراوسێمانە و پەیوەندیی دێرینمان هەیە و سوپاسی دەکەین بۆ میوانداریکردنی پەنابەرانی سووری."
 
ئەمریکا و ئێران، بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، ئاگربەستێکیان بۆ ماوەی دوو هەفتە بە نێوەندگیریی پاکستان راگەیاند، وەک ئامادەکارییەک بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی بۆ راگرتنی ئەو شەڕەی کە واشنتن و تەلئەڤیڤ لە 28ی شوباتی رابردوو دژی تاران دەستیان پێکردبوو.
 
سەرەڕای ئەوەی ئیسلامئاباد و تاران جەختیان لەوە کردەوە، کە ئاگربەستەکە لوبنانیش دەگرێتەوە، واشنتن و تەلئەبیب ئەمەیان رەتکردەوە و سوپای ئیسرائیل هێرشی بۆ سەر لوبنان ئەنجامدا، کە بە "تووندترین" هێرش لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە وەسف کرا. بەپێی بەرگریی شارستانیی لوبنان. لە یەکەم رۆژی ئاگربەستەکەدا 254 کەس کوژران و 1165 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، تاوەکو رۆژی چوارشەممە، هێرشە بەرفراوان و بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان لە 2ی ئادارەوە بووەتە هۆی "گیانلەدەستدانی 1739 کەس و برینداربوونی 5873 کەسی دیکە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 تیمەکانی فریاگوزاری لە بەیروت بەدوای قوربانیانی هێرشێکی سوپای ئیسرائیلدا دەگەڕێن. وێنە: AP

سوپای ئیسرائیل: سکرتێر و راوێژکاری نەعیم قاسممان لە بەیرووت کوشت

سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکی بەپەلەدا ئاشکرای کرد کە توانیویانە لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر بەیرووتی پایتەختی لوبنان، سکرتێری تایبەت و راوێژکاری نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا بکوژن.