وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر حەماس لە دەوحە سەركۆنە دەکەن

09-09-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی سەرکۆنەی ئەو هێرشەی ئیسرائیل دەکەن کە شوێنی ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماسی لە دەوحە کردە ئامانج.
 
قەتەر
 
ماجید ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە راگەیێندراوێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس بڵاویکردەوە: "ئەو دەستدرێژییە تاوانکارییە پێشێلکردنی هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکانە و هەڕەشەیەکی جیدییە بۆ سەر ئاسایش و سەلامەتیی قەتەرییەکان و دانیشتووانی وڵاتەکە."
 
ماجید ئەنساری دەڵێ: "دەوڵەتی قەتەر بە تووندی ئەم دەستدرێژییە سەركۆنە دەکات و جەخت دەکاتەوە کە سازش لەسەر ئەم مامەڵە بێباکانەی ئیسرائیل ناکات؛" هەروەها دەڵێت، سازش لەسەر هیچ کارێک ناکەن کە ئاسایش و سەروەریی وڵاتەکە بکاتە ئامانج.
 
ئاماژەی بەوەش کرد: "لێکۆڵینەوەکان لە بەرزترین ئاستدا بەردەوامن و زانیاریی زیاتر بە زووترین کات رادەگەیێندرێ."
 
سعودیە
 
ئاژانسی هەواڵی سعودیە بڵاویکردەوە، محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر ئەنجامداوە و تێیدا جەختی لە پشتگیریی تەواوی وڵاتەکەی بۆ قەتەر کردووەتەوە و هێرشەکەی ئیسرائیلی سەركۆنە کردووە.
 
شازادەی جێنشینیی سعودیە رایگەیاندووە، سعودیە هەموو توانایەکی دەخاتەگەڕ بۆ پشتگیریکردنی قەتەر و ئەو رێوشوێنانەی پێویستن بۆ پاراستنی ئاسایشی.
 
ئوردن
 
دیوانی شاهانەی ئوردن بڵاویکردەوە، شا عەبدوڵڵای دووەم پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر ئەنجامداوە و تێیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە "ئاسایشی قەتەر، ئاسایشی ئوردنە." هەروەها هەڵوێستی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە کە هەر کارێک رەتدەکەنەوە کاریگەریی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی قەتەر هەبێ.
 
هاوکات ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن بە "تووندترین شێوە" هێرشەکەی ئیسرائیلی بۆ سەر قەتەر سەركۆنە کرد.
 
سەفەدی داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد "سنوورێک بۆ ئیسرائیل دابنرێ و هێرشەکانی رابگرێ."
 
ئیمارات
 
ئەنوەر قەرەقاش، راوێژکاری دیپلۆماسیی سەرۆکی ئیمارات، هێرشەکەی ئیسرائیلی سەركۆنە کرد و لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند: "ئاسایشی وڵاتانی کەنداو یەکپارچەیە و دابەش ناکرێت."
 
ئەنوەر قەرەقاش گوتیشی: "بە دڵ و گیان لەگەڵ قەتەری برا دەوەستین و سەرکۆنەی ئەو هێرشە ناڕەوایەی ئیسرائیل دەکەین کرایە سەری."
 
لای خۆیەوە عەبدوڵڵا بن زاید، وەزیری دەرەوەی ئیمارات نووسی: "هاوسۆزیی تەواومان لەگەڵ قەتەری خۆشەویست هەیە."
 
کوێت
 
وەزارەتی دەرەوەی کوێت، ئەو "دەستدرێژییە دڕندانەیە"ی سەركۆنە کرد کە ئیسرائیل کردیە سەر قەتەر.
 
وەزارەتەکە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ئەم دەستدرێژییە "پێشێلکارییەکی زەقی هەموو یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکانە و هەڕەشەیەکی جیدییە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و راستەوخۆ هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و ئاشتیی نێودەوڵەتی."
 
عومان
 
وەزارەتی دەرەوەی عومان پشتیوانی خۆی بۆ قەتەر دەربڕی و بە تووندی سەرۆکۆنەی هێرشەکەی ئیسرائیلی کرد.
 
وەزارەتەکە لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئەم کردەوەیەی تیرۆری سیاسی، پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەریی وڵاتانە و زیادبوونی مەترسیداری گرژییەکانە."
 
فەلەستین
 
حوسێن شێخ، جێگری سەرۆکی دەسەڵات فەڵەستین رایگەیاند: "دەستدرێژیی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر، هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە."
 
میسر
 
سەرۆکایەتیی میسر بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی ئیسرائیلی بۆ سەر قەتەر کرد و بە "پێشهاتێکی مەترسیدار، پەرەسەندنێکی قبووڵنەکراو و هەڵکشانێک کە هەوڵە نێودەوڵەتییەکانی هێورکردنەوە تێکدەدات" ناوی برد.
 
لوبنان
 
جۆزێف ‌عۆن، سەرۆکی لوبنان رایگەیاند: "دەستدرێژیی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە، نیشاندەری پێداگریی ئەو وڵاتەیە لەسەر تێکدانی هەوڵەکانی سەقامگیری لە ناوچەکە."
 
جۆزێف ‌عۆن گوتی: "لوبنان هاوسۆزیی قەتەری برا و پشتگیری دەکات لە سەرکۆنەکردنی ئەم دەستدرێژییە تاوانکارییە."
 
جەزائیر
 
وەزارەتی دەرەوەی جەزائیر بە تووندی ئەو هێرشەی شەرمەزار کرد کە دەوحەی کردە ئامانج. 
 
وەزارەتەکە پشتیوانی "تەواو و بێ مەرجی" خۆی بۆ "دەوڵەتی قەتەری برا لە رووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە نائاساییەدا" دەربڕی.
 
یەمەن
 
مەهدی مەشات، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی حوسییەکان، سەرکۆنەی هێرشەکەی ئیسرائیلی کرد. 
 
مەهدی مەشات گوتی: "ئەو دەستدرێژییەی زایۆنییەکان لە قەتەر و لێدوانە بێشەرمانەکانی دووژمن لەبارەیەوە، لەگەڵ پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتێک، زەنگی ئاگادارکردنەوەیە بۆ هەموو وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی؛ بۆیە پێویستە وریابین پێش ئەوەی درەنگ بێت."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە