رووداو دیجیتاڵ
فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا گومانی خۆی لە بوونی "پلانێکی روون" بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران نیشاندا و هۆشداری لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو وڵاتە دەدات.
دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، شەڕی دژی ئێران "بەمزووانە کۆتایی دێت"، فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ ئاندرێ بابیش، سەرۆکوەزیرانی چیک، وەڵامی ترەمپی دایەوە و گوتی: "ئێمە نیگەرانین لەوەی بە روونی هیچ پلانێکی هاوبەش بۆ کۆتاییهێنانێکی خێرا و بڕواپێکەر بەم شەڕە لە ئارادا نییە."
بە گوتەی راوێژکاری ئەڵمانیا، ئامانجەکانی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران تاوەکو ئاستێکی زۆر لەگەڵ دیدگای بەرلین هاوتەریبن، بەڵام جەختی کردەوە: "ئێمە بەرژەوەندیمان لە شەڕێکی نەبڕاوەدا نییە. هەروەها بەرژەوەندیمان لە پارچەپارچە کردنی خاک، دەوڵەت و توانای ئابووریی ئێراندا نییە."
راوێژکاری ئەڵمانیا بارودۆخی ئێستای بە "گرژییەکی ترسناک" وەسفکرد و گوتی، جیهان پێویستی بە "ئێرانێکی سەقامگیر و بەهێز"ـە وەک بەشێک لە سیستمی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە، بە جۆرێک کە نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل و هاوبەشەکانی دیکە.
فرێدریش مێرتس هۆشداریی دا ئەگەر شەڕەکە بەم شێوەیە پەرە بسێنێت، لێکەوتەی خراپی بۆ سەر ئەورووپا دەبێت، بەتایبەتی لە رووی "ئاسایش، دابینکردنی وزە و ئەگەری دروستبوونی قەیرانی کۆچبەران."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ