وەزارەتی بەرگریی کوێت: لە 24 کاژێری رابردوودا 7 درۆن هاتوونەتە ئاسمانی وڵاتەکەمان

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی کوێت دەڵێ، لە 24 کاژێری رابردوودا 7 درۆن چوونەتە ئاسمانی وڵاتەکەی؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "لە ئەنجامی هێرشەکانی ئێران" چەند دامەزراوەیەکی هەستیار زیانیان بەرکەوتووە و برینداریش هەن.
 
عەقید روکن سعود عەبدولعەزیز عەتوان، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی کوێت رایگەیاند: "هێزە چەکدارەکان لە 24 کاژێری رابردوودا 7 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دووژمنیان لە ئاسمانی کوێت دەستنیشان کردووە و بەپێی رێکارە پەسندکراوەکان مامەڵەیان لەگەڵ کراوە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی کوێت هێرشەکەی خستە ئەستۆی ئێران و گوتی: "لە ئەنجامی ئەو دەستدرێژییە ئێرانییەدا ژمارەیەک دامەزراوەی هەستیاری سەر بە پاسەوانی نیشتمانی کرانە ئامانج، بەوهۆیەوە چەند ئەندامێکی پاسەوانی نیشتمانی بریندار بوون."
 
سەبارەت بە دۆخی بریندارەکان، عەقید سعود ئاماژەی بەوە کرد، ئەو کەسانە چارەسەریان بۆ کراوە و باری تەندروستییان جێگیرە؛ گوتیشی، هێرشەکان "زیانی مادیی گەورە"ـیان هەبووە.
 
ئەمە لەکاتێکدایە، بەرەبەیانی رۆژی 8ی ئەم مانگە، ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیریی پاکستان، لەسەر راگەیاندنی ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی رێککەوتن و سوپای پاسدارانیش دوێنێ پێنجشەممە رایگەیاند، لە دوای راگەیاندنی ئاگربەستەوە هیچ هێرشێکی نەکردووەتە سەر هیچ وڵاتێک. 
 
بڕیارە رۆژی شەممە، هەردوو شاندی ئەمریکا و ئێران لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان کۆببنەوە بۆ دانوستاندن بە مەبەستی رێککەوتن.