رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان پەیامێکی ئاراستەی گەلی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل لە ماوەی 40 رۆژی جەنگدا نەیتوانیوە ئامانجەکانی بپێکێت و لە مەیدانی جەنگدا شکستی هێناوە.
ئەمڕۆ هەینی، نەعیم قاسم، لە پەیامێکدا رایگەیاند: "دووژمنی ئیسرائیلی لە مەیدانی جەنگدا بەرامبەر پاڵەوانانی مقاومە پەکیکەوتووە و نەیتوانیوە وەک چەندین جار رایگەیاندبوو، هێرشی زەوینی بکات."
نەعیم قاسم ئاماژەی بەوە کرد، سەرباز و ئەفسەرانی ئیسرائیل کەوتوونەتە ناو بۆسەی موجاهیدان و ئامێرە سەربازییەکانیان تێکشکێندراون.
گوتیشی: "ئیسرائیل چەندین جار ئامانجەکانی گۆڕیوە؛ جارێک دەڵێت دەمانەوێت بگەینە لیتانی، جارێک دەڵێت پێشڕەویی سنووردار دەکەین و جارێکی دیکە دەڵێت لە رێگەی ئاگر و وێرانکارییەوە کۆنترۆڵی دەکەین، بەڵام لە ماوەی زیاتر لە 40 رۆژدا نەیتوانیوە رێگری لە گەیشتنی مووشەک و درۆنەکانمان بکات بۆ حەیفا و ناوچەکانی دوای حەیفاش."
ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا باسی لەوەش کرد، کۆکردنەوەی 100 هەزار سەربازی ئیسرائیلی یارمەتییان نادات بۆ داگیرکاری، بەڵکو دەبنە تەرم و پارچەگۆشت.
هەروەها رەخنەی لە هێرشەکانی رۆژی چوارشەممە گرت بۆ سەر بەیرووت، باشوور و ناوچەکانی دیکە و گوتی: "دووژمن بۆ داپۆشینی شکستی مەیدانی، پەنای بۆ تاوانی خوێناوی دژی خەڵکی سڤیل بردووە، بەڵام گەلی لوبنان زۆر لەوە بەهێزترە کە ئەوان بیری لێدەکەنەوە."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، نەعیم قاسم داوای لە بەرپرسانی لوبنان کرد واز لە "سازشی بێبەرامبەر" بهێنن و رایگەیاند: "ئێمە پێکەوە وەک دەوڵەت، سوپا، گەل و مقاومە وڵاتەکەمان دەپارێزین و سەروەرییەکەی بۆ دەگێڕینەوە و داگیرکەر دەردەکەین. هەڕەشە و چەکەکانیان نامانترسێنێت، چونکە ئێمە خاوەنی خاکەکەین."
ئەم پەیامەی نەعیم قاسم لە کاتێکدایە کە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا پێی ناوەتە 40ـەمین رۆژی خۆیەوە. ئیسرائیل لەم ماوەیەدا زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی سەختی بۆ سەر لوبنان ئەنجامداوە کە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 1800 کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە ملیۆنێک هاووڵاتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ