شاندی ئەمریکا و ئێران بەرەو ئیسلامئاباد؛ دانوستاندنێکی چارەنووسساز

 
رووداو دیجیتاڵ 

پێش دەستپێکردنی گفتوگۆ چاوەڕوانکراوەکانی ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان لەنێوان شاندەکانی ئەمریکا و ئێران بۆ رێککەوتنێکی کۆتایی بۆ راگرتنی جەنگ، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "چاوەڕێی دانوستاندنەکان لەگەڵ ئێران دەکەم و پێموایە بونیادنەر دەبن."
 
جەی دی ڤانس، پێش فڕینی فڕۆکەکەی لە واشنتن، بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "ئەگەر ئێرانییەکان ئامادەبن بە نیازپاکی دانوستاندن بکەن، ئێمە بە دڵنیاییەوە ئامادەی پێشکێشکردنی هەموو پشتگیرییەکین، بەڵام ئەگەر هەوڵی یاریپێکردنمان بدەن، ئەوا دەبینن کە تیمی دانوستاندنکار وەڵامدەر نابێت."
 
جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان هەوڵدەدەن دانوستاندنەکان ئەرێنی بن، بەڵام روونی کردەوە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رێنمایی زۆر روون و تووندی سەبارەت بە دانوستاندنەکان پێداون.
 
جەی دی ڤانس، سەرۆکایەتیی شاندی وڵاتەکەی دەکات کە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەت و جارید کۆشنەر، راوێژکاری دۆناڵد ترەمپیشی تێدایە.

 

 
گەیشتنی شاندی ئێران
 
تاوەکو ئێستا زانیاریی فەرمی و پشتڕاستکراوە نییە سەبارەت بە گەیشتنی شاندەکەی ئێران کە محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان سەرۆکایەتیی دەکات و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەشی تێدایە، بەڵام میدیای پاکستان گەیشتنی شاندەکەی ئێرانیان بۆ مەبەستی دانوستاندنەکان پشتڕاستکردووەتەوە. 
 
بڕیارە دانوستاندنە سەرەکییەکانی نێوان تاران و واشنتن سبەی شەممە بەڕێوەبچن.
 
دانوستاندنی راستەوخۆ و رووبەڕوو
 
سەرچاوە حکومییەکانی پاکستان کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت رایانگەیاندووە، هەردوو شاندەکە دانوستاندنی "راستەوخۆ" دەکەن بە ئامانجی گەیشتن بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی. 
 
ئاماژەیان بەوەش کردووە، رەنگە گفتوگۆکان زیاتر لە رۆژێک بخایێنن.
 
ئەو سەرچاوانە روونیان کردووەتەوە کە کۆبوونەوەکان لەژێر رێکاری تووندی ئەمنیدا و بە پارێزگاریی سوپای پاکستان بەڕێوەدەچن. 
 
هەروەها هیچ کاتێکی دیاریکراو بۆ کۆتاییهاتنی دانوستاندنەکان نییە و تێیدا گفتوگۆی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەنێوان هەردوو شاندەکەدا دەبێت.
یەکێک لە سەرچاوەکان گوتی: "هەردوولا رووبەڕوو کۆدەبنەوە، هەروەها گفتوگۆی جیاوازیش لەگەڵ لایەنی پاکستانی دەکەن." 
 

ئاماژەی بەوەش کرد، رەنگە بەهۆی ئاڵۆزیی بارودۆخەکەوە گفتوگۆکان "چەند رۆژێک" بخایێنن. سەرچاوەیەکی دیکەش دەڵێت، رەنگە دانوستاندنە راستەوخۆکان بەهۆی نیگەرانییە ئەمنییەکانەوە لە 2 بۆ 3 رۆژ زیاتر نەبن.
 
رۆڵی پاکستان لە نێوەندگیریدا
 
شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان و عاسم مونیر، سوپاسالاری ئەو وڵاتە، ماوەی چەند هەفتەیەکە بەشداری لە هەوڵە دیپلۆماسییە چڕەکاندا دەکەن بۆ راگرتنی شەڕێک کە دەکرێت ببێتە هۆی ناسەقامگیریی زیاتر لەسەر سنوورەکانی رۆژئاوای پاکستان لەگەڵ ئێران و ئەفغانستان. 
 
میدیای پاکستان دەڵێت: کاتێک بەرپرسانی پاکستان رۆژی شەممە واشنتن و تاران لەسەر مێزی دانوستاندن کۆدەکەنەوە، هەوڵدەدەن گفتوگۆکان بەرەو رێککەوتنێکی هەمیشەیی ئاراستە بکەن.
 
راگرتنی هێرشەکانی سەر لوبنان بە "پێداگریی ئێران"
 
لە چەند رۆژی رابردوودا بەیرووت رووبەڕووی زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی سەختی ئیسرائیل ببووەوە، کە زیانی گیانی و مادیی زۆری لێکەوتەوە و تاران رایگەیاندبوو بەردەوامیی ئەو هێرشانە کاریگەریی نەرێنی لەسەر پرۆسەی دیپلۆماسی دەبێت.
 
ئەمڕۆ هەینی، میدیای فەرمی ئێران لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنیی وڵاتەکەیەوە بڵاویکردەوە، بە پێداگریی ئێران رژێمی زایۆنی ناچارکراوە هێرشەکانی بۆ سەر بەیرووت رابگرێت.
 
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوە ئەمنییە، ئێران پێشتر هەڕەشەی ئەوەی کردبوو ئەگەر هێرشەکان بۆ سەر بەیرووت رانەگیرێن، تاران بەشداری لە دانوستاندنەکانی ئیسلام ئاباد لە پاکستان ناکات.
 
ئەم دانوستاندنە مێژووییە دوای پەرەسەندنێکی سەربازیی تووند دێت کە زیاتر لە مانگێکی خایاند، تێیدا ئەمریکا و ئێران هێرشی مووشەکی و ئاسمانیی تووندیان کردە سەر یەکدی و تاران تەنگەی هورمزی داخست.
 
رۆژی سێشەممەی رابردوو، هەردوولا لەسەر ئاگربەستێکی کاتی بۆ ماوەی 2 هەفتە رێککەوتن بۆ ئەوەی دەرفەت بە دانوستاندنە سیاسییەکان بدەن.