ئێران دوو مەرج بۆ دەستپێکردنی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا دەخاتەڕوو
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێ، تاوەکو ئەو کاتەی دوو خاڵی بنچینەیی جێبەجێ نەکرێن، تاران دەست بە دانوستاندن ناکات. مەرجەکانیش بریتین لە راگرتنی شەڕ لە لوبنان و ئازادکردنی پارە سڕکراوەکانی ئێران.
محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا مەرجەکانی وڵاتەکەی بۆ دەستپێکردنی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا خستەڕوو.
قالیباف نووسیویەتی: "دوو لەو هەنگاوانەی هەردوولا لەسەریان رێککەوتوون، هێشتا جێبەجێ نەکراون: ئاگربەست لە لوبنان و ئازادکردنی سەرمایە بلۆککراوەکانی ئێران پێش دەستپێکردنی دانوستاندنەکان."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بە تووندی جەختی لەسەر هەڵوێستی وڵاتەکەی کردەوە و دەڵێت: "پێویستە ئەم دوو بابەتە پێش دەستپێکردنی دانوستاندنەکان جێبەجێ بکرێن."
ئەم لێدوانەی قالیباف لە کاتێکدایە، بڕیارە شاندەکانی ئەمریکا و ئێران لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان کۆببنەوە بۆ دانوستاندن لەسەر راگرتنی ئەو جەنگەی لە 28ـی شوباتی رابردووەوە دەستیپێکردووە.